Accessibility links

کارگوزارانی کەرتی تەندروستی هەڵەبجە نیگەرانن لە پێنەدانی شەش مانگ لە مووچەکانیان


ماوەی شەش مانگە کارگوزارانی نەخۆشخانەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەوهۆیەوە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و دەرگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەیان داخست، داوایان لە وەزارەتی دارایی و تەندروستی حکومەتی هەرێم کرد هەست بە ژیان و گوزەرانیان بکەن کە قەرزێکی زۆریان کردووە و لە دۆخێکی ئابوری سەختدا دەژین .

کاروان جەزا کارگوزارە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ژیانمان زۆرخراپە و بەشێکمان کرێچین و هەندێکمان قەرزاری مارکێتەکانین، 300 هەزار دینارمان پێ ڕەوانابینن، شەش مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، دوای تەواو بوونی گرێبەستی کۆمپانیا خراوینەتە سەر بەڕێوبەرایەتی بەڵام تا ئێستا مووچەمان پێنەدراوە."

ئیسماعیل مووسا وەهاب لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " 166کرێکار و 6 چاودێرین و شەش مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، زەختێکی زۆرمان لەسەرە لەسەر ئەو قەرزانەی کە هاتوونە سەرمان، لە هەولێر هاوپیشەکانمان مووچەکان وەردەگرن، بۆ لەم سنورە وەرناگیرێت."

سنور حامید جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕایگەیاند" ئەو نوسراوەی کە پەیوەست بوو بە مووچەی ئەم کارگوزارانە بە هەڵە هاتووەتەوە، ئێمە ڕاستمان کردووەتەوە و بۆمان ناردووەتەوە، ئەو سیستەمەی کە ئێستا کراوە بۆ ئۆنلاین لەبری خێراکردنی کارەکان، کارەکانی خاوکردوەتەوە، هیوادارین ئەمڕۆ مووچەکانیان وەربگرن."

حکومەتی هەرێمی کوردستان 166 کارگوزار و 6 چاودێری لە ڕێگەی کۆمپانیایەکەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە دابینکردووە، بەڵام دوای تەواوبوونی گرێبەستی کۆمپانیاکە، گرێبەستەکە نوێنەکراوەتەوە و کارەکانیان لە کۆمپانیاوە گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لەو کاتەوە تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە .

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:26 0:00

XS
SM
MD
LG