Accessibility links

سەرۆک بایدن و سەرۆکی ئەفریکای باشوور بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئۆکرانیا و بازرگانی و کەشوهەوا کۆدەبنەوە


بڕیارە ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سیریل ڕامافۆسا سەرۆکی ئەفریکای باشوور کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، پرسەکانی کەشوهەوا و بازرگانی و چەندین پرسی دیکە.

ڕامافۆسا لەنێو ئەو سەرکردانەی ئەفریکایە کە لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە هەڵوێستی بێلایەنیان پاراستووە، ئافریکای باشوور لە دەنگدانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان بەدوور گرت لەوەی کە ئیدانەی کارەکانی ڕووسیا دەکات و داوای یەکلاییکردنەوەی نێوەندگیری دەکات.

وەزیری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەفریکای باشوور نالیدی پاندۆر ڕایگەیاند ڕامافۆسا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن و لە گفتوگۆی جیادا لەگەڵ کامالا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەخت لەسەر پێویستی دیالۆگ دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

پاندۆر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پرسە دەبێتە جێگەی سەرنجی باشووری ئافریکا کاتێک هەفتەی داهاتوو بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات.

پاندۆر گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت پرۆسەی دیپلۆماسی لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا دەستپێبکرێت و پێمانوایە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت سەرکردایەتی بکات، بە تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان."

سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG