Accessibility links

گەنجان و لاوانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی لاواندا نیگەرانن لە پەراوێزخستنیان


لە ڕۆژی جیهانی لاواندا و لە هەرێمی کوردستاندا لاوان نیگەرانن لە بەدەمەوە ناهاتنیان و زۆربەیان بەدەست بێکاری و نەبوونی شوین و ناوەندێکەوە گیرۆدە بوون، پێشیان وایە کە شوێنێک نیە کە بتوانن تێیدا پەرە بەتواناکانیان بدەن، لە بەرامبەردا بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی لاوان دەڵێن هەموو داواکارییەکانیان بۆ لاوان لەلایەن حکومەتەوە بە هۆکاری قەیرانی دارایی ڕەتدەکرێنەوە .

لە ڕۆژی جیهانی لاواندا و لە پارێزگای هەڵەبجە ژمارەیەک چالاکی جیاجیا بەڕێوەچوون کە تایبەت بوون بە گرنگیدان بە لاوان و چۆنیەتی گەشەدان بە تواناکانیان، لە بەرامبەردا لاوانی هەڵەبجە نیگەرانن لەو دۆخەی کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت و دەڵێن ئێستا لاوان قوربانی بێکاری و نەبوونی ناوەندێکن بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانیان و پەرەپێدان بە تواناکانیان.

بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەڵەبجە بە هەماهەنگی ڕێکخراوی شنروێی کاکەیی و سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان وۆڕکشۆپێکی بۆ ژمارەیەکی فراوان لە لاوان لە ژێر ناونیشانی گەنج و تەکنەلۆژیا و سەرکەوتن ڕێکخست. ئەردەڵان کاکەیی یەکێک لە ڕێکخەرانی چالاکیەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو گەنجانەی کە دەیانەوێت ئیشەکانیان پەرەپێبدەن، چۆن لە تەکنەلۆژیادا بازاڕی بۆ بدۆزێتەوە، تێیدا بە شێوەیەکی زانستی فێر دەکرێن کە کارەکانیان چۆن لە تەکەنەلۆژیادا گەشە پێ بدەن.

لاوانی هەڵەبجە دەڵێن لە ئێستادا پەراوێز خراون و شوێنێکی ئەوتۆ نیە بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانیان بدەن. سۆلین سەردار دەڵێت "گرنگە لە ڕێگەی ئەم وۆڕکشۆپانەوە گرنگی زیاتر بە گەنجان بدرێت ". بەشێکی دیکە لە لاوان وەک ژینۆ عەلی دەڵێت "ئەم ڕۆژە پیرۆزە لە لاوانی هەڵەبجە کە پەراوێز خراون، ئەوەی دەکرێت بۆ لاوانیش ڕێکخراوەکان دەیکەن و حکومەت لاوانی پشتگۆێ خستووە."

ئەریوان سەڵاح بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "چەندین جار هەوڵمان داوە چالاکی بۆ لاوان بکەین بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەمانەوە نایەت، تەنانەت بۆ ڕۆژی جیهانی لاوانیش وەڵامی دەرخستەیەکی بچووکیان نەداینەوە تا لەم ڕۆژەدا لاوان دڵخۆش بکەین."

12ی مانگی هەشتی ساڵی 1999 نەتەوەیەگرتووەکان ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژی جیهانی لاوان ناساند، لەم ڕۆژەدا و لە جیهاندا بەرامبەر گرنگی و پێگەی لاوان لە هەموو وڵاتێکدا چالاکی جۆراوجۆر ڕێکدەخرێت، ئەمساڵ وەک لاوان دەڵێن بەدەست بێکاری و پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن و ئاسۆیەکی گەش بۆ گرنگی پێدانیان نابینن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:03 0:00
XS
SM
MD
LG