Accessibility links

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەوروپا و مردنی ماسییەکان بەهۆی وشکەساڵییەکی بەهێزەوە


ئاگرکوژێنەوەکان لە سەرانسەری ئەوروپاوە ڕۆژی پێنجشەممە لە هەوڵی بێوچاندا بوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرێکی گەورە لە فەرەنسا کە بەناو دارستانێکی گەورەی سنەوبەرەکاندا بڵاودەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەڵمانییەکان و پۆلەندییەکان ڕووبەڕووی مردنی ماسی بە کۆمەڵ بوونەتەوە لە ڕووبارێکدا کە بە نێو وڵاتەکانیاندا دەڕوات.

ئەوروپا لە ژێر شەپۆلێکی گەرمی توند و وشکەساڵیدا دەناڵێنێت کە بۆتە ئاکامێکی دڵتەزێن بۆ جووتیاران و سیستمی ژینگە کە لە ئێستاوە لە ژێر هەڕەشەدان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگەوە.

وشکەساڵییەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و خۆراکی دیکە لە کاتێکدا کەمی پێداویستییەکان و شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و کەمی دابینکردنی بەرهەمەکان.

لە کاتێکدا فەرەنسا ڕووبەڕووی خراپترین وشکەساڵی خۆی دەبێتەوە کە تائێستا تۆمارکرا بێت، بڵێسەی ئاگر لە شەوێکدا بەناو دارستانی سنەوبەرەکاندا هەڵگیرسا و ڕووناکییەکی ڕەنگ ئاگری بەهێز ئاسمانی ئەو ناوەی ڕووناک کردەوە لە ناوچەی جیغۆند کە پێشتر مانگی ڕابردوو بەهۆی بڵێسەی ئاگرەوە وێرابووبوو، هەروەها لە ناوچەی لاندسیش کە دراوسێی جیغۆندە. لە ڕۆژی سێشەممەوە زیاتر لە 68 کیلۆمەتر چوارگۆشە سووتاوە.

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە دارستانەکانەوە لە فەرەنسا پێشتر بووە هۆی نزیکەی 10 هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و لانیکەم 16 خانووی خاپور کردووە.

بە درێژایی ڕووباری ئودا کە لە چیکەوە بەرەو باکوور دەڕژێتە دەریای باڵتیک، خۆبەخشەکان خەریکی کۆکردنەوەی ماسییە مردووەکانن کە بە ڕێڕەوەی ڕووبارەکەدا لە پۆڵەندا و ئەڵمانیاوە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئەو ناوچەیە.

پیۆتر نیزنانسکی بەڕێوەبەری سیاسەتی پاراستنی ژینگە و سروشتی سەر بە بانکی نێودەوڵەتی WWF لە پۆڵەندا، ڕایگەیاند و گوتی وا دیارە کە ماددەیەکی کیمیایی ژەهراوی لەلایەن یەکێک لە کارگە پیشەسازییەکانەوە ڕژاوەتە ناو ئاوەکەوە و نزمی ئاستی ئاوەکەش کە بەهۆی وشکەساڵییەوەیە بووەتە هۆی ئەوەی بارودۆخەکان زۆر مەترسیدارتر بن بۆ ماسییەکان.

ناوبراو گوتیشی؛ ڕووداوێکی دڵتەزێن بە درێژایی ڕووباری ئۆدەر ڕوودەدات کە ڕووبارێکی نێودەوڵەتییە و هیچ زانیارییەکی ڕوون و ئاشکرا نییە سەبارەت بەوەی چی ڕوودەدات، داوای لە بەرپرسانی حکومەت کرد لێکۆڵینەوە بکەن.

هاوکات هۆشداری دراوه‌ته‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به ‌درێژایی ئەو ڕووباره‌‌ ده‌ژین، مه‌له‌ له‌ناو ئاوه‌كەدا‌ نه‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌ستیشی لێ نه‌ده‌ن.

سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG