Accessibility links

پارتی و عەرەبی سونە لە نێوان هاوپەیمانێتی و خواست جیایی دا


سەرباری هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر، بەڵام هێشتا هەماهەنگی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و عەرەبی سونە بەردەوامە و هەنگاوە سیاسییەکانیان پێکەوە دەهاوێژن، هەرچەندە گیرۆدەی دەست ناکۆکییە نێوخۆییەکانی شیعەن و هێشتا خۆیان بەلایەکدا بەتەواوەتی یەکلایی نەکردووەتەوە.

پارتی و عەرەبی سونە، کە پێشتر هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ڕەوتی سەدر هەبوو، بەڵام دوای کشانەوەی ئەو ڕەوتە و هاتنە پێشەوەی هاوکێشە سیاسیە نوێیەکان، ئەم دوو هێزە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن، دەیانەوێت هەنگاوەکانیان بە جۆرێک بێت، هیچ لایەک لە دوو لایەنە ڕکابەرەکەی شیعەیان لێ زویر نەبێت.

دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی پێیوایە، پارتی و عەرەبی سونە گیرۆدە بوون بەدەست کێشە نێوخۆییەکانی شیعەوە و دەترسن دارەکە بەسەریاندا بشکێتەوە، وتی"پارتی و عەرەبی سونە هەم لەگەڵ سەدر لەگفتووگۆدان و دەیانەوێ بیهێننەوە نێو یارییەکە، هەم لە گفتووگۆشدان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و دەیانەوێت بەشداری حکومەت بکەن."

دکتۆر سەردار، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"پارتی و عەرەبی سونە نازانن کام لا براوە دەبێت، بۆیە ترسی ئەوەیان هەیە بەلایەکدا بشکێنەوە و لاکەی تر براوە بێت و دواتر گرفتیان بۆ دروست ببێت، یاخود تۆمەتبار بکرێن بە کەرتکردنی نێو ماڵی شیعە، یاریکردنیش لەنێو دوو لایەنە رکابەرەکەی شیعەدا قورسە."

پێشتر چەندین جار شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کە پارتی دیموکرات باڵادەستە تێیدا، موشەک بارانکراوە و پەنجەی تۆمەتیش بۆ هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی درێژکراوە، هەروەها عەرەبی سونەش ترسیان لەوە هەیە لایەنی براوەی شیعە هەوڵی لە قاڵبدانیان بدات و درزەکانی نێویان قوڵتر بکاتەوە.

فەرهاد عەلادین سەرۆکی ئەنجومەنی راوێژکاری عێراقی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"پارتی و عەرەبی سونە دەیانەوێت بەشداری حکومەت بکەن، بەو مەرجەی حکومەتەکە تەوافقی بێت، ئەوان نایانەوێ ببنە بەشێک لە کێشەی نێو شیعە."

پارتی دیموکرات و عەرەبی سونە نایانەوێت لە یەکتری داببڕێن، دەیانەوێت هەماهەنگ بن لەو ئاڵەنگاریانەی لە داهاتوودا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە تایبەت پێشتر لەلایەن هێزە شیعەکانی ڕکابەری سەدرەوە بە هۆکاری ناکۆکی نێو ماڵی شیعە تۆمەتبارکراون.

شوان محەمەد ڕۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی عێراقی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"پارتی زۆر ترسی لەوە نییە لەلایەن براوەی شیعەکانەوە گرفتی بۆ دروستبکرێت، چونکە هەر لایەکیان براوە بێت، ڕەنگە سەرئێشەیەکی کاتی دروست ببێت، بەڵام هەرێم جیایە و خاوەن فاکتەرەکانی بەرگری لەخۆکردنە، بۆیە هیچ لایەک ناتوانێت زیان بە هەرێم بگەیەنێت،ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لە کێشەی نێو ماڵی شیعە."

گوتیشی"شیعەکان مەرجەعیان هەیە و ڕەنگە لەکۆتاییدا بگەنە چارەسەر، بۆیە گەرەنتی پاراستنی دەستور و بنەما دیموکراسی و فیدراڵییەکان بەلای پارتی و سونەوە گرنگە."

پارتی و عەرەبی سونە سەرباری پێکەوە بوونیان، بەڵام خواستەکانیان جیاوازن، پارتی داوای ڕاگرتنی بڕیارەکانی دادگا دژی نەوت و گازی هەرێم و لابردنی فشارەکانی سەری و گۆڕینی سەرۆک کۆمار دەکات، لەکاتێکدا خواستی عەرەبی سونە جیاوازترە و ترسی لە تۆڵە لێکردنەوەی هەیە لەلایەن لایەنی براوەی شیعەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:04 0:00
XS
SM
MD
LG