کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند؛ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لە 28 و29 ی مانگی نۆدا لە واشنتۆن میوانداری سەرکردەکانی وڵاتانی دوورگەکانی زەریای هێمن دەکات، ئەمەش دوایین هەوڵی ئەمەریکایە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکەدا کە چین زیاتر پەلیان بۆ دەهاوێژێت.
كۆشكی سپی له پهیامێكدا ڕایگهیاند؛ کۆبوونەوە لوتكەییەكه ڕهنگدانهوهی "فراوانكردن و قووڵكردنهوهی هاوكارییهكانی ئهمەریكا دهبێت له پرسه سهرهكییهكانی وهك گۆڕانی كهشوههوا، وهڵامدانهوهی پهتاكه، بوژانهوهی ئابوری، ئاسایشی دهریای، پاراستنی ژینگه و پەرەپێدانی هیندۆ-پاسیفیكێكی ئازاد و كراوه."
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە کۆشکی سپی 12 وڵاتی دوورگەکانی زەریای هێمنی بانگهێشت کردووە، لەنێویاندا دوورگەکانی سۆلۆمۆن، کە لە مانگی 4 دا پەیمانێکی ئاسایشییان لەگەڵ چیندا ئەنجامداوە، ئەمەش نیگەرانی واشنتۆنی لە پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی پەکین زیاتر کردووە.
دوورگەکانی سۆلۆمۆن کە لە ساڵی 2019 دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایواندا گۆڕی کە چین بانگەشەی سەندنەوەی دەکات، خاڵێکی سەرەکییە لە پەرەسەندنی کێبڕکێی نێوان چین و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە.
هەروەها دەوڵەتانی فیدراڵی مایکرۆنیسیا، کیریباتی، پاپوای نیوگینیا، ڤانواتۆ، سامۆا، تۆنگا و فیجی بانگهێشت کراون، هەروەها دوورگەکانی مارشال، ناورۆ، پالاو و توڤالو کە تایوان لەنێو 14 هاوپەیمانی دیپلۆماسی خۆیدا هەژماری کردوون.
کۆشکی سپی وردەکارییەکانی نەخستووەتەڕوو کە کام وڵات ئامادەبوونیان بۆ لوتکەکە پشتڕاست کردووەتەوە، کە وێندی شێرمان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە گەشتێکیدا بۆ ناوچەکە لە مانگی 8 دا وەک کارە بەراییەکان ئاماژەی پێکردبوون.
ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دوورگەکانی زەریای هێمن لە سەردەمی بایدندا چڕکردۆتەوە و چەندین شاندی باڵای فەرمی ڕەوانە کردووە و پلانەکانی بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە لە دوورگەکانی سۆلۆمۆن و کیریباتی و تۆنگا ڕاگەیاندووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بایدن میوانداری سەرکردەکانی دوورگەی زەریای هێمن دەکات لەکاتێکدا چین پەل بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت
