Accessibility links

زانیاری نوێ لەسەر دۆسیەی کوژرانی فەرەیدون جوانڕۆیی


حەوت ساڵ بەسەر کوژرانی فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و فەرماندەی میحوەری خازری پێشمەرگەدا تێپەڕدەبێت، کە لە شەوی 25ی مانگی هەشتی 2015 لە ناحیەی کەڵەکی نزیک هەولێر لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کوژرا.

تا ئێستا شەش کەس لەسەر دۆسیەی کوژرانی فەرەیدون جوانڕۆیی دەستگیرکراون و سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، بەڵام تاوانباری حەوتەم کە ئەویش سزای لە سێدارەدانی هەیە، هێشتا دەستگیرنەکراوە، لە کاتێکدا بەپێی وتەی نزیکەکان لە جوانڕۆیی، سزادراوە دەستگیر نەکراوەکە لە ناوچەیەکی نزیک هەولێرە.

دەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی تایبەتەوە، تەواوی بڕیارە یاساییەکانی دادگای پەیوەندیدار بە دۆسیەی ( فەرەیدون جوانڕۆیی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و فەرماندەی میحوەری خازری پێشمەرگەی لەکاتی شەڕی داعش دەستکەوتووە، کە دواتر بڕیارەکان ئاراستەی دام و دەزگا ئەمنییەکان کراون بۆ جێبەجێکردن.

سەرۆکایەتی دادگای تاوانی سێ لە هەولێر، بە بڕیاری ژمارە (67/ج3/2017) لە بەرواری 9ی مانگی یەکی 2020 دانیشتنێکی تایبەتی بە دۆسیەی کوژرانی (فەرەیدون جوانڕۆیی) لەسەر سکاڵای کوڕێکی بەناوی (ئازاد فەرەیدون) پێکهێناوە، دانیشتنەکەی دادگا لەلایەن دادوەر ( تەحسین تەها) سەرۆکایەتی کراوە و دوو دادوەری تر ئەندام بوون تێیدا.

بەپێی نوسراوەکەی دادگا، وتەی ( ئازاد فەرەیدون جوانڕۆیی) وەکو سکاڵاکار وەرگیراوە، هەروەها وتەی شۆفێرێک و پاسەوانێکی فەرەیدون جوانڕۆیی و وتەی نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەش وەرگیراوە، لە نوسراوەکەدا وردەکاری چۆنیەتی کوژرانی (فەرەیدون جوانڕۆیی) لە زاری وتە لێوەرگیراوەکانەوە خراوەتەڕوو، کە چۆن سەرەتا تەقەی لێکراوە و دواتر بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ( جیب/درع / عسکری) کێشراوە بە ئۆتۆمبێلەکەیدا.

لە سەر کوژرانی فەرەیدون جوانڕۆیی، تا ئێستا 6 کەس دەستگیرکراون، سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و ئێستا لەزیندانن، بەڵام کەسی حەوتەم کە ناوی (شێروان سابر) ە و لە بڕیارەکەی دادگادا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، هێشتا دەستگیرنەکراوە.

ئازاد فەرەیدون جوانڕۆیی، کوڕی فەرەیدون جوانڕۆیی و سکاڵاکاری دۆسیەکە، ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە، کە یەکێک لە تاوانبارەکانی دۆسیەی باوکی کە سزای لە سێدارەدانی هەیە، هێشتا دەستگیرنەکراوە و لەدەوروبەری هەولێرە، بەڵام ئامادەنەبوو قسەی زیاتر لەسەر مەسەلەکە بکات.

دادگای تاوانی هەولێر سێ، نوسراوی ژمارە (67/ج/2017) لە بەرواری 20ی مانگی دووی 2020 ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم کردووە، بۆ دەستگیرکردنی تاوانباری سزادراوی حەوتەمی دۆسیەی فەرەیدون جوانڕۆیی بەناوی (شێروان سابر).

پاشان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، بە ئیمزای لیوا (تاریق ئەحمەد) ی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس، نوسراوی ژمارە (12692) ی لەبەرواری 15مانگی نۆی 2022 ئاڕاستەی دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم کردووە، وەک لە نوسراوەکەدا کە وێنەیەکی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، هاتووە" وێنەیەک لە نوسراوی دادگای تاوانی سێی هەولێرتان بۆ دەنێرین، تایبەت بە دەستگیرکردنی تاوانباری سزادراو بە سزای لە سێدارەدان بە شێوەی غیابی، بە ناوی (شێروان سابر)ەو دانیشتووی قەزای خەبات."

سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرنەکردنی تاوانباری حەوتەمی دۆسیەی فەرەیدون جوانڕۆیی، لیوا تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ژمارەیەک داواکراو هەن، دەستگیرنەکراون و لیژنە بۆ دەستگیرکردنیان پێکهێنراوە، هەموویان دەستگیردەکرێن."

بەپێی ژمارەیەک نوسراوی تر، کە نوسراوەکان هی دادگای دهۆکن و وێنەیان لای دەنگی ئەمەریکایە، چەند ئەفسەر و پلەدارێکی تری هەمان ئەو بنەماڵەی کە تۆمەتبارن بە کوشتنی فەرەیدوان جوانڕۆیی، بە مادەی 406 و لەسەر دۆسیەی تر، سزادراون یاخود بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراون.

XS
SM
MD
LG