Accessibility links

زانیاری نوێ لە بارەی وازهێنانی سەدر و ئاڕاستەی ڕووداوەکانی عێراق


وازهێنانی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر و دوورکەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، دۆخی عێراقی بردووەتە لێواری تەقینەوە، خۆپیشاندەران هێرشیان بۆ سەر دام و دەزگا دەوڵەتییەکانی ناوچەی سەوز چڕکردەوە و چەندین بینای حوکمییان کۆنترۆڵکرد، لە چەندین ناوچەش پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویداوە.

سەرۆکایەتیەکانی عێراق داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و کشانەوەی لایەنگرانی دەکەن، موقتەدا سەدریش داواکەی بەهەند وەرنەگرتن و چاوەڕێی بڕیارەکەی سبەینێی دادگای فیدراڵی یە لەسەر هەڵوەشاندنەوە یاخود ڕەتکردنەوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، کە داواکاری سەدری یەکانە.

هەرچەندە لە چەندین پارێزگا لایەنگرانی سەدر خرۆشاون، بەڵام بەغدا و ناوچەی سەوز زومی زیاتری سەدرییەکانی لەسەرە، چونکە ناوەندی بڕیاری سیاسی عێراقە، هەروەها سەدری یەکان فشارەکانیشیان لە بەسرە چڕکردووەتەوە، چونکە پایتەختی ئابووری وڵاتەکەیە.

وازهێنانی سەدر لە سیاسەت لەنێوان تاکتیک و ڕاستی دا

هەرچەندە موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، وازهێنانی لە کاروباری سیاسی ڕاگەیاند و سەرپەشتیارانی خۆپیشاندانەکانی عێراقی کێشایەوە، بەڵام لایەنگرانی ڕەوتەکەی توڕەتربوون، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەی سەوز چڕتر کردەوە، بەشێک لە باڵەخانە حکومییەکانیان کۆنترۆڵکرد و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی یەکتری بوونەوە.

بە ڕای چاودێران، ڕاگەیەنراوەکەی سەدر بۆ وازهێنان لە سیاسەت، نەک جدی نی یە، بەڵکو یاری یەکی تری سیاسی یە، دەیەوێت لایەنگرانی دەستکراوەتر بکات بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز و خۆشی لە ژێر باری بەرپرسیارێتی دەربهێنێت.

کشانەوەی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی، لایەنگرانی توڕەتر کرد و هێرشەکانیان چڕکردەوە، هەرچەندە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هانای بۆ سەدر برد، تا لایەنگرانی لە ناوچەی سەدر بکێشێتەوە، بەڵام ناوبراو وەڵامی داواکەی کازمی نەدایەوە.

ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتی عەرەبی سونە و ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"کشانەوەی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بە مانای دەرفەت دان دێت بە لایەنگرانی تا ئاڵۆزی دروست بکەن و دەستکراوە بن، خۆشی لەبەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دا بەرپرسیار نەبێت."

کشانەوەی سەدر، دۆخی عێراقی تەواو ئاڵۆزکردووە، بەشێوەیەک لە چەندین پارێزگا خۆپیشاندان دەستیپێکردووە، بەپێی سەرچاوەکان لە ڕیزی خۆپیشاندەرانیشدا کوژراو و بریندار هەیە، هەروەها حەیدەر خەفاجی پەرلەمانتاری دەست لەکارکێشاوەی ڕەوتی سەدریش، بە چەکەوە لەنێو خۆپیشاندەران دا دەرکەوت.

ئیحسان شەمەری چاودێری سیاسی عێراق، دەڵێت"کشانەوەی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی بۆ ئەوەیە، بەرپرسیارێتی توندوتیژیەکانی لایەنگرانی هەڵنەگرێت، هەروەها کۆتایی بەو دەستپێشخەریانەش بهێنێت کە دەخرێنە بەردەمی بۆ گفتووگۆ لەگەڵ لایەنەکان."

کشانەوەی سەدر و ڕاگەیاندنی وازهێنانی لە سیاسەت لەکاتێکدایە، بەپێی زانیاری یەکان، هەرچەندە گروپێکی لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکان کێشاوەتەوە، بەڵام هێشتا خۆپیشاندەران ڕێنمایی نهێنی لە ڕەوتی سەدر وەردەگرن.

هەڵکشانی ناکۆکییەکان بۆ ئاستی مەرجەعیەت

وازهێنانی کازم حائیری مەرجەعیەتی ئاینی سەدری یەکان و ڕادەستکردنی مەرجەعیەت بە عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، هێندەی تر موقتەدا سەدری توڕەتر کرد، بەتایبەت ڕەوتی سەدر پێیوایە دەست لەکارکێشانەوەی حائیری کە نیشتەجێی شاری قوم ی ئێرانە لە ژێر فشاردا بووە.

کاردانەوەکانی سەدر و ڕاگەیاندنی وازهێنانی لە سیاسەت، چەند کاتژمێرێک دوای دەست لەکارکێشانەوەی کازم حائیری تەمەن (84 ساڵ) بوو لە مەرجەعیەت،هەرچەندە بیانووی وازهێنانی لە مەرجەعیەت دۆخی تەندروستی و زۆری تەمەنی بوو، بەڵام هێرشیشیکردە سەر سەدر و بەهەوڵدان بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێو ماڵی شیعە و هەوڵدان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات تۆمەتباری کرد.

سەدری یەکان پێیانوایە دەست لەکارکێشانەوەی کازم حائیری لە ژێر فشاردا بووە و ئامانج لێی درزخستنە نێویان بووە، بۆیە سەدریش مەرجەع بوونی حائیری و ڕادەستکردنی مەرجەعیەتی بە خامنەیی ڕەتکردەوە، ڕایگەیاند"نەجەف بارەگای گەورەی مەرجەعیەتە، جگە لە فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە، ڕۆژێک لە ڕۆژان بانگەشەی سەرکردایەتیشم نەکردووە."

بەڕای ئیحسان شەمەری چاودێری سیاسی عێراقیش، یەکێک لە هۆکارەکانی توڕەبوونی سەدر و هەڵوێستەکانی ئەمڕۆی، توڕەبوونی بووە لەوەی هەوڵی لە قاڵبدانی مەرجەعیەتی سەدری دراوە.

بەڕای چاودێران، کێشمەکێشەکانی عێراق هێندە قوڵ بوونەتەوە، دوای گواستنەوەی ململانێی نێوان لایەنەکان بۆ شەقام، لە ئێستادا ململانێکان بۆ ئاستی مەرجەعیەتەکانیش هەڵکشاون، بەشێوەیەک کاتێک سەدر وەڵامی ڕادەستکردنی مەرجەعیەتی سەدری بە خامنەیی دایەوە، ڕایگەیاند"عێراق خۆی مەرجەعیەتی هەیە کە نەجەفە."

پێش وازهێنانی کازم حائیری مەرجەعیەتی سەدری یەکان کە نیشتەجێی شاری قوم ی ئێرانە، ئێرانی یەکان فشارێکی زۆریان خستە سەر سەدر، بەڵام سەدر نەچووە ژێر باری فشارەکان، بە پێی زانیاری ئاژانسەکانیش، لەدوا دانیشتتنیدا لەگەڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس ی ئێران، سەدر پێیڕاگەیاندووە"ئێران ئەو مافەی نی یە، دەستوەردان لە کاروباری عێراق بکات." ئەمە جگە لەوەی چەندین زانیاری جیاواز لەبارەی هۆشداری ئێرانی یەکان بەسەدر بڵاوکراوەتەوە.

سێشەممە دواین دەرفەت

هەرچەندە دۆخی عێراق تەواو ئاڵۆزە، لە چەندین پارێزگا خۆپیشاندانە و هێرشکراوەتە سەر دام و دەزگا حکومی یەکان، بەڵام بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕەوتی سەدر، بڕیارەکەی سبەینێ سێشەممەی دادگای فیدراڵی عێراق، ئاقاری ڕووداوەکان ڕوونتر دەکاتەوە.

سەرچاوە نزیکەکە لە سەدر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"گەر سبەینێ دادگای فیدراڵی وەڵامی ئیجابی بۆ سکاڵاکەی سەدری یەکان هەبێت و پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ڕەنگە دۆخی عێراق هێور ببێتەوە، بە پێچەوانەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت."

بڕیارە سبەینێ سێشەمە، دادگای فیدراڵی عێراق کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵای سەدری یەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق، کە چاوەکان لەسەر بڕیارەکەی سبەینێی دادگای فیدراڵی عێراقن.

ئیسماعیل حەدیدی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، گوتی"گەر سبەینێ سێشەمە، دادگای فیدراڵی، پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، دۆخەکە هێور دەبێتەوە، بەڵام گەر بڕیارەکەی پێچەوانەی خواستی سەدری یەکان بێت، دام و دەزگا دەوڵەتی یەکان زیاتر ئیفلیج دەبن و دۆخی عێراق خراپتر دەبێت."

XS
SM
MD
LG