Accessibility links

ژێردەریاییەکی لوبنانی تەرمی 10 کۆچبەر لە کەنارئاوەکانی لوبنان دەدۆزێتەوە


هێزی دەریایی لوبنان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ژێردەریاییەکی لوبنانی پاشماوەی تەرمی لانیکەم 10 کۆچبەری دۆزیوەتەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بەلەمەکەیان لە کەنارئاوەکانی لوبنان نوقم بووە، کە پێدەچێت نزیکەی 30 کەس لەناو بەلەمەکەدا بووبن.

بەلەمەکە بە دەیان کەسی لوبنانی، سوری و فەلەستینی هەڵگرتبوو کە هەوڵیان داوە لە ڕێگای دەریاوە کۆچ بکەن بۆ ئیتالیا، بە دووری زیاتر لە 5 کیلۆمەتر لە بەندەری تەرابلوسەوە ژێرئاو کەوتووە، ئەمەش دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزی دەریایی لوبناندا.

هەر ئەو شەوە 10 تەرم دۆزرانەتەوە کە یەکێکیان منداڵ بووە، لە کاتێکدا 48 کەس لە ڕزگاربووان لە دەریای ناوەڕاستدا دەرهێنراون. بەپێی خەمڵاندنەکانی هێزی دەریایی، پێدەچێت 30 کەس لەگەڵ بەلەمەکەدا نوقم بووبن.

لە ڕۆژی دووشەممەوە ژێرئاویەکی بچووک بە دوای تەرمەکاندا دەگەڕێت. کەشتییەکە ڕۆژی چوارشەممە لە قووڵایی نزیکەی 450 مەتر دۆزرایەوە.

چۆنیەتی نوقمبوونی کەشتییەکە تا ئەمڕۆش ناکۆکی لەسەرە. ڕزگاربووان دەڵێن کەشتیەکەیان لەلایەن هێزی دەریایی لوبنانەوە هێرشی کراوەتە سەر، لە کاتێکدا سوپای لوبنان دەڵێت بەلەمەکەی کۆچبەران لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن لەگەڵ کەشتییەکی هێزی دەریایی بەریەک کەوتوون.

سەرچاوە:AP

XS
SM
MD
LG