Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێز لە دەرەوەی مزگەوتێکی ئەفغانستان 18 کەس دەکوژرێن


ڕۆژی هەینی بەهۆی ڕوودانی تەقینەوەیەک لە دەرەوەی مزگەوتێک لە شاری هەرات لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان لانیکەم 18 کەس کوژران، کە پیاوێکی ئایینی باڵای لایەنگری تاڵیبان لەنێو کوژراوەکاندایە.

عەبدولنافی تەکۆر، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "18 کەس کوژراون و 23 کەسیش برینداربوون."

مەحموود ڕەسۆلی وتەبێژی پۆلیسی هەرات ڕایگەیاند، موجیب ڕەحمان ئەنساری پیاوی ئایینی لایەنگری تاڵیبان لە نێو کوژراوەکاندا بووە لەگەڵ بەشێک لە پاسەوانەکانی و خەڵکی مەدەنی کاتێک بۆ نوێژی هەینی بەرەو مزگەوتەکە دەچوون.

تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ناوبراو بڵاویکردەوە، 28 کەس کوژراون و 45 کەسیش برینداربوون.

زەبیوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت " پرسە و سەرەخۆشی خۆم بۆ کوژرانی ئەنساری ڕادەگەیەنم." گوتیشی "هێرشبەرەکان بە سزای خۆیان دەگەن."

بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێن، لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، ئاسایشی ئەو وڵاتەیان باشتر کردووە، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین تەقینەوە ڕوویانداوە و بەشێکیان لە کاتی نوێژدا مزگەوتە قەرەباڵغەکانیان کردووەتە ئامانج. نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی ژمارەی هێرشەکان دەربڕی، بەشێک لە تەقینەوەکانیش لەلایەن لقێکی داعش لە ناوخۆی ئەم وڵاتە ئەنجامدراون.

دەستبەجێ هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی ڕۆژی هەینی ڕانەگەیاند.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG