Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد کە منداڵێکیان لە فەلوجەوە ڕفاندبوو بۆ هەڵەبجە


بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە دوای دۆزینەوەی منداڵێک لە هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوا و لێکۆڵینەوە لە منداڵەکە، دەردەکەوێت منداڵەکە لە فەلوجەوە لە لایەن دوو تۆمەتبارەوە ڕفێنراوە بۆ هەڵەبجە، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایدا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکران و منداڵەکە ڕادەستی باوکی کرایەوە کە بە وتەی پۆلیس دایکی منداڵەکە لەگەڵ پیاوێکی دیکە ڕفاندوویانەوە و لە بەرامبەر ئازاد کردنی داوای پارەیان لە باوکی منداڵەکە کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباریان ڕاگەیاند کە هەستابوون بە ڕفاندنی منداڵێک لە فەلوجەوە بۆ هەڵەبجە و دواتر جێهێشتنی منداڵەکە لە هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوا، منداڵەکە ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە و دوو تۆمەتبارەکەش ڕادەستی دادگای فەلوجە کرانەوە .

موقدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دوو تۆمەتبار کە یەکێکیان دایکی منداڵەکەیە و لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکە کە پیاوە لە فەلوجەوە هاتوون بۆ کوردستان و منداڵەکەیان لە هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوا جێهێشتووە، دوای گەیشتنی هەواڵی دۆزینەوەی منداڵێک، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە و دواتر هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکرێن".

نەهرۆ محەمەد باوکی منداڵەکە یە و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند" زۆر سوپاسی هەموو هێزە ئاسایشییەکانی هەڵەبجە و فەلوجە دەکەم کە پێکەوە کاریان کرد بۆ دۆزینەوەی منداڵەکەم، من هیچ کێشەیەکم لە گەڵ خێزانم نەبووە داوای حەوت هەزار دۆلار کراوە بۆ ئازاد کردنی منداڵەکەم، من ئامادەبوون پارەکە بدەم بەڵام هێزە ئەمنیەکان ڕێگەیان نەدا و هەردووکیان دەستگیر کردن".

بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە 16ی مانگی هەشتی 2022، باوکی منداڵەکە لە دادگای فەلوجە سکاڵا تۆماردەکات لەسەر ونبوونی منداڵ و خێزانەکەی، دواتر منداڵەکە لە هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوا لە ناوچەی هەورامان دەدۆزرێتەوە و هەردوو تۆمەتبارەکە بە پێی مادەی 381 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر دەکرێن و منداڵەکەش بە تەندروستیەکی جێگیرەوە ڕادەستی باوکی کرایەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:04 0:00

XS
SM
MD
LG