Accessibility links

ئەمەریکا ڕێگە بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەدات گەشت بکات بۆ کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی ڕووسیا دەڵێت ئەمەریکا ڤیزای داوە بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ تاوەکو گەشت بکات بۆ نیویۆرک و ئامادەی کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕابەرانی جیهان بێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەپێی نامەیەک کە لە 2 ی مانگی نۆدا باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا ڕادەستی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشی کردووە، مۆسکۆ داوای 56 ڤیزای کردووە. سەرچاوە دیبلۆماتییەکەی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە وتی ئەمەریکا تەنها 24 ڤیزای پەسەند کردووە.

نیبینزیا لە نامەکەیدا ئاماژەشی بەوەداوە ستافی گەشتە ئاسمانییەکەی لاڤرۆڤ هێشتا ڤیزایان وەرنەگرتووە. هێشتا ڕوون نیە کە ئایا ئەمەریکا ڤیزای داوە بە ستافی گەشتە ئاسمانیەکەی لاڤرۆڤ یاخود ئایا لاڤرۆڤ بە گەشتی ئاسمانی ئاسایی گەشت دەکات بۆ نیویۆرک یاخود نا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە. کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 20 ی مانگی نۆدا دەست پێدەکات.

بەپێی ڕێکەوتنی ساڵی 1947 ی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکا بە گشتی دەبێت هاتنی دیبلۆماتکارە بیانییەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند بکات. بەڵام واشنتن دەڵێت بەهۆی هۆکاری ئاسایش و تیرۆر و هۆکارەکانی دیکەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە دەتوانێت پێدانی ڤیزا بە دیبلۆماتکاران ڕەت بکاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەمەریکادا قسە دەکات سەبارەت بە پێدانی ڤیزا بە ڕووسییەکان.

ڕۆژی سێشەممە کرێملن گوتی ئەمەریکا " بەرپرسیارێتییەکانی پێشێل دەکات " بەوەی کە ڤیزا نادات بە تەواوی ئەندامانی شاندەکەی ڕووسیا، وتیشی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرپرس دادەنێت لەم بارودۆخە.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا ڕایگەیاند بەرپرسیارێتییەکانی وەکو وڵاتێک کە میوانداری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بە جددی وەردەگرێت و تۆمارەکانی ڤیزاش بەپێی یاسای ئەمەریکا نهێنین، لەبەر ئەوە ناتوانێت لێدوان لەسەر دۆسییە تاکەکەسییەکان بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG