Accessibility links

بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەربارەی دابەشکردنی نەوت بەسەر ماڵان و هۆکاری گرانی نرخی نەوت و غاز قسە دەکات


سەرکۆ گەڵاڵی

سەرکۆ ئازاد بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان)، ڕایدەگەیەنێت "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێنییان پێداوین وە پێشییان وتین بۆ ئەمساڵ پلانی دابەشکردنی نەوتی سپیمان بەسەر ماڵاندا هەیە بە شێوازێکی دادپەروەرانە بەسەر هەموو ناوچەکاندا، بەڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ وه‌كو چۆن ساڵه‌كانی ڕابردووش به‌ڵێنیان دا و نه‌یانبرده‌سه‌ر ئه‌مساڵیش هەر به‌و جۆرە بێت، دەربارەی گرانی نرخی نەوتی سپی و کەمی غازی ماڵان، بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەڵێت" بازرگانه‌كان هه‌موو كاتێک بازاڕیان قۆرخكردووه‌، ئه‌و بازرگانانه‌ش کە بازاڕایان قۆرخکردوە یاری بە نرخەوە دەکەن کۆمپانیا حیزبیە زەبەلاحەکانیان لە پشتیانەوەن بۆیە قۆرخکاریەکە باڵایە و پێویست ده‌كات وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ته‌داخول بكات وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، به‌بڕوای ئێمه‌ ئه‌گه‌ر چاودێری بکرێت و چەند ڕێکارێکی تر جێ بەجێ بکرێت ئەوا نرخی نه‌وت داده‌به‌زێت و کێشەی غاز چارەسەر دەکرێت . "


" له ‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی ئاینده‌دا لیژنه‌ سه‌ردانی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌كه‌ین "

لە سەرەتای قسەکانیدا بڕیاردەری لیژنەی بریاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی سەبارەت بە کێشەی سوتەمەنی وتی" دوای ئه‌وه‌ی وه‌زیری كاره‌با به‌ وه‌كاله‌ت وەک وەزیری سامانە سروشتتیەکان ده‌ستبه‌كاربوو،‌ ئێمه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵدا كرد له ‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، چونكه‌ لیژنەکە(لیژنەی سامانە سروشتییەکان)‌ داوایكردووه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتیه‌كان ‌بكه‌ین، له‌گه‌ڵ بریكاری وه‌زاره‌ت و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر گشتیه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ گرێبه‌ستی بابه‌تی غازه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ نه‌وتی سپی كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌هاوڵاتیان، به‌ڕێز وه‌زیر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌موو داتاكان بۆ لیژنه‌ ئاماده‌بكه‌ن، ئێمەش له ‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی ئاینده‌دا وەک لیژنه‌ سه‌ردانی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌كه‌ین. "

" هۆکاری دروستبوونی کێشەی غازی ماڵان"

بۆچی قه‌یرانی غاز دروستبووه‌ ئێستا؟

لە وەڵامدا سەرۆکۆ ئازاد دەڵێت"كێشه‌ی غاز ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا له‌دابینكردنی غازدا هه‌زار ته‌ن غازی ماڵان LPG دابین ده‌كرا و 700 ته‌نی به‌حكومی ده‌فرۆشرێت ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ 6750-7000 دینار ده‌گه‌یشته‌ ده‌ستی هاوڵاتیان، وه‌ 300 هه‌زاریشی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی له‌گه‌ڵ (دانه‌غاز) دا ڕێككه‌وتنی كرد گرێبه‌ستی كردووه‌ ئه‌وا ده‌توانێت به ‌بازرگانی بیفرۆشێته‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌مان له‌وه‌دایه‌ بۆ نموونه‌ بۆ سلێمانی 250 ته‌ن غازیان دابین كردووه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو، كه‌ گرانبوو خواستی سلێمانی پێویستی به‌نزیكه‌ی 450 ته‌ن غاز هه‌یه‌، پارێزگای هه‌ولێریش به‌هه‌مان شێوه‌ پێداویستیه‌كانیان دابین ناكرێت، یه‌كێک له‌كێشه‌كان ئه‌و ڕێژه‌ كه‌مه‌یه‌ له‌ غاز، دووه‌م، له‌ كاتی دابینكردنی غازی حكومیدا هیچ چاودێرییه‌ک نییه‌ هه‌م له‌سه‌ر كۆمپانیا هه‌م له‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی كه‌ غاز دابه‌شده‌كه‌ن یان ئه‌و كارگه‌ی غازانه‌ دواتریش دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا، بۆیه‌ ئێمه‌ زۆر به‌ڕوونی و به‌ڕاشكاوی وه‌كو ئه‌ركی چاودێریكردنی خۆمان داوامانكردووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان بتوانرێت ته‌نده‌رینی غازه‌كه‌ بكرێت به‌پێی ئه‌و ماددانه‌ی كه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی تێدایه‌ پێویست ده‌كات ته‌نده‌رین بكرێت، به‌ڵام وه‌كو ده‌زانین دووساڵه‌ درێژده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ ئێستا به‌ده‌ستیه‌تی. "

" ئەگەر چاودێری نەکرێت بەدڵنیاییەوە کێشەی غاز بەردەوام دەبێت"

بریاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی سەبارەت بە کێشەی سوتەمەنی دەشڵێت"‌ ئه‌گه‌ر چاودێری نه‌كرێت و به‌عه‌داله‌تی دابه‌شنه‌كرێت وە چاودێری كارگه‌كانی غاز و كۆمپانیا نه‌كرێت، به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه کێشەی غاز ‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌رمان ئاماده‌كردووه‌ و ده‌یدەین‌ به‌ وه‌زراه‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان هه‌ماهه‌نگ ده‌بین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌زستاندا دروست نه‌بێته‌وه‌ وه‌كو ساڵی پار كه‌ هه‌بوو، چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ژیانی هاوڵاتیانه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كی سه‌ره‌تاییه‌ بۆ هاوڵاتیان، وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پێشتر به‌ڵینی دابوو كه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات بۆماوه‌یه‌كی كاتی چاره‌سه‌ركرا، به‌ڵام دیسان سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌مجاره‌ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بكرێت. "

" ئێستا ترسەکە ئەوەیە .... "

سەرۆکۆ ئازاد جەختی لەوەشکردەوە، کێشەی غاز بە تەنها سلێمانی نەگرتۆتەوە بەڵکو هەولێریشی گرتۆتەوە، لەو ڕووەوە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" له‌ هه‌ولێریش به‌هه‌مان شێوه‌ به ‌بازرگانی ده‌فرۆشرێت، ئێستا ترسه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و 300 ته‌نه‌ زیاد بكرێت بۆ 500 ته‌ن هی حكومیه‌كه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ و هی بازرگانی زیادبكرێت، ده‌بێت ڕێگری بكرێت له‌وه‌ی ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌ پێویست ده‌كات ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ بازرگانی ده‌درێت به ‌كۆمپانیا له ‌ناوشاردا به‌بازرگانی بفرۆشرێته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ هیچ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ دروست نابێت و ده‌توانرێت چاره‌سه‌ر ببێت. "

"ئایا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مساڵ به‌نیازه‌ نه‌وتی سپی دابه‌ش بكات به‌سه‌ر ماڵاندا؟"

لە وەڵامدا بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکان(سەرکۆ ئازاد) وتی" ئه‌وه‌ی كه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كاندا كردووه‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌یانداوه‌ كه‌ پلانیان هه‌یه‌ و پلانه‌كانیشیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ ئه‌وكاته‌ی كه‌ لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان سه‌ردانیان ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی به ‌ئێمه‌ ڕابگه‌یه‌نن كه‌ چۆن نه‌وتی سپی دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌شێوازیک بێت كه‌ عه‌داله‌تی هه‌بێت، چونكه‌ ماوه‌ی چوار ساڵه‌ ناوه‌ندی شاره‌كان نه‌وتی سپیان وه‌رنه‌گرتووه‌ یان كاتێک وه‌ریانگرتووه‌ سه‌رمای زستان كۆتایی پێهاتووه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌بێت به‌شێوازێک بێت كه‌ عه‌داله‌تی تێدابێت، هەروەها حكومه‌ت پابه‌ندبكرێت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و 258 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپیه‌ دابین بكات، ئێستا پاڵاوگه‌ی لاناز كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌توانرێت پێداویستیه‌كانی ناوخۆی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان دابین بكات ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی بۆ دابین بكات. "

سەرۆکۆ ئازاد هەرچەندە باسی لە بەڵێنی حکومەتی هەرێم کرد بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا، بەڵام گومانی خۆی نەشاردەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە، لەو ڕووەوە بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکان وتی" كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ وه‌كو چۆن ساڵه‌كانی ڕابردووش به‌ڵێنیاندا و نه‌یانبرده‌سه‌ر ئه‌مساڵیش به‌ڵێنیانداوه‌ كه‌ نه‌وت بۆ هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی كۆبۆن دابه‌ش بكرێت. "

"حکومەتی هەرێم پەنجا هەزار دیناری زیاتر دەخاتە سەر"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ده‌وترێت له‌چله‌ی هاویندا نرخی به‌رمیلێک نه‌وتی سپی به‌ 240 هه‌زار دینار بووه‌ ئایا به‌ڕای به‌ڕێزتان ئه‌م نرخه‌ داده‌به‌زێت، وه‌ پلانی حكومه‌ت چییه‌ بۆئه‌وه‌؟
سەرۆکۆ ئازاد وتی" ئێستا له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ پاڵپشتی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییانه‌ ده‌كات پاڵپشتی ئه‌وه‌ده‌كات نرخی نه‌وتی ماڵان بهێنرێته‌ خواره‌وه‌ كه‌ بۆنموونه‌ بۆ لیترێک 450 دیناره‌ نزیكه‌ 35-36 هه‌زار دینار ده‌كات، ته‌سه‌ورده‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی 50 هه‌زار دینار زیاتر ده‌خاته‌سه‌ری كه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ 90 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت، چونكه‌ ساڵی پار به‌هه‌مان شێوه‌ وایانكرد له‌حكومه‌تی عێراقیان وه‌رده‌گرت و پاره‌ی كرێی و گواستنه‌وه‌كانیشیان ده‌خسته‌سه‌ر هاوڵاتیان، ته‌نها ڕێگه‌چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌نه‌وتی خاو دابین بكات بۆ پاڵاوگه‌ ناوخۆییه‌كان هه‌م بۆ پاڵاوگه‌ی قه‌یوان هه‌م پاڵاوگه‌ی لاناز و پاڵاوگه‌ی كار كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌م پاڵاوگانه‌ ده‌توانن پێداویستیه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ن. "

واته‌ ئه‌گه‌ر ئەمساڵ نه‌وت دابه‌شبكرێت به‌سه‌ر ماڵاندا به‌رمیلی به‌ 90 هه‌زار دینار ده‌بێت؟
لە وەڵامدا سەرۆکۆ ئازاد وتی" به‌ڵێ چونكه‌ به‌پێی ساڵی ڕابردوو ده‌ڕۆن ئه‌و زانیاریه‌مان هه‌یه‌. "

دەربارەی هۆکاری گرانی نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکۆ ئازاد دەڵێت" له‌به‌رئه‌وه‌ی بازرگانه‌ چاوچنۆكه‌كانی بواری نه‌وت ئه‌وانه‌ی بازرگانی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ ناهێڵن به‌وشێوازه‌ نرخه‌كه‌ی دابه‌زێت ده‌یانه‌وێت به ‌بازرگانی بیفرۆشنه‌وه‌ به‌هانه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نرخی نه‌وت به‌رزه‌ له‌جیهاندا، به‌ڵام ئه‌وكاته‌شی نه‌وت به‌ 30 دۆلار بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر نه‌یتوانی نه‌وتی سپی بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، بازرگانه‌كان هه‌موو كاتێک بازاڕیان قۆرخكردووه‌ ئه‌و بازرگانانه‌ش کە بازاڕایان قۆرخکردوە یاری بە نرخەوە دەکەن کۆمپانیا حیزبیە زەبەلاحەکانیان لە پشتیانەوەن بۆیە قۆرخکاریەکە باڵایه‌ و پێویست ده‌كات وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ته‌داخول بكات وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، به‌بڕوای ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێكارانه‌ بگیرێته‌به‌ر نرخی نه‌وت داده‌به‌زێت . "

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:58 0:00

XS
SM
MD
LG