Accessibility links

ڕووسیا کیێڤ بە ژەهراویکردنی بەشێک لە سەربازەکانی تۆمەتبار دەکات


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی شەممە ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە ژەهراویکردنی بەشێک لە سەربازەکانی لە بەشی ناوچەی زاپۆریژیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی 7 دا کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە.

ڕاوێژکارێکی وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا لە وەڵامی ئەو ڕووداوەدا ڕایگەیاند؛ ئەو ژەهراویبوونە گوماناوییە دەکرا بەهۆی خواردنی گۆشتی قوتووی بەسەرچووە بووبێت کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە بەسەریاندا دابەشدەکرێت .

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە؛ لە 31ی مانگی حەوتدا ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا بە نیشانەکانی ژەهراویبوونی سەختەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازی، لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە ماددەیەکی ژەهراوی بە ناوی ژەهری بۆتولینیۆم جۆری Bلە جەستەیاندا هەبووە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "لەبارەی ئەو ڕاستییەی تیرۆری کیمیایی، ڕووسیا بە ئەنجامی سەرجەم شیکارییەکان بەڵگەی پشتیوانی بۆ ئەو کەیسە ئامادە دەکات."

ئاماژەی بەوە نەکراوە کە چەند سەرباز زیانیان بەرکەوتووە و ئێستا لە چ بارودۆخێکدان یان چ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدایە.

ژەهری بۆتولینیۆم جۆری B ژەهرێکی دەمارییە کە دەتوانێت ببێتە هۆی بۆتولیزم کاتێک لە بەرهەمە خۆراکییە پیسبووەکانی پێشوودا دەخورێت، بەڵام دەتوانێت سوودی پزیشکیشی هەبێت.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکەی ڕۆیتەرز نەدایەوە بۆ لێدوان، بەڵام ئانتۆن جیراشچێنکۆ، ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا لە ئەپی نامە ناردنی تێلیگرامەوە لێدوانی لەسەر ئەو تۆمەتەی ڕووسیا بڵاوکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە " وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕوونی ناکاتەوە کە ئایا دەکرا ژەهراویبوونەکە بەهۆی گۆشتی قوتووی بەسەرچووەوە بووبێت، کە زۆرجار ژەهری بۆتولینیۆم تێیدا دەدۆزرێتەوە. بەشەخۆراکی دواکەوتوو لە یەکەم ڕۆژەکانی داگیرکارییەوە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان گلەیی لێکراوە".

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی زیاتر لە ڕووداوێک ئەنجام دەدەن کە تیایدا ڤۆلۆدیمیر سالدۆ، فەرمانڕەوای دامەزراو لەلایەن ڕووسیاوە لە ناوچەی خێرسۆنی داگیرکراوی ئۆکرانیا نەخۆش کەوتووە.

سالدۆ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی شاری خێرسۆن بوو کە لە سەرەتای مانگی ئازاردا کاتێک سەربازانی ڕووسیا دەستیان بەسەردا گرتبوو، وەک سەرۆکایەتی هەرێم بە هەمان ناو دەستنیشانکرابوو، لە سەرەتای مانگی 8 دا نەخۆش کەوت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG