Accessibility links

لە کەمپێکی کۆنی پەنابەران لە هۆڵەندا 400 کەس بەهۆی باری تەندروستی دەگوازرێنەوە شوێنێکی دیکە


دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا نزیکەی 400 پەنابەریان گواستەوە بۆ کەمپێکی کاتی لە دەرەوەی ناوەندێکی قەرەباڵغی کۆچبەران لە باکوری ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندا، دوای ئەوەی ڕاپۆرتێک بڵاوکرایەوە کە ئەو شوێنەی سەدان کەسی تێدا خەوتووە دووچاری مەترسی تەندروستی بوونەتەوە.

لیۆن ڤێڵدت وتەبێژی ڕێکخراوی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی حکومەت ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، کۆچبەران بە درێژای ئەو شەوە گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیەکی دیکە.

ئەم هەنگاوە دوابەدوای ئەوە هات کە تیمێک لە پشکنەری چاودێری تەندروستی و لاوان سەردانی کەمپە خراپ و کاتییەکەیان کرد لە گوندی تێر ئاپێل و ڕایانگەیاند "مەترسییەکی ڕژدی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان لە ئارادایە لە ئەنجامی نەبوونی پاکوخاوێنی تەواوەتی."

ڕۆژێک پێشتر 150 کەس گوازرانەوە بۆ دوو هۆڵی وەرزشی لە ناوەندی شارەکە لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەیرانەی کە لەم هەفتەیەدا نزیکەی 700 کەس لە دەرەوەی سەنتەرە قەرەباڵغەکە خەوتبوون. داکۆکیکارانی پەنابەران دۆخەکەیان بە کەمپە قەرەباڵغەکانی یۆنان و ئیتاڵیا ناودێرکرد، کە شوێنی یەکەمی باوی پەنابەران و کۆچبەرانە کە بەرەو ئەوروپا دەڕۆن.

لەم هەفتەیەدا منداڵێکی تەمەن 3 مانگ لە هۆڵێکی وەرزشی سەنتەری تێر ئەپڵ گیانی لەدەستدا، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکە دەکەن. دوو پیاو گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە، یەکێکیان بەهۆی جەڵتەی دڵ و یەکێکی دیکەشیان بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە کە چەند هەفتەیەک بوو چارەسەری بۆ نەکرابوو.

بارودۆخەکە ئەوەندە خراپ بوو کە لقی پزیشکانی بێ سنووری هۆڵەندا ڕۆژی پێنجشەممە تیمێکی ڕەوانەی ئەوێ کرد، کە یەکەم جێگیرکردنی دەزگای فریاگوزاری بوو لە هۆڵەندا.

مارك روتە، سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، شەرم لە دیمەنەكانی تێر ئەپڵ دەكەم. شەوی هەینی حکومەتەکەی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ڕاگەیاند کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوونی پەناخوازانی وڵاتەکەیە.

لەوانە کۆنتڕۆڵکردنی کاتی یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەران و ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە گەیشتوونەتە هۆڵەندا کە بەپێی ڕێککەوتنێکی ساڵی 2016 ی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بۆ هۆڵەندا تەرخانکراون.

حکومەت دەڵێت لەگەڵ شارەوانییە ناوخۆییەکان کاردەکەن بۆ دروستکردنی ماڵی زیاتر بۆ ئەو کەسانەی کە پێگەی مافی پەنابەری وەردەگرن بۆ ئەوەی بتوانن خێراتر لە ناوەندەکانی پەناخوازان بچنە دەرەوە، ئەمەش شوێن بۆ ئەو کەسانە چۆڵ دەکات کە تازە هاتوون.

سوپای هۆڵەندا ئەرکی دانانی کەمپێکی نوێیان پێسپێردرا بۆ نیشتەجێکردنی ئەو کەسانەی کە چاوەڕێی تۆمارکردنی داواکاری پەنابەری دەکەن لە سەنتەری تێر ئاپڵ.

میلۆ شوینماکەر، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی دەزگای ناوەندی بۆ پێشوازی لە پەناخوازان، پێشوازی لەو هەنگاوانە کرد و گوتی " بەو ڕێوشوێنانەی کە ڕاگەیەندراون، بەهیوای ئەوەن سەنتەری داواکاری لە تێر ئاپڵ بتوانرێت بە خێرایی ڕزگاری بکرێت. لە هەمان کاتدا هێشتا شوێنی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆئەوەی هەمووان لەخۆ بگرێت."

لە کاتێکدا زۆرێک لە شارۆچکە و شارەکانی هۆڵەندا شوێنی مانەوەیان پێشکەش بەو ئۆکراینییانە کردووە کە لە شەڕی وڵاتەکەیان هەڵهاتوون، بەڵام پێشوازییەکە بۆ پەناخوازانی وڵاتانی دیکە بەرەو نەمان دەڕوات. زۆربەی ئەو کەسانەی دەگەنە تێر ئاپڵ خەڵکی سوریان کە لە شەڕی ناوخۆی کارەساتباری وڵاتەکەیان هەڵدێن


XS
SM
MD
LG