Accessibility links

بەهۆی تۆپبارانکردنی شاری ئەلباب لە باکوری سوریا 14 کەس کوژران


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا دەڵێت هێزەکانی حکومەتی سوریا لە ناوچە گوندییەکانی حەلەب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، گەڕەک و بازاڕی شاری ئەلبابیان تۆپباران کردووە و لە ئەنجامدا 14 کەس کوژراون و پێنجیان منداڵبوون. هەروەها 38 کەسی دیکە برینداربوون.

ڕوانگەی سوریا دەڵێت بەپێی سەرچاوەکانی لە ناو سوریا، ئەم تۆپبارانەی هێزەکانی ڕژێم وەک کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر کوژرانی سەربازەکانی لە بنکەیەکی سەربازی لە نزیک کۆبانی بە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە ڕۆژی سێشەممەدا.



ئەلباب دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو ناوچانەی پارێزگای حەلەب کە لەلایەن یاخیبووانی سەر بە تورکیاوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام بەشەکانی دیکە لە ژێر دەستی سەربازانی حکومەتی سوریان کە لەلایەن ڕووسیاوە پاڵپشتی دەکرێن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن، گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دەستپێکردۆتەوە، بەشێک لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتیش کۆنترۆڵ دەکەن.

فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند کە هێزەکانیان هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشەی ڕۆژی هەینیەوە نییە.

چالاکوانانی ئەلباب دوای نوێژی هەینی پلانیان دانابوو شەرمەزاری ئەو لێدوانانەی تورکیا بکەن کە داوای ئاشتەوایی نێوان حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی کردبوو.

لە بەیاننامەیەکدا کە دوای هێرشەکەی ڕۆژی هەینی بەسەر میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، چالاکوانان لە ترسی توندوتیژی زیاتر خۆپیشاندانەکەیان هەڵوەشاندەوە.

سەرچاوە/ ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG