Accessibility links

زێلێنسکی تۆپبارانکردنی وێستگەی ئەتۆمی بە مەترسییەکی جیهانی ناودەبات


ڤۆلۆدەمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکی ڕۆژانەی درەنگانێکی شەوی پێنجشەممەدا ڕایگەیاند "تۆپبارانێکی دیکە لەلایەن ڕووسیاوە تۆمارکراوە" لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا کە گەورەترین دامەزراوەی ئەتۆمی ئەوروپایە.

زێلێنسکی گوتیشی " هیج کەسێکی دیکە بەو شێوەیە ئاوا ئاشکرا وێستگەیەکی ئەتۆمی بەکارنەهێناوە بۆ هەڕەشەکردن لە هەموو جیهان." ئاماژەی بەوەشکردووە "بە دڵنیاییەوە هەموو کەسێک لە جیهاندا پێویستە دەستبەجێ کاردانەوەی هەبێت بۆ دەرکردنی داگیرکەران لە خاکی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا. ئەمە بەرژەوەندییەکی جیهانییە نەک تەنیا پێویستییەکی ئۆکرانیا."

ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکتری بە تۆپبارانەکانی ئەو وێستگە ئەتۆمییە تۆمەتبار دەکەن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "نابێت ئەو دامەزراوەیە وەک بەشێک لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەکاربهێنرێت." و "لەبری ئەوە ڕێککەوتنی بەپەلە پێویستە لەسەر ئاستی تەکنیکی لەسەر ڕۆڵی سەلامەتی داماڵینی چەک و لەشکری لەو ناوچەیە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ناوچەکە."

زێلێنسکی هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ شێف خۆسێ ئەندرێس، دامەزرێنەری چێشتخانەی ناوەندی جیهانی کۆبووەتەوە، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مرۆییە و خۆراک دەدات بە خەڵک لەو وڵاتانەی کە تووشی شەڕ و کارەساتی سروشتی بوونەتەوە.

زێلێنسکی گوتیشی "لە یەکەم ڕۆژەکانی شەڕی ڕووسیا دژی وڵاتەکەمان، ڕێکخراوەکەی دەستی کرد بە کارکردن لەسەر سنوری پۆڵەندا بۆ کۆچبەران." ئاماژەی بەوەشکردووە "دواتر لە زۆرێک لە شارەکانی ئۆکرانیا دەستی بە چالاکییەکان کرد. زیاتر لە 130 ملیۆن ژەمە خواردنی بۆ هاوڵاتیانمان ئامادەکردووە."

لە پێشهاتێکی دیکەدا دوو کەشتی ڕۆژی هەینی بەندەرەکانی ئۆکرانیایان بەجێهێشت. ئۆلێکساندەر کوبراکۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئابوری ئۆکرانیا لە تویتێکدا نووسیویەتی یەکێک لە کەشتییەکان 23 هەزار تەن دانەوێڵەی بارکردووە و بەرەو ئەسیوپیا دەڕوات. 14 کەشتی، لەنێویاندا دوو کەشتی ڕۆژی هەینی بەندەرەکانی ئۆکرانیایان بەجێهێشتووە کە خۆراکیان بارکردبوو.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە تەقینەوەکانی سەرەتای هەفتە لە فڕۆکەخانەی سەربازی ساکی کە لەلایەن ڕووسیاوە بەڕێوەدەبرێت لە ڕۆژئاوای کریما "بە دڵنیاییەوە 8 فڕۆکەی سەر بە کەشتی دەریای ڕەشی هێزی دەریایی ڕووسیایان لەناوبردووە یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە".

هۆکاری تەواوەتی تەقینەوەکە جارێ ڕوون نییە بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە، بەڵام وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە “ئەو گەواڵە دوکەڵە ڕەشەی کە لە ڤیدیۆی شایەتحاڵەکاندا دیارە، نزیکەی بە دڵنیاییەوە لە تەقینەوەی تا چوار شوێنی هەڵگرتنی تەقەمەنی ڕووپۆشنەکراو دەچێت”.

XS
SM
MD
LG