Accessibility links

دادگای تورکیا بڕیاردەدات سیاسەتمەدارێکی لایەنگری کورد بە تۆمەتی تیرۆر زیندانی بکرێت


پۆلیسی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، دادگای تورکیا بڕیاریدا بە زیندانیکردنی پێش دادگاییکردنی پەرلەمانتارێکی لایەنگری کورد بە تۆمەتی تیرۆر، لە کاتێکدا پارتەکەی ئەو دەستبەسەرکردنەی بە نایاسایی و ناپەسەند ناوبرد.

پارێزبەندی لەسەر سەمرا گوزەل، ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمانی تورکیا هەڵگیرا، دوای ئەوەی وێنەیەکی، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر گرتبووی، لەگەڵ چەکدارێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە میدیاکانی تورکیا بڵاوبووەوە. دواتر فەرمانی دەستگیرکردن بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بۆ دەرچوو.

پۆلیسی ئیستەنبوڵ ڕایگەیاندووە کە گوزەل ڕۆژی هەینی لە ئیستەنبوڵ ڕاگیراوە، و لە درەنگانی ڕۆژی شەممەدا دادگا بڕیاریدا بە زیندانیکردنی تا کاتی دادگاییکردنی.

ڤیسی عیشکی، پارێزەری گوزەل، باسی لەوە کرد کە ئەو تۆمەتەی ئاراستەی گوزەل کراوە بێ بنەمایە، و بە درێژەپێدەری ئەو کارەیە کە بە وتەی خۆی بە "ئۆپەراسیۆنی جینۆسایدی سیاسی" دژ بە هەدەپە ناوی بردووە.

عیشکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "کەسێک سەردانی ناسیاوێکی لە کەمپی رێکخراوی (پەکەکە) بکات، مانای تاوانی ئەندامێتی لە رێکخراوێکی (تیرۆریستی) ناگەیەنێت."

پارتی داد و گەشەپێدانی سەرۆک تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانە ناسیۆنالیستەکانی زۆرجار هەدەپە بە باڵی سیاسی پەکەکە تۆمەتبار دەکەن. لە ساڵانی ڕابردوودا هەزاران ئەندامی هەدەپە لەسەر تۆمەتی هاوشێوە دادگایی کراون. ئەو حیزبە رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرەوە هەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG