Accessibility links

ئەمەریکا بە گوژمەی 89 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئۆکرانیا دەکات بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان لە مین و تەقەمەنییە چێنراوەکان


ئەمەریکا دەڵێت 89 ملیۆن دۆلار پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات بۆ یارمەتیدانی پاککردنەوەی ئەو مین و تەقەمەنیانەی لە ناوچە وشکانییەکان چێنراون، هەروەها ئەو تەقەمەنیانەی کە نەتەقیونەتەوە و لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە چێنراون یان بەجێماون لە چوارچێوەی لەشکرکێشییەکانی کرملین بۆ سەر ئۆکرانیا کە ماوەی پێنج مانگ و نیوە بەردەوامە.

پاکێجی یارمەتییەکان ڕۆژی سێشەممە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە ڕاگەیەندرا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی بودجە و ڕاهێنان و ئامێرەکانی نزیکەی 100 تیمی پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنییەکان تا ماوەی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا ئەوان ئەو کارەیان ئەنجامداوە کە بەرپرسان بە کێشەیەکی گەورە ناودێریان کردووە کە لانیکەم 160 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ئۆکرانیای گرتووەتەوە، لەنێویاندا 10%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئۆکرانیا.

ڕۆژی سێشەممە بەرپرسێکی ئۆکرانیا بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت بەپێی ئەو ڕێسا و یاسا بنەڕەتیانەی کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دانراون بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند؛ ئەمە ئاڵنگارییەکە بۆ دەیان ساڵ ڕووبەڕووی دەبینەوە.

ئەو بەرپرسە زیاتر بەکارهێنانی مین و تەقەمەنی لەلایەن ڕووسیاوە بەراورد کرد بە پیادەکردنی خاکی سوتماک و وێران کە لەلایەن گروپە تیرۆریستەکانەوە بەکاردەهێنرێت، وەک دەوڵەتی ئیسلامی داعش.

بەرپرسەکە دەڵێت "ئەم بەکارهێنانە ترسناکەی تەقەمەنی چێنراو لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە بیری تاکتیکەکانی داعش لە عێراق و سوریا دەهێنێتەوە یادمان، کە تیرۆریستانی داعش هەوڵیان دەدا زۆرترین قوربانی مەدەنی لێبکەوێتەوە و خەڵک بترسن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان."

بەرپرسەکە دەشڵێت "لەکاتی پاشەکشەی هێزەکانی ڕووسیا لە باکووری ئۆکرانیا، تەڵەی تەقینەوە و تەقەمەنی ئامادەکراو لە ناو دامەزراوەکانی خۆراک، سندوقی ئۆتۆمبێل، ئامێری جل شۆردن، دەرگا و قەرەوێڵەی نەخۆشخانە و تەنانەت تەرمی ئەو کەسانەشدا دایاننابوو کە بەهۆی لەشکرکێشییەکەوە کوژرابوون". وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ڕووسیا بە ئەنقەست مادەی تەقەمەنییان لەناو یاری و کەلوپەلی بریقەداردا شاردووەتەوە کە سەرنجی منداڵان ڕادەکێشن."

ئەو 89 ملیۆن دۆلارە لە هەردوو بودجەی ساڵی دارایی 2022ی وەزارەتی دەرەوە وەردەگیرێت، هەروەها لە زنجیرەیەک پڕۆژە یاسای تەواوکەری بودجە وەردەگیرێت کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکرابوون.

کۆمەکەکە ڕاستەوخۆ ناچێت بۆ حکومەتی ئۆکرانیا بەڵکو بە تێپەڕبوونی کات دەدرێت بە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بەڵێندەران و پسپۆڕانی دیکەی پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنییەکان، کە شانبەشانی تیمەکانی ئێستای پوچەڵکردنەوەی و ڕاماڵینی مین و تەقەمەنییەکانی ئۆکرانیا کاردەکەن.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە گوتیشی "لە کاتێکدا ئێمە بە نیازین ئەو هاوکارییە خێرایی پێشکەش بکەین، بەڵام کەمێک کات دەخایەنێت چونکە ئەو پرۆسەی ڕاهێنانە چەند بارە دەبێتەوە."

وردەکارییەکان سەبارەت بە ڕاهێنانەکان، لەوانەش شوێنی هەستیار، هێشتا کاری لەسەر دەکرێت، هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا لە پەیوەندیدان لەگەڵ هاوپەیمانان سەبارەت بە پێشکەشکردنی هاوکاری زیاتر.

ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە مانگی 6 ی ڕابردوودا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی پێکردووە، ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بە بەکارهێنانی حەوت جۆر مینی دژە مرۆیی لە ئۆکرانیا.

مینی دژە مرۆیی، کە بەهۆی دەستبەرکەوتن یان خۆلێدانەوە دەتەقێتەوە، بەپێی ڕێککەوتننامەی ئۆتاوای ساڵی 1997 قەدەغەکراوە.

نە ئەمەریکا و نە ڕووسیا واژۆکەری پەیماننامەکە نین. بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بەکارهێنانی مینە چێنراوەکانی سنووردار دەکات، تەنها بۆ یارمەتیدان لە بەرگریکردن لە کۆریای باشوور بەرامبەر بە کۆریای باکوور بەکاریدەهێنێت.

زۆربەی بەکارهێنانی مین لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە قەدەغە کراوە، جگە لە کۆریا.

وەک بەشێک لە پاکێجەکانی پێشووی هاوکاری ئەمنی بۆ ئۆکرانیا، ئەمەریکا تەقەمەنی دژە مرۆیی کلایمۆری دابین کردووە. بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە کە کلایمۆرەکان بە شێوەیەک ڕێکخراون کە لەگەڵ ئەو ڕێسایانەدا بگونجێت کە لە ڕێککەوتننامەی ئۆتاوادا هاتووە.

بۆ ئێستا، بەرپرسانی ئەمەریکا هیواخوازن کە هاوکارییە نوێیەکان بتوانن هەوڵەکانی ئێستای ئۆکرانیا بۆ داماڵینی مین و تەقەمەنییەکان گەورەتر بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، تیمەکانی ئۆکرانیا پێشتر نزیکەی 160 هەزار مین وتەقەمەنی و ئامێری دیکەی نەتەقێنراویان پاککردووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ڕاهێنان و ئامێر و ناردنی تیمە نوێیەکان، هیواخوازن کە ئۆکرانیا و ئەمەریکاش بتوانن باشتر لە ستراتیژی ڕووسیا تێبگەن.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا گوتی "ئێمە داتایەکی زۆر گشتگیرمان نییە لەسەر ئەوەی کە نەخشەکان چۆن بەڕێوەدەچن، بە تایبەتی چۆنێتی چاندنی ئەو مین و تەقەمەنییانە."

بەرپرسەکە دەشڵێت "ئەستەمە بڵێین لەم کاتەدا، بە ڕاستی، لۆژیک چی بوو لە پشت ئەنجامدانی ئەو کارەی کە کردوویانە و بەردەوامن لە ئەنجامدانی." ئاماژەی بەوەشکردووە "بەو شتەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە ئەوان مینەکانینا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچە مەدەنییەکاندا بڵاو کردۆتەوە . گریمانەکە ئەوەیە کە ڕێگری لە گەڕانەوەی ڕووسیا دەکات بە هەمان شێوەش ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی مەدەنیش دەکات بۆ ئەوەی بگەڕینەوە بۆ سەر ماڵەکانی خۆیان."


XS
SM
MD
LG