Accessibility links

پاسەوانانی سنوور: تەرمی 9 کۆچبەر لە ڕیۆ گراندە لە ویلایەتی تەکساس دۆزرانەوە


بەرپرسانی ویلایەتی تەکساس ڕایانگەیاند، لانیکەم تەرمی نۆ کۆچبەریان دۆزیووەتەوە، دوای ئەوەی دەیان کەس هەوڵی پەڕینەوەیەکی مەترسیداریان داوە لە نزیک دەروازەی ئیگل لە ویلایەتی تەکساس.

گومرگی ئەمەریکا، پاراستنی سنوورەکان و بەرپرسانی مەکسیک ڕۆژی پێنجشەممە تەرمی ئەو کۆچبەرانەیان دۆزیوەتەوە، لەکاتێکدا ڕووبەرووی گروپێکی گەورەی کۆچبەران بوونەتەوە کە هەوڵیان دەدا لە ڕووبارەکە بپەڕنەوە، دوای چەند ڕۆژێک لە بارانبارینی بەخوڕ کە ببووە هۆی بەرزبوونەوە و خێرایی تەوژمی ئاوەکە. بەپێی بەیاننامەیەکی سی بی پی، بەرپرسانی ئەمەریکا شەش تەرمیان دەرهێناوە، تیمەکانی مەکسیکیش سێ تەرمییان دەرهێناوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی ئەمەریکا 37 کەسی دیکەیان لە ڕووبارەکە ڕزگارکردووە و 16 کەسی دیکەیان دەستگیرکردووە، لە کاتێکدا بەرپرسانی مەکسیک 39 کۆچبەریان دەستگیرکردووە. بەرپرسانى هەردوو دیوى سنوورەکە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانییاندا.

سی بی پی ئاماژەی بەوە نەکرد، ئەو کۆچبەرانە خەڵکی چ وڵاتێکن یان لە چ وڵاتێکەوە هاتوون، هیچ زانیارییەکی زیاتریشی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و گەڕان نەخستەڕوو.

کەرتی ئێشکگری سنوور دێل ریۆ، کە دەروازەی هەڵۆ لەخۆ دەگرێت، بە خێرایی بووە بە قەرەباڵغترین ڕاڕەو بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بە نایاسایی. لە مانگی حەوتدا نزیکەی 50 هەزارجار لەو ڕێگەیەوە ڕێگری لە کۆچبەران کراوە، دۆڵی ڕیۆ گراندیش دوای نزیکەی 35 هەزار جار لە پلەی دووەمدا هات.

سەرچاوە:AP

XS
SM
MD
LG