Accessibility links

ڤۆن دێر لین دەڵێت یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری کەمکردنەوەی نرخی گازی ڕووسیا دەکات


سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین دەڵێت کۆمسیۆن پێشنیاری کەمکردنەوەی نرخی گازی ڕووسیا دەکات، هاوکات پێشنیاری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکەی کردووە، لەوانەش کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لە یەکێتی ئەوروپا.

لە کاتێکدا ڕووسیا ئەو بڕە گازەی کە دەینارد بۆ ئەوروپا ڕایگرت، نرخەکانی سوتەمەنی و کارەبا لە ئەوروپادا بەرزبوونەوە، ڕابەرانی ئەوروپاش مۆسکۆیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بەکارهێنانی وزە وەکو چەک دژی ئەوروپا. ڕووسیاش دەڵێت ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازەکە بۆ ئەوروپا بەهۆی کێشەی تەکینیکی و ئەو سزایانەی ڕۆژئاواوەیە کە سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا.

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین گوتی " پێشبینی کەمکردنەوەی نرخی گازی ڕووسیا دەکەین، دەبێت داهاتەکانی ڕووسیا ببڕین کە پوتن بۆ پشتیوانیکردنی دارایی کردەوە دڕندانەییەکانی لە ئۆکرانیا بەکارییان دەهێنێت."

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گوتی ئەگەر ئەوروپا نرخەکان کەم بکاتەوە ئەوا ڕووسیا چیتر گاز و نەوت ڕەوانەی ئەوروپا ناکات.

هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە پێویستن بۆ پەسەندکردنی پێشنیارەکە، ئاگادارن سەبارەت بە کەمکردنەوەی نرخی گازی ڕووسیا بەتایبەتی لە کاتێکدا ئەگەر ئەو کەمکردنەوەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو گازەی لە ڕووسیاوە وەریدەگرن بکەوێتە مەترسییەوە.

کۆمسیۆن دەڵێت کەمکردنەوەی نرخەکان مانای ئەوەیە وڵاتانی یەکێتییەکە بەردەوام دەتوانن ئەو گازەی ڕووسیا بکڕن کە لەڕێی بۆرییەکانی گازەوە پێیان دەگات، بەڵام نابێت نرخەکان لەوە زیاتر بن کە دیاری دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG