وەزیری تەندروستی ئۆکرانیا دەسەڵاتدارانی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی تاوانێک دژی مرۆڤایەتی، بەهۆی ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری تەندروستی و دەرمانی گونجاو لەو ناوچانەی کە هێزەکانی ڕووسیا لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە داگیری کردوون.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، ڤیکتۆر لیاشکۆ وەزیری تەندروستی ئۆکرانیا ڕایگەیاند؛ دەسەڵاتدارانی ڕووسیا چەندینجار ڕێگرییان لە هەوڵەکان کردووە بۆ دابینکردنی دەرمان بە پاڵپشتی دەوڵەت بۆ خەڵکی لە شار و شارۆچکە و گوندە داگیرکراوەکاندا.
لیاشکۆ درەنگانێکی ڕۆژی هەینی لە وەزارەتی تەندروستی لە کیێڤ ڕایگەیاند "بە درێژایی تەواوی شەش مانگی جەنگەکە، ڕووسیا ڕێگەی نەداوە ڕێڕەوی مرۆیی دروست سازبکرێت بۆ ئەوەی بتوانین دەرمان و پێداویستی تەندروستی خۆمان دابین بکەین بۆ ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان پێیەتی."
وەزیرەکە گوتیشی "پێمانوایە ئەم کارانە بە مەبەست لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجام دەدرێن، بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ دەزانین کە دەکرێنە بەڵگە و دانیان پێدا دەنرێت."
حکومەتی ئۆکرانیا بەرنامەیەکی داڕێژراوی هەیە کە دەرمان بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشی درێژخایەنی تەندروستییان هەیە. بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی ئۆکرانیا، وێرانبوونی نەخۆشخانە و ژێرخانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئاوارەبوونی نزیکەی 7 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکەدا کە مەزەندە دەکرێت بوونەتە هۆی گرفت بۆ جۆرەکانی تری چارەسەرکردن لەو وڵاتەدا.
هەر لەو کاتەوەی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە 24 ی مانگی دوودا فەرمانی بە سەربازەکانی کرد بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە، ئەم شەڕە بووەتە هۆی پچڕانی توندی خزمەتگوزاری تەندروستی.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە، تا 11ی مانگی هەشتی ئەمساڵ 445 هێرشیان بۆ سەر نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکانی دیکە تۆمارکردووە کە ڕاستەوخۆ 86 کەس گیانیان لەدەستداوە و 105 کەسیش برینداربوون.
بەڵام لیاشکۆ گوتی کاریگەرییە لاوەکییەکان زۆر سەخترن، گوتیشی "لە كاتێكدا ڕێگاوبان و پردەكان زیانیان بەركەوتووە لەو ناوچانەی ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆكرانیادان ئەستەمە كەسێك بگەیەنرێتە نەخۆشخانە كە جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشكی لێیداوە." و "هەندێک جار ئێمە ناتوانین لە کاتی خۆیدا بگەینە ئەوێ، ئەمبولانسەکە ناتوانێت لە کاتی خۆیدا بگاتە ئەوێ. هەر بۆیە جەنگ زیانی زۆر زیاتری لێدەکەوێتەوە بە بەراورد بەو کەسانەی لە شەڕەکەدا کوژراون کە ژمارەیەکە ناتوانرێت هەژمار بکرێت."
سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس
وەزیری تەندروستی ئۆکرانیا: ڕووسیا بە ڕێگریکردن لە گەیاندنی دەرمان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات
