Accessibility links

توێژینەوەکان: گۆڕانکاری پەرەسەندن لە ژێکاندا ڕەنگە هۆکاری قسەکردنی مرۆڤ بووبێت


زانایان دەڵێن گۆڕانکاری لە ژێی گیاندارەکان پێش دروستبوونی مرۆڤ بە تێپەڕبوونی کات لەوانەیە بووبێتە هۆی قسەکردنی مرۆڤ.

توێژەران ڕایانگەیاندووە پشکنینیان بۆ گەروو و ژێکانی دەنگ کردووە لە 43 جۆری جیاوازی سەرەتاییدا. توێژینەوەکەیان دەریخستووە مرۆڤ جیاوازە لە مەیمون و جۆرەکانی، چونکە مرۆڤ پێکهاتەیەکی نییە کە پێی دەوترێت پەردەی دەنگ. ئەمەش لکاندنی بچووک و ماسولکە لەخۆدەگرێت بە ژێکانی دەنگەوە.

توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، مرۆڤەکان پێکهاتەیەکی هاوشێوەی باڵۆنیان نییە کە پێی دەوترێت کیسی هەوا کە ڕەنگە یارمەتی هەندێک لە مەیمونەکان و جۆرەکانی بدات بانگ و هاواری بەرز و قووڵ دەرکەن. هەروەها کیسە هەواییەکان یارمەتی سەرەتاییەکان دەدەن خۆیان لە هەناسەدانی زیاتر بەدوور بگرن، ئەمەش واتە هەناسەدان بە ڕێژەیەکی نائاسایی خێرا.

زاناکان دەڵێن، لەدەستدانی ئەم شانانە بووەتە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی دەنگی جێگیر لە مرۆڤدا کە گرنگە بۆ گەشەکردن، یان پەرەسەندنی قسەکردنی مرۆڤ. تیمەکە دەڵێت، ئەم جۆرە قسەکردنە ڕێگە بە مرۆڤ دەدات بە بەکارهێنانی دەنگی ڕوون و ئاڵۆز بیرکردنەوە و هەستەکانی دەرببڕێت.

مرۆڤ لە سەرەتاییەکانە، هەروەها مەیموون و جۆرەکانی. ئەو ڕەچەڵەکی پەرەسەندنە کە بۆتە هۆی دروستبوونی جۆرەکەمان، هۆمۆ ساپیێنس، جیابۆتەوە لەوەی کە بۆتە هۆی نزیکترین خزمەکانی زیندوومان، شامپانزی، نزیکەی ٦-٧ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. توێژەران دەڵێن، پێدەچێت گۆڕانکارییەکانی گەروی دەنگ دوای ئەوە ڕوویدابێت.

تاکێشی نیشیمورا لە سەنتەری زانکۆی کیۆتۆیە بۆ سەرچاوەی پەرەسەندنی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە ژاپۆن. نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە لەم دواییانەدا لە گۆڤاری زانستدا بڵاوکراوەتەوە. نیشیمورا وتی توێژینەوەکە پێشنیاری ئەوە دەکات پێکهاتەی دەنگی ئاڵۆز لە سەرەتاییە نا مرۆڤەکاندا دەتوانێت کۆنتڕۆڵکردنی لەرینەکان بە شێوەیەکی کاریگەر سەخت بکات.

توێژەرێکی دیکەی سەرەکی بەناوی Tecumseh Fitch تیکۆمسیە فیچ لە زانکۆی ڤیەنا لە نەمسا سەرباری ئەمە دەڵێت پەردەی دەنگ ڕێگە بە سەرەتاییەکانی دیکە دەدات دەنگ و هاواری بەرزتر لە مرۆڤ دەرکەن وتی "بەڵام نێوانەکانی دەنگی هاوار و قیژەیان و ناڕێکی دەنگی ژاوەژاو زیاتر بێت."

قوڕگ بۆرییەکە لە گەرودا کە بە سەرەوەی بۆری هەناسەدانەوە بەستراوەتەوە و ژێی دەنگی تێدایە. بۆ قسەکردن و هەناسەدان و قووتدان بەکاردێت. فیچ دەڵێت: "قوڕگ ئۆرگانی دەنگە، ئەو سیگناڵە دروست دەکات بەکاریدەهێنین بۆ گۆرانی و قسەکردن."

تەنها جۆرە زیندووەکان لە توێژینەوەکەدا بەشداربوون، چونکە ئەگەری ئەوە نییە ئەم شانە نەرمانە لەناو بەردبووەکاندا دەربکەون، کە پاشماوەی ژیانی کۆنن. ئەمەش بەو واتایە کە بە تەواوی ڕوون نییە گۆڕانکارییەکان کەی ڕوویانداوە.

فیچ گوتی ئەگەری ئەوە هەیە گەشەسەندنی ئاسانکراو لە باپیرەیەکی مرۆڤدا ڕوویدابێت بە ناوی Australopithecus ئوسترالۆپیتێکس کە توخمە هاوشێوەکانی مەیمون و مرۆڤی تێکەڵ کردووە. زانایان پێیان وایە ئوسترالۆپیتێکس بۆ یەکەمجار لە ئەفریکا نزیکەی 3.85 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتووە.

تیمی توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەکرا گۆڕانکارییەکان دواتر لە گروپکردنی باوباپیرانماندا ڕووبدات کە هۆمۆ بۆ یەکەمجار لە ئەفریکا 2.4 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتوە. هۆمۆ ساپیێنس – ئەو جۆرە سەرەتاییەی کە مرۆڤ سەر بەو جۆرەیە زیاتر لە 300 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریکا دەرکەوتوە.

بەڵام فیچ دەڵێت لە کاتێکدا سادەکردنەوەی پەرەسەندنی قوڕگ گرنگی هەیە، بەڵام "قسەکردنی بە ئێمە نەداوە"، گوتیشی" گەشەسەندنی دیکەی جەستەش گرنگن بۆ قسەکردن بە تێپەڕبوونی کات، لەنێویاندا گۆڕانکاری لە شوێنی قوڕگدا."

هارۆڵد گۆزۆلێس پزیشکی سەرەتایی و دەروونناسە لە زانکۆی ئیمۆری لە شاری ئەتلەنتا لە ویلایەتی جۆرجیا دەڵێت" قسەکردن و زمان پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەیان هەیە، بەڵام هاوواتا نین". لە شرۆڤەیەکی پەیوەندیداردا لە گۆڤاری زانستدا نووسیویەتی"قسەکردن شێوازی دەربڕینی زمانە لەسەر بنەمای دەنگی بیستراوی مرۆڤەکان، بە تەنیا لە نێو سەرەتاییەکاندا، دەتوانن بەرهەمی بهێنن".

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیادبوونی ئاڵۆزی زمانی قسەکردنی مرۆڤ لە ئەنجامی سادەکردنی پەرەسەندنەوە هاتووە.

فیچ دەڵێت "پێموایە زۆر سەرنجڕاکێشە هەندێک جار لە پەرەسەندندا کەمترین زۆرترینە"، ئاماژەی بەوەشکردووە "بە لەدەستدانی تایبەتمەندیەک، لەوانەیە دەرگا بۆ هەندێک گۆڕانکاری نوێ بکاتەوە."

باخچەکانی گیانلەبەرە کێوییەکانی ئەفریکا ڕووبەڕووی مەترسییەکانی کەشوهەوا و ژینگە دەبنەوە

باخچە نەتەوەییەکانی ئەفریکا شوێنی هەزاران جۆری گیانلەبەرە کێوییەکانە وەک شێر و فیل و گامێش. ناوچە پارێزراوەکان زیاتر لە مەترسیدان بەهۆی بارانبارینی کەمتر لە مامناوەند و پڕۆژەی نوێی سیستەمی گشتی.

گۆڕانی کەشوهەوا لە ئێستاوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن وشکبوونەوەی توند لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریکا سەختتر دەکات. چەند پسپۆڕێکی بواری ژینگە دەڵێن، زیاتربوونی گەشەپێدان، لەوانەش هەڵکەندن بۆ نەوت و کشتوکاڵ، زیان بە هەوڵەکانی پاراستن لە ناوچە پارێزراوەکان دەگەیەنێت.

باخچەکانی مەترسیان لەسەرە لە کینیا، تانزانیا، مۆزەمبیک، باشووری ئەفریکا، کۆنگۆ و وڵاتانی دیکەن.

باخچەکان تەنها ڕووەک و ئاژەڵ ناپارێزن. هەروەها وەکو حەوزی کاربۆنی سروشتی کاردەکەن. ئەمەش واتە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەگرن و یارمەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرمبوونی جیهان دەدەن.

کێن مواتێ لە ڕێکخراوی باڵندەی نێونەتەوەیی وتی بە مەزەندەکردن لە٪38ی ناوچە جۆراوجۆرە زیندووەکانی ئەفریکا لە ژێر هەڕەشەی گەورەدان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەپێدانی ژێرخان.

مواتێ گوتی وەبەرهێنەران ئەو ناوچانە بە ئامادە بۆ گەشەپێدان دەزانن، ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتەکان هەندێک بەرپرسیارێتییان لەسەرە لەو بارەیەوە وتی حکومەتەکان "زەوییەکانی ئەم ناوچانەیان بۆ گەشەپێدانی ژێرخان واڵاکردوە."

گەلانی ئەفریکا بەدوای بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامدان، لەوانە دەستڕاگەیشتن بە ئاو خاوێن، خۆراکی پاک، گەشەی ئابووری و باشترکردنی پەروەردەی گشتی. هەوڵەکە دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک لە حکومەتەکان دەست بە پڕۆژەی بیناسازی گەورە بکەن. زۆرێک لەوانە لەڕێگەی وەبەرهێنانی بیانییەوەیە، بەتایبەتی لە چینەوە.

بۆری نەوتی پێشنیارکراوی ڕۆژهەڵاتی ئەفریکا نموونەیەکە. حکومەتی ئۆگاندا دەڵێت ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دورخستنەوەی ملیۆنان کەس لە هەژاری. بەڵام پلانەکە داوا دەکات بۆرییەکە بە دۆڵی کیدێپۆ و تاڤگەکانی مورچیسۆن و دارستانی نەبڕاوی بویندیدا بڕوات. ئەم جۆرە پلانانە هەڕەشە لە جۆرەکان دەکەن و ڕەخنەی چالاکوانانی ژینگەی لێ گەتەوە.

پارێزەرانی ژینگە دەڵێن، گەشەی دانیشتووان و بیناسازی پێکەوە، فشارەکانی لەسەر باخچەکان زیاتر کردووە. بەڵام دەشڵێن، جێگرتنەوەی گیانلەبەرە کێوییەکان بە ژێرخان ڕێگایەکی هەڵەیە بۆ گەشەی ئابووری.

سام شابا بەڕێوەبەری پرۆگرامە لە دامەزراوەی هانیگاید کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە بۆ ژینگە لە تانزانیا دەڵێت "دەبێت داهاتوویەکمان هەبێت گیانلەبەرە کێوییەکان لە مرۆڤەکان جیا نەکرێتەوە."

شابا وتی کاتێک "خەڵک دەست دەکەن بە بینینی ئەوەی کە ژیان لەگەڵ گیانلەبەرە کێوییەکان وەڵامی گەشەپێدانی بەردەوام دەداتەوە، ئەوە هۆکاری گۆڕینی بنەمای یارییەکە".

زۆرینەی باخچە کێوییەکانی ئەفریکا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم لەلایەن فەرمانڕەوا کۆلۆنیالیەکانەوە دروستکراون. ناوچەکانیان تەلبەند کرد و فەرمانیان بە خەڵکی ناوچەکە کرد کە لە دەرەوە بمێننەوە.

بەڵام ئێستا پارێزەران بە دوای سیاسەتی گشتگیرتردا دەگەڕێن بۆ بەڕێوەبردنی باخچەکان. ئادێمۆلا ئەجاگبێ بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی ناوچەیی ئەفریکایە لە ڕێکخراوی The Nature Conservancy وتی ئەوان بەدوای شارەزایی کۆمەڵگە ڕەسەنەکاندا دەگەڕێن کە لە دەوروبەری باخچەکان دەژین و دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پاراستنیان.

سیمۆن کاونسێل ڕاوێژکاری کۆمپانیای سرڤایڤڵ ئینتەرناشناڵ دەڵێت "گەلانی ئەم ناوچانە ناچارن بجوڵێن "وەک ماسایەکان (لە تانزانیا و کینیا) توا و مبوتیسەکان (لە ناوەڕاستی ئەفریکا) کە بۆ چەندین نەوە لەگەڵ گیانلەبەرە کێوییەکان دەژین".

گوتیشی "ئەفریکا وەک شوێنێکی گیانلەبەرە کێوییەکان وێنا دەکرێت بەبێ ئەوەی خەڵک لەوێ بژین و ئەمەش پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە".

شارەزایان دەڵێن، نابێت کاریگەرییەکانی خراپتربوونی بارودۆخی کەشوهەوا لە باخچە نەتەوەییەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا پشتگوێ بخرێت.

توێژینەوەیەکی ئەم دواییە لە باخچە نەتەوەییەکەی کرۆگەر لە باشووری ئەفریکا ئەنجامدراوە، ڕووداوە سەختەکانی کەشوهەوای بە لەدەستدانی ڕووەک و ئاژەڵەکانەوە بەستەوە.

فیلیپ واندێرا پێشتر ئەفسەر بووە لە خزمەتگوزاری ئاژەڵە کێوییەکانی کینیا ئێستا لە زانکۆی کاسۆلیکی ڕۆژهەڵاتی ئەفریکا وانە لە بواری پاراستن دەڵێتەوە دەڵێت "وشکەساڵی مەترسییەکی گەورەی لەسەر جۆرەکانی وەک کەروێشک و فیل و شێر دروستکردووە، چونکە بڕی خۆراکی بەردەست کەمکردۆتەوە.

واندێرا وتی بەڕێوەبردنی چڕتری باخچەکان و لابردنی تەلبەنەکان کە ڕێگری لە گەشتکردنی جۆرەکان دەکەن بۆ ناوچە تەڕەکان هەنگاوی یەکەمی گرنگن بۆ پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یارمەتی دارایی بۆ "پشتیوانیکردنی کۆمەڵگاکانی ناو باخچەکان و دەوروبەری" هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنیان.

پەنگوینەکانی ئەفریکای باشوور بەهۆی ژاوەژاوی کەشتیوانیەوە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە

پەنگوینەکان لە باشووری ئەفریکا بەهۆی ژاوەژاوی چالاکییەکانی کەشتیوانی لە ژینگەی زێدی خۆیان دوور دەکەونەوە.

پەنگوینەکانی ئەفریکا لە دوورگەی سانت کرۆکس لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی باشووری ئەفریکا دەژین. ئەوگیاندارانە لە ئێستاوە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە پەنگوینەکانی ئەفریکا ژینگەی سروشتی خۆیان بەجێدەهێڵن بۆ ئەوەی لە ژاوەژاوەی هاتووچۆی کەشتییەکانی خۆپڕسووتەمەنەی دەکەنەوە ڕزگاریان بێت.

ڕۆژانێک بوە ئەم دوورگەیە گەورەترین کۆلۆنی زاوزێی ئاژەڵەکان بوە لە جیهاندا. بەڵام لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ژمارەی جۆرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە لەو کاتەوەی ئەفریکای باشوور شەش ساڵ لەمەوبەر دەستیکردووە بە ڕێگەدان بە کەشتییەکانی ناوچەکە بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە دەریادا.

لۆریان پیچێگرو بەڕێوەبەری پەیمانگای توێژینەوەی کەنارئاوەکان و دەریا لە زانکۆی نێڵسۆن ماندێلا و سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوەکە بۆی دەرکەوتووە لە دوای دەستپێکردنی چالاکییەکانی پڕکردنەوەی سووتەمەنی ئاستی ژاوەژاو لە ناوچەکەدا دوو هێندە زیادیکردووە.

زانایان دەڵێن ئاستی بەرزی ژاوەژاو کاریگەری لەسەر توانای ئاژەڵەکانی زەریاکان هەیە بۆ دۆزینەوە و گرتن و ڕواکردنی گیاندارانی تر بۆ خۆراک. هەروەها ژاوەژاو وا دەکات بۆ پەیوەندیکردن ئاژەڵەکان لەگەڵ یەکتر و دانانی ڕێڕەوی گەشتکردنیان سەختتر بێت.

پیچێگرو دەڵێت "ئەمساڵ لە سانت کرۆکس تەنها 1200 جووت زاوزێیانکردوە لەکاتێکدا لە ساڵی 2016 ژمارەیان 8500 جووت بوە". من هەموو مانگێک لە کەناری کەنداوەکە باڵندە مردووەکانم دەژمارد".

توێژینەوەکە لەم دواییانەدا لە بڵاوکراوەی Science of the Total Environment زانستی ژینگەی کۆی گشتیدا دەرکەوتووە. توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، توێژینەوەکە یەکەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژاوەژاوی هاتوچۆی زەریاکان لەسەر باڵندەیەکی دەریایی دەکات.

لە ساڵی ٢٠١٦دا، دەسەڵاتی سەلامەتی دەریایی ئەفریکای باشوور SAMSA یەکەم مۆڵەتی بەڕێوەبردنی سووتەمەنی دەریایی لە وڵاتەکەدا بە کۆمپانیای ئەجیەن مارین بەخشی. دواتر دوو مۆڵەتی بە کۆمپانیای SA Marine Fuels و Heron Marine دا.

ئەو کۆمپانیایانە کە چالاکییەکانی پڕکردنەوەی سووتەمەنی بەڕێوەدەبەن، بەدەم داواکارییەکەی ڕۆیتەرزەوە بۆ لێدوان نەهاتوون.

فەرمانێک بۆ ڕاگرتنی هەر مۆڵەتێکی نوێ لە مانگی 8ی ساڵی 2019ەوە جێبەجێ کراوە، بەڵام تەنها دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەیەکی ژینگەیی لەلایەن بەرپرسانی بەندەرەوە هەڵدەگیرێت. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا توێژینەوەکە ئەنجام بدرێت.

توێژینەوەکەی زانکۆی نێڵسۆن ماندێلا داتای ئامرازەکانی ناسینەوەی کەشتییەکانی بەکارهێناوە بۆ خەمڵاندنی ژاوەژاوی ژێر ئاوی کەشتییە تێپەڕبووەکان.

لە ساڵی 2019 لە کەنداوی ئەلگۆا دوای ڕژانی نەوت لە کاتی سووتەمەنی وەرگرتندا لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی تر پەنگوین دۆزرانەوە بە نەوت داپۆشراوبوون، گروپەکانی ژینگەپارێزی داوایان کردووە ئەو چالاکییانە لە کەنداوەکەدا قەدەغە بکرێن.

پیچێگرو گوتی پەنگوینەکان لە ناوچەکە لە ئێستاوە بەهۆی زنجیرەیەک پرسەوە گرفتی زاوزێکردنیان هەیە، لەنێویاندا کارەکانی ماسیگرتنی پیشەسازی. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی چالاکییەکانی پڕکردنەوەی سووتەمەنی هەموو پەنگوینەکان نەکوژراون. گوتیشی "تەنها ئەو ڕووداوە وایکرد تەواوی ژینگەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت و دواتر پەنگوینەکان نەیانتوانی بەرگەی ئەوە بگرن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:40 0:00

XS
SM
MD
LG