Accessibility links

ژنێکی کورد لە زیندانی ورمێ هەوڵی خۆکوشتن دەدات و لە بارێکی تەندروستی ناجێگیردایە


ژنانی زیندانی لە ئێران بە پێچەوانەی زیندانیانی سیاسی دیکەی ئەو وڵاتە، بە دەگمەن ناویان دەبیسترێت و دەستبەسەرکردن و سزادان و زیندانیکردنیان بۆ ماوەیەکی زۆر و تەنانەت هەندێک جار تا کۆتایی هاتنی سزاکەیان لە بێدەنگیدا تێدەپەڕێت، بە تایبەت ئەگەر زیندانی لە کەمایەتییە ئەتنیکی و ناوچە پەراوێزییەکانی ئێران بێت، ئەوا ئەم ئەگەرە زۆرتر دەبێت و بارودۆخیان کەمتر یان بەهیچ شێوەیەک بە بەراورد بە زیندانییە سیاسییەکانی دیکەی شارە گەورەکان، دزە ناکات بۆ ناو ڕۆژنامە و میدیاکان.

سۆعدا خەدیرزادە ژنە زیندانی سیاسی کورد کە لەگەڵ منداڵە دوو مانگەکەی لە زیندانی ورمێ دەستبەسەرە، تا پێش هەوڵدانی بۆ خۆکۆشتنی بە هۆی بارودۆخی خراپی لە زینداندا، بە شێوەیەکی جدی لە لایەن میدیا و ڕۆژنامە و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە ئاوڕی لێنەدرابووە.

بە پێی هەواڵێکی هەنگاو، کە ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤە، سۆعدا خەدیرزادە، لە 18ی مانگی 8ی ئەمساڵدا بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، خۆی هەڵواسیوە و هەوڵی داوە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، بەڵام هاوبەندییەکان بەو هەوڵەیان زانیوە و خێرا گەیاندویانەتە بەشی دەرمانی زیندانی ورمێ و ڕزگاریان کردوە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی سۆعدا خەدیرزادە بەڕیوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی کوردپا، دانیشتنەکەی دادگا، 24ی مانگی هەشت لە لقی سێی دادگای تاوانەکانی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی غوڵام کەریمخانی و بە ئامادەبوونی ئەو زیندانییە سیاسییە و پارێزەرەکەی و سکاڵاکاران بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چووە.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دۆسیەکەوە نووسیویەتی کە خەدیرزادە لە دادگاکەدا بە هاوکاری لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژ بە ئێران تۆمەتبار کراوە، بەڵام ئەو خاتوونە تۆمەتەکانی ڕەتکردوەتەوە.

بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکەی کوردپا، یەکێک لە سکاڵاکارانی دۆسیەی خاتوو خەدیرزادە، موراد پیرۆتینیا کوڕی خدر پیروتینیایە.

ئاژانسی کوردپا خدر پیروتینییا وەک ئەندامێکی سوپای پاسداران ناودێر دەکات کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراوە.

ماڵپەڕێ هەنگاو بە ئاماژەدان بە یەکەم دانیشتنی دادگای خەدیرزادە، دەڵێت هاوسەری سۆعدا خەدیرزادە یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە دانیشتنی دادگاکەدا وەکوو تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی خدر پیرۆتی نیا دەستنیشان کراوە و دەشڵێت چەند ڕۆژ دوای کوژرانی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران، هاوسەری خەدیرزادە هەڵهاتوە و زێدەکەی بەجێهێشتووە.

سۆعدا خەدیرزادەی تەمەن32 ساڵ کە خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە، یەکەمجار مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە ماڵەکەی خۆیدا و لە کاتێکدا دووگیان بووە، بەبێ بڕیاری دادگا و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکانی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پیرانشارەوە دەستبەسەر کراوە.

خەدیرزادە دوو ڕۆژ دوای دەسبەسەرکرانەکەی لە پیرانشار، گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ورمێ و پاشانیش دوای ٢٥ ڕۆژ لەدەستبەسەربوونی لەو شوێنە، ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ کراوە.

وەک ڕێکخراوی هەنگاو ئاشکرای کردووە، بینایی سۆعدا خەدیرزادە لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوشتنیدا تووشەی کێشەی جدی بووە و پێدەچێت کە بینایی چاوی چەپی بۆ هەمیشە لەدەست بدات.

شایانی باسە کە چەند مانگ پێش ئێستا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی خراپی جەستەیی و دەروونی خاتوو خەدیرزادە هۆشداری داوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە دووگیانی خاتوو خەدیرزادە، ڕایگەیاندبوو کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە کردەوەیەکی دڕندانەدا ژیان و تەندروستی ناوبراویان خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە مانگی 5ی ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندوە کە ناوبراو سەرەڕای دووگیانبوونی، نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلەی هەیە، بەڵام دەسەڵاتداران رێگەیان پێنەداوە کە چاودێری پزیشکی تایبەت وەربگرێت.


XS
SM
MD
LG