Accessibility links

یارمەتیە مرۆییەکان بە کەمی دەگەنە ئەو ئۆکرانیانەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادان


بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتیان داوە کە ناتوانن یارمەتی مرۆیی پێشکەش بە ملیۆنان کەس بکەن لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەمەش ژیان و گوزەرانی ئەو کەسانە دەخاتە ژێر مەترسییەوە لە کاتێکدا وەرزی زستان لە نزیکبوونەوەدایە.

شەش مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەرهێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا تایبەتەکانی فریاگوزاری توانیویانە یارمەتی مرۆیی گرینگ پێشکەش بە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس بکەن سەرەڕای مەترسییە ئاسایشی و جەنگییەکان. بەڵام لەم ماوەیەدا تەنها یەک ملیۆن کەس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گەیشتوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیا.

دێنیس بڕاون، ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکرانیا دەڵێت؛ دەزگاکانی فریاگوزاری هیچ ڕێگەیەکی متمانەپێکراویان لەبەردەستدا نییە بۆ بەزاندنی هێڵی پێشەوە و دابەشکردنی هاوکاری بەسەر ئەو خەڵکە بێ دەسەڵاتەدا کە زۆر پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە بەردەوام سەرکەوتوو نابین لە وەرگرتنی ئەو گەرەنتییە ئاسایشییانەی کە لە فیدراسیۆنی ڕووسیا داوایان دەکەین بۆ ئەوەی هێڵەکانی پێشەوە تێپەڕێنین. ئێمە ستافمان لەو ناوچانەدا هەیە و کارمەندانی ئەو ناوچانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە پێویستییەکی هێجگار مرۆیی لە ئارادایە."

بڕاون لە خارکیڤەوە قسەی دەکرد کە 20 کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوە دوورە، دەڵێت زستانی درێژ و سەختی ئۆکرانیا بەڕێوەیە. ئەو دەڵێت نیگەرانە لەوەی بارودۆخەکان بۆ ئەو کەسانەی کە لەودیو هێڵی پێشەوە دەژین خراپتر دەبن. ئەو دەڵێت یەکێک لە گرنگییە سەرەکییەکانی پلانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مانگەکانی زستان بریتیین لە دیاریکردنی چۆنیەتی گەیاندن و دابەشکردنی یارمەتییەکان بەسەر کۆمەڵگاکاندا لەو شوێنانەی کە سەختە دەستیان پێڕابگات.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ئێمە دەبێت لێرەدا بە شێوەیەکی جیاواز کار بکەین. ئەوەی پێویستە و دیسان ئەو دەسەڵاتدارانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاوم پێیان کەوت، پێمان ڕاگەیاندوون کە خەڵک پێویستیان بە چاککردنەوەی پەنجەرە هەیە. پێویستیان بە چاککردنەوەی دەرگاکانە. پێویستیان بە گەرمکەرەوەی هاوبەش هەیە، پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە. لە نێو کۆمەڵگە گوندنشینەکاندا ژمارەیەکی زۆر کەسانی بە تەمەن هەن کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە."

ئەو دەشڵێت "ئایا دەتوانین لەگەڵ ڕێکخراوە بچووکە خۆبەخشەکاندا کار بکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی کە لە مانگەکانی زستاندا پشکنینیان بۆ بکرێت."

هاوکات دەشڵێت ئەوە کاری خۆیانە نەک ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوێ، دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بکەن بۆ چوونە ناو ناوچەکە. بەڵام دەڵێت ستافەکە تەنها بە ئامادەبوونیان خزمەت بە ئەرکێکی گرنگی پاراستن دەکەن. ئەو دەڵێت دەتوانن چاودێری بارودۆخەکان بکەن و نەتەوە یەکگرتووەکان لە باروگوزەرانی خەڵک و پێداویستییەکانیان ئاگادار بکەنەوە.

XS
SM
MD
LG