Accessibility links

هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان وا لە بەڵێندەرانی ئەمەریکی دەکات بگەڕێنەوە بۆ ئەمەریکا


زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بۆ سەر کێڵگەیەکی غاز لە باکوری عێراق بەڵێندەرانی ئەمەریکی ناچار کرد بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، لە کاتێکدا کاریان لەسەر فراوانکردنی پڕۆژەکە دەکرد، ئەمەش گورزێکی گەورەی دا لە هیواکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی داهاتەکانی و پێشکەشکردنی جێگرەوەیەکی بچووک بۆ غازی ڕووسیا.

پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆر و مۆر کە لەلایەن Pearl Consortium بەڕێوەدەبرێت، کە زۆرینەی خاوەندارێتی لەلایەن کۆمپانیای دانا غازی ئەبوزەبیەوەی (DANA.AD) و کۆمپانیای کرێسێنت پترۆلیۆمی سەر بەو کۆمپانیایە، لە کۆتایی مانگی 6 دا دوای سێ هێرشی موشەک کارەکانیان هەڵپەسارد.

سەرچاوە پیشەسازییەکان و حکومەتی کوردی ڕایانگەیاند؛ کرێکارانی کۆمپانیای Exterran Corp (EXTN.N)ی تەکساس مانگی ڕابردوو گەڕانەوە بۆ هەرێمەکە بۆ ئەوەی دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، بەڵام دوای ئەوەی دوو موشەکی دیکە لە 25ی 7 دا بەر شوێنەکە کەوتن، کۆمپانیاکە ناچاربوو جارێکی دیکە کارەکانیان ڕابگرن و بڕۆن و هیچ وادەیەکی گەڕانەوەشیان دیارینەکردووە.

کۆر و مۆر یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی غاز لە عێراق و پلانی فراوانکردنەکە ئامانجی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنانە لە هەرێمێکدا کە زۆر پێویستی بە غازی زیاترە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و کۆتاییهێنان بە کەموکورتی کارەبا.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە؛ هێرشەکان هیچ زیانێکی گەورەیان لێ نەکەوتۆتەوە و کارەکانی ئێستاشیان پەکیان نەکەوتوو بەڵام فراوانکردنەکە کە بریتییە لە دروستکردنی بۆرییەکی نوێ لە قۆناغێکی دواتردا بۆ تورکیا ڕاگیراوە تاوەکو ئاسایشی ناوچەکە سەقامگیر دەبێت.

پڕۆژەکە کە بەشێکی پێکهاتووە لە ڕێککەوتنێکی دارایی بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار کە دامەزراوەی دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا دابینی دەکات، هەروەها پاش دابیکردنی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی ناوخۆ، ئامانجیان هەناردەکردنی غازە بۆ تورکیا و ئەوروپا.

کۆمپانیای Exterran سێیەم بەڵێندەرە لە 21ی مانگی شەشەوە کە هێرشەکان کێڵگەکەیان بە ئامانج گرتبوو کارەکانیان وەستاندووە، هەردوو بەڵێندەرەکەی تورکیاش بە ناوەکانی Havatek و Biltek پێشتر کارەکانیان وەستاندبوو.

دانا غاز ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات. هاوکات کۆمپانیای Exterran و Havatek و Biltekوەڵامی پرسیارەکانیان نەدایەوە بۆ لێدوان لەو بارەیەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG