سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا هەنگاو دەنێت بۆ کڕینی نزیکەی 150 هەزار تەن دانەوێڵە لە ئۆکرانیا بۆ ناردنی یارمەتی خۆراک بۆ وڵاتە هەژارەکان لە ڕێگەی ئەو بەندەرانەی ئۆکرانیاوە کە چیتر بەهۆی جەنگەوە گەمارۆیان لەسەر نییە.
سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیڤید بیزڵی گوتی شوێنی کۆتایی دانەوێڵەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە و گفتوگۆکان بەردەوامن. بەڵام ئەو بارکردنە پلان بۆ داڕێژراوە، یەکێکە لەو چەند بارەی کە دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی بەدوایدا دەگەڕێت، زیاتر لە شەش هێندەی ئەو بڕە دانەوێڵەیە کە یەکەم کەشتی بوو لەلایەن بەرنامەی جیهانی خۆراکەوە لە ئۆکرانیاوە ڕێکخرابوو ئێستا بەرەو ئەو وڵاتانە دەیبەن لە باشووری ئەفریکا کە خەڵکەکەی لە مەترسی برسێتیدان.
بیزڵی ڕۆژی هەینی لە باکووری کینیا گوتی ئەو وڵاتە لە قووڵایی وشکەساڵییەکدایە کە ناوچەی قۆچی ئەفریکا وشک دەکاتەوە. ئەو لەگەڵ ژنانی ناوچەکەدا ژێر دارێکی دڕکەڵاندا دانیشتبوو بە ئاژانسی ئەی پی ڕاگەیاند دوایین جار کە باران باریوە لە ساڵی 2019 بووە.
ئەو کۆمەڵگەیانەی تا سەرئێسقان توشی وشکەساڵ بوونەتەوە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ڕووبەڕووی وەرزێکی تری بارانبارینی شکستخواردوو دەبنەوە کە دەتوانێت بەشێک لە ناوچەکە بە تایبەت سۆماڵی دراوسێ تووشی برسێتی بکات. هەر ئێستا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرنامەی خۆراكی جیهانی ڕایدەگەیەنێت 22 ملیۆن كەس برسین.
بێزڵی گوتیشی "پێموایە ئەگەرێکی زۆر هەیە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا برسێتی لە ڕادەبەدەر ڕابگەیەنین".
ئۆکرانیا سەرچاوەی نیوەی ئەو دانەوێڵەیە بوو کە بەرنامەی خۆراکی جیهانی ساڵی ڕابردوو بۆ دابینکردنی خۆراکی 130 ملیۆن کەسی برسی کڕیبووی. ڕووسیا و ئۆکرانیا مانگی ڕابردوو ڕێککەوتنیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی تورکیا واژۆ کرد بۆ ئەوەی بتوانن هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ یەکەمجار لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا لە مانگی 2 ەوە هەناردەی جیهان بکەن.
سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس
نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمەریکا بارێکی گەورەی دانەوێڵە لە ئۆکرانیا دەکڕێت و ڕەوانەی وڵاتە هەژارەکانی دەکات
