Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە ئەگەری گەڕانەوەی شەڕێکی گەورەتر لە سوریا


پاولۆ سێرجیۆ پینهیرۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سوریای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان
پاولۆ سێرجیۆ پینهیرۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سوریای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هۆشداری داوە کە شەڕی 11 ساڵەی سوریا لەسەرهەڵدانەوەدایە، جارێکی دیکە مەترسی گەڕانەوە لە ئارادایە بۆ شەڕێکی بەرفراوان دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە چەندین هێڵی پێشەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا شەڕ هەڵگیرساوە.

پاولۆ سێرجیۆ پینهیرۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سوریای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "سوریا توانای ئەوەی نییە بگەڕێتەوە بۆ شەڕێکی گەورەتر، بەڵام لەوانەیە بەرەو ئەوە بڕوات."

سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ملیۆنان کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون لەو کاتەوەی کە ناڕەزایەتییەکان دژ بە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011 دا پەرەی سەند و بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی کە زلهێزە بیانییەکانی ڕاکێشا و سوریا دابەشبوو بەسەر چەند ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراودا.

شەڕ و پێکدادانەکان لە ساڵانی ڕابردوودا کەمبۆوە دوای ئەوەی ئێران و ڕووسیا یارمەتی ئەسەدیان دا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی لە 70٪ ی خاکی سوریا، ئەمەریکاش پاڵپشتی شەڕڤانە کوردەکانی کرد کە شکستیان بە چەکدارانی داعش هێنا و تورکیاش ناوچەیەکی دابڕێنراوی لە نزیک سنوورەکانی کۆنتڕۆڵکرد. بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ئێستا گۆڕەپانەکانی نێوان ناوچە جیاوازەکان درزیان تێکەوتووە و جارێکی دیکە بارودۆخەکە تاویسەندۆتەوە.

پینهیرۆ لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئێمە لە کاتێکدا لە بیری ئەوەدابووین کە شەڕەکە بە تەواوەتی لە سوریا تەواو بووە، ،بەڵام ئەو ڕووداوانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا بەڵگەیان لەسەر کراوە سەلماندوویانە کە ئەمە وا نیە."

ڕاپۆرتەكە كە 50 لاپەڕەیە دەریخستووە كە "پێشێلكارییە قورسەكانی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ و یاسا مرۆییەكان" لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیادی كردووە."

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، شەڕ و بۆردومانی ئاسمانی لە باكوری ڕۆژهەڵات و باكوری ڕۆژئاوای وڵاتەكە ڕوویانداوە و دەیان هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و دەستڕاگەیشتن بە خۆراك و ئاو سنووردار بووە.

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا، کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەسازی کردووە سەبارەت بە کوژرانی سەرکردەکانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن، هەڵکوتانە سەر ماڵەکان، بەردەوامبوونی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا.

هانی مێگالی، کۆمیساریای ڕووسیا ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر پەرەی سەندووە.

مێگالی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "ئێمە ئەوە دەبینین کە توندوتیژی لە زیادبووندایە."

هەروەها زیاتر لە دەیان هێرشی ئیسرائیل لە سەرانسەری سوریا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا کراوە بە بەڵگە، لەنێویاندا هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق کە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە شوێنەکەی لە کارخست.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ئاشکرای کرد لەو ماوەیەدا نەیتوانیوە یارمەتی مرۆیی بۆ سوریا بنێرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG