Accessibility links

وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە 46 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن دابین دەکات


بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی چەند ساڵێکە بینای نوێی خوێندن دروست نەکراون و بەشێکی زۆر لە بیناکانی خوێندن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لە ئێستادا سەرمایەداران و خێرخوازان بە ئەرکی نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن هەستاون، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان 46 ملیار و 524 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوە دابینکردووە و لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش 20 ملیار دیناری بۆ پێداویستیەکانی ساڵی نوێ خوێندن تەرخان دەکرێت .

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 46 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی بینای قوتابخانەکان لە سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و لەسەرجەم پارێزگاکانیشدا ژمارەیەکی دیکە لەسەرمایەداران داوایان کردووە کە بیناکانی خوێندن نۆژەن بکەنەوە، بڕیارە لەم ساڵدا دوو قوتابخانەی دیکە لە پارێزگای هەڵەبجە نۆژەن بکرێنەوەن بەهۆی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەشەوە ئەو خوێندکارانەی کە دووساڵ لە قۆناغێکدا مانەتەوە داوادەکەن بە ناچاری ئاڕاستەی خوێندنی ئێواران نەکرێن و دەرفەتێکی دیکەیان پێبدرێت .

دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا سەبارەت بە پلانی حکومەت بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و جیاواز لەو هاوکاریانەی سەرمایەداران دەیکەن ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێم 46 ملیار و 524 ملیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و سەبارەت بە چارەنوسی ئەو خوێندکارانەش کە دووساڵ لە قۆناغێکدا ماونەتەوە ڕایگەیاند چاوەڕێی پلانی بەڕێوبەرایەتیەکان دەکەین".

دەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجەوە زانیویەتی لە دوای دروست کردنی ئامادەیی ئەحمەد موختار جاف و کردنەوەی لەلایەن سەرمایەدارێکەوە، سەرمایەدارێکی دیکە ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی گۆران لە هەڵەبجە، سۆران عومەر بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە ڕایگەیاند "لە ئێستادا سەرمایەداری دیکە پەیوەندیان پێوە کردووین چاوەڕێ دەکەین دوو قوتابخانەی دیکە نۆژەن بکرێنەوەو چارەنوسی ئەو خوێندکارانەشی وەها یەکلا کردەوە دەتوانن خوێندنی خێرا یان تاقیکردنەوەی دەرەکی ئەنجام بدەن بۆ تەواوکردنی خوێندن لەبەرئەوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە وەها دەڵێن".

بڕیارە لە 13ی مانگی نۆی 2022 جارێکی دیکە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 20 ملیار دینار بۆ کەرەستەی ناو قوتابخانەکانی پارێزگانی کوردستان دابینکراوە تا بتوانرێت ئەو گرفتانەی لە ناوەندەکانداهەن پەیوەست بە کەرەستەکانی خوێندنەوە چارەسەر بکرێن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:44 0:00
XS
SM
MD
LG