Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ناوچە وێرانبووەکانی پاکستان دەکات


ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە سەردانی چەند ناوچەیەکی پاکستانی کرد کە بەهۆی لافاوەوە وێران بوون، داوای زیادکردنی پشتیوانی دارایی جیهانی کرد لە کۆتایی گەشتێکی دوو ڕۆژەدا کە ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لە کارەساتەکە.

بارانبارینی زۆر و توانەوەی سەهۆڵبەندان لە چیاکانی باکور لافاوێکی زۆری دروستکردووە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار و 391 کەس، لە کاتێکدا ماڵەکان، ڕێگاوبان، ڕێڕەوی شەمەندەفەر و پردەکان وێران بوون، تەنانەت ئاژەڵەکان و بەروبوومیشی گرتۆتەوە.

پاکستان زیانەکانی بە 30 ملیار دۆلار مەزەندە دەکات و هەریەک لە حکومەت و گوتێرێس لافاوەکە بە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا دەزانن.

گۆتێرێس لە کۆتایی سەردانەکەیدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ پاکستانە، سبەی دەشێ وڵاتەکەت بێت لە هەر شوێنێک بژیت. ئەمە قەیرانێکی جیهانییە، پێویستی بە وەڵامدانەوەی جیهانی هەیە."

ناوچە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتە هێشتا لە ژێر ئاودان و سەدان هەزار کەسیش بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. حكومه‌ت ڕایگه‌یاند كه‌ ژیانی نزیكه‌ی 33 ملیۆن كه‌س تێكچووه‌.

سەرەڕای ئەوەش دانیشتووان و کارمەندانی تەندروستی نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە تووشی هەوکردنی گەدە، ڕیخۆڵە و نەخۆشی دیکە دەبن، زۆرێکیان ناچارن ئاوی پیسبووی لافاو بخۆنەوە.

دوای ئەوەی بەسەر بەشێکی فراوانی زەوییە لافاواوییەکاندا فڕی، گۆتێرێس چاوی بەو کەسانە کەوت کە بەهۆی لافاوەوە لە باشووری پاکستان ئاوارە بوون.

لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گۆتێرێس گوتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بە کاری زیاتر هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، سەرەتا لە پاکستانەوە دەستپێدەکات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG