Accessibility links

سوید ڕەزامەندی دەربڕیوە کەسێک ڕادەستی تورکیا بکاتەوە


حكومەتی سوید بڕیاری داوە كەسێک ڕادەستی توركیا بكاتەوە كە بە تۆمەتی ساختەكاری داواكراوە، ئەمەش یەكەم حاڵەتە لەو كاتەوەی توركیا داوای ڕادەستكردنەوەی ژمارەیەک كەسی كردووە تا لە بەرامبەردا تورکیا قایل بێت بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا .

تورکیای ئەندامی ناتۆ لە مانگی شەشی ڕابردوو ڤیتۆی خۆی لەسەر فینلاند و هەوڵەکانی سوید بۆ هاتنە ناو ناتۆ هەڵگرت دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستانی قورس کە ئەنقەرە تیایاندا هەردوو وڵاتی باکوری ئەوروپای بە داڵدەدانی ئەو کەسانە تۆمەتبار کرد کە وەک تورکیا دەڵێت ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانن .

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا تورکیا لیستی ئەو کەسانەی پێشکەش کرد کە دەیویست سوید ڕادەستی بکاتەوە، بەڵام لەو کاتەوە تورکیا بێزاری خۆی دەربڕیەوە لە نەبوونی پێشکەوتنێکی بەرچاو لەو بارەیەوە.

پیاوەکە کە تەمەنی لە سییەکاندایە، دەبێتە یەکەم حاڵەتی ڕادەستکردنەوەی کەسێک بە تورکیا لە دوای ئەنجامدانی رێککەوتنەکە.

مۆرگان یۆهانسۆن وەزیری دادی سوید لە پەیامێکی کورتدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "ئەمە پرسێکی ئاسایی ڕۆتینییە، ئەو کەسەی کە قسەی لەسەر دەکرێت هاووڵاتییەکی تورکیایە و لە ساڵانی 2013 و 2016 بە تاوانی ساختەکاری لە تورکیا سزا دراوە."

گوتیشی "دادگای باڵا وەک هەمیشە بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە كردووە و بەو ئەنجامە گەیشتووە كە هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم ڕادەستكردنەوەیدا نییە". وتەبێژی وەزارەتی داد ئامادە نەبوو باس لەوە بکات کە ئایا ئەو کەسە لە لیستی ئەو کەسانەدایە یان نا کە تورکیا داوای کردووە ڕادەست بکرێنەوە. هاوکات هیچ لێدوانێکی زیاتری لەسەر بابەتەکە نەدا.

کەناڵی SVT سویدی کە یەکەم جار ڕاپۆرتی لەسەر ڕادەستکردنەوەکە بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند ئەو کەسە لە تورکیا بە چەند هەژمارێکی ساختەکاری لە کارتی بانکیدا سزای 14 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

کەناڵی SVT سویدی ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو پیاوە لە ساڵی ڕابردووەوە لە سوید دەستبەسەر کراوە. پیاوەکە وتویەتی ئەو حوکمەی بەسەریدا سەپێنراوە ناڕەوایە، وە بۆیە سزادراوە چونکە ئەو ئاینەکەی خۆی گۆڕیوە بۆ ئاینی مەسیحی و ڕەتیکردووەتەوە خزمەتی سەربازی بکات چونکە بە ڕەچەڵەک کوردە.

بۆ زانینی زیاتر لەسەر ئەم کەسە، سەڵاح پیرۆتی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتووێژی لەگەڵ ناسر سینا، ڕۆژنامەوان و بەرپرسی ماڵپەر و تۆڕە کومەڵایەتییەکانی ڕادیۆی کوردی لە سوید ئەنجام دا.

ناسر سینا دەڵێت بەڵێ پیاوەکە بە ڕەگەز کوردە، بەڵام کەسێکی سیاسی نیـیە.

ئەمەش دەقی وتووێژەکەیە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:46 0:00
Direct link

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG