Accessibility links

میدیاکان: تۆمەتبارێکی داعشی "بیتڵز"ی بەریتانی لە کاتی گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا دەستگیرکرا


میدیاکان بڵاویانکردەوە؛ پیاوێکی بەریتانی کە تۆمەتبارە بە پەیوەندی بە شانەیەکی ڕفاندن و کوشتنی سەر بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش و کە بە "بیتڵز" ناسراوە، ڕۆژی چوارشەممە کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ بەریتانیا دەستگیرکراوە.

بەپێی هەواڵێکی بی بی سی نیوز و کەناڵەکانی دیکەی بەریتانیا، ئایین دەیڤسی تەمەن 38 ساڵ، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکایان لە فڕۆکەخانەی لوتۆن لە گەشتێکی تورکیاوە بۆ بەڕیتانیا دەستگیرکراوە، کە بەهۆی تاوانەکانی تیرۆرەوە سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.

گومان دەکرێت ئەو ئەندامی شانەیەکی داعش بووبێت، کە لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2015 دەیان کەسی بیانیان لە سوریا بە بارمتە گرتبوو و بەهۆی دیالێکتیکی ئینگلیزییە بەریتانییەکەیان لەلایەن دیلەکانیانەوە بە "بیتڵز" ناسرابوون.

پۆلیسی میترۆپۆلیتان کە سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەکانی دژە تیرۆر لە بەریتانیا دەکات، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ ئەفسەرەکان پیاوێکیان لە فڕۆکەخانەی لوتۆن دەستگیرکردووە.

بەڵام ئەو هێزەی لەندەن ناوی تۆمەتبارەکان ناهێنن تا ئەو کاتەی بە تاوانێک تۆمەتبار دەکرێن، ناوی ئەو کەسەیان نەهێناوە کە دەستبەسەر کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئەم پیاوە تەمەنی 38 ساڵە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە فڕۆكەیەك لە توركیاوە گەیشتووەتە بەریتانیا دەستگیركراوە".

ڕۆژنامەی The Met ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسە بەپێی چەند بەشێکی جیاوازی یاساکانی دژە تیرۆری بەریتانیا دەستگیرکراوە و گەیەندراوەتە بنکەیەکی پۆلیسی باشووری لەندەن "لە ئێستادا هەر دەستبەسەرە لە پۆلیس".

وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه‌ "هاوڵاتییه‌كی به‌ریتانی له‌ توركیاوه‌ ڕاگوێزراوەتەوە بۆ به‌ریتانیا."

ئاماژەی بەوەشکردووە "نەگونجاوە لێدوانی زیاتر بدرێت لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوامن".

ئەو چوار ئەندامەی "بیتڵز" تۆمەتبارن بە ڕفاندنی لانیکەم 27 ڕۆژنامەنووس و کارمەندی فریاگوزاری لە ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەوروپا، نیوزلەندا، ڕووسیا و ژاپۆن.

گوایە هەموویان دەستیان هەبووە لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی ئەمەریکی جەیمس فۆلی و ستیڤن سۆتلۆف و هەروەها کارمەندانی فریاگوزاری پیتەر کاسیگ و کایلا مۆلەر.

گوایە ئەو گروپە چوار کەسییە هەستاون بە ئەشکەنجەدانی ئەو چوار قوربانییە ئەمەریکاییە و کوشتوویانن، یەکێک لە کردەوەکانی کوشتنەکان سەربڕین بووە، داعش ڤیدیۆی کوشتنەکانی بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بڵاوکردۆتەوە.

ئەلێکساندا کۆتێی تەمەن 38 ساڵ پێشوتر خەڵکی بەریتانیا بووە لە ساڵی 2020 لە بەریتانیا ڕادەستی ئەمەریکا کرایەوە بۆ ئەوەی لەوێ ڕووبەڕووی تۆمەتەکان ببنەوە، دانی بە ڕۆڵی خۆیدا ناوە کە تاوانبار بووە بە کوشتنەکان و لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوودا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

ئەلشافیعی ئەلشێخ کە تەمەن 34 ساڵە یەکێکی دیکەیە کە پێشووتر خەڵکی بەریتانیا بووە، ئەویش لە هەمان کاتدا ڕادەستی ئەمەریکا کرابووەوە، لە مانگی 4 دا بە هەموو ئەو تۆمەتانە تاوانبار کرا و هەفتەی داهاتوو سزای بەسەردا دەسەپێندرێت.

چوارەمین "بیتڵ"ە کە ناوە ڕاستەقینەکەی محەمەد ئەموزیە، لە ساڵی 2015 دا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی لە سوریا کوژرا.

ئەلشێخ و کۆتێی لە مانگی یەکی ساڵی 2018 لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە بە ڕێبەرایەتی کوردانی سوریا دەستگیرکران و پێش ئەوەی ڕەوانەی بەریتانیا بکرێن، ڕادەستی هێزەکانی ئەمەریکا کران لە عێراق.

لە کۆتاییدا لە ساڵی 2020 بە فڕۆکە ڕەوانەی ویلایەتی ڤێرجینیا کران بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتی بە بارمتەگرتن و پیلانگێڕی بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی ئەمەریکایی و پشتگیریکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ببنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دەیڤس بە هۆی ئەندامێتی لەو گرووپە تیرۆریستییەدا بە سزای 7 ساڵ زیندانی سزا دراوە.

لە ساڵی 2014 هاوسەرەکەی ئەمال ئەلوەهابی بووە یەکەم کەس لە بەریتانیا کە بە تۆمەتی دابینکردنی بودجەی جیهادیەکانی داعش سزا درا دوای ئەوەی هەوڵیدا لە سوریا 20 هەزار یۆرۆی بۆ بنێرێت کە بەهای ئەو کاتەی ئەو بڕە پارەیە 25 هەزار دۆلار بووە.

دوای دادگاییکردنێک کە دەیڤس وەک بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان وەسفکرابوو، پێش ئەوەی بچێتە سوریا بۆ شەڕکردن وەک داعشێک، ئەو کچە بۆ ماوەی 28 مانگ زیندانی کرا.


XS
SM
MD
LG