Accessibility links

پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان: ئێمە بەشێک نین لە هۆکاری خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان


تا دێت دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپی دەڕوات، لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دارایی، بەتایبەتیش کێشەی دواکەوتنی موچەی هاووڵاتیانی شاری سلێمانی، لایەنە سیاسیەکان یەکتری بە دروستبوونی دۆخەکە تۆمەتبار دەکەن، پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕانیش سەبارەت بەوەی گۆڕان وەک بەشێک لە دروستبوونی ئەو دۆخە دادەنرێت بەهۆی بەشداری کردنی لە حکومەت و بەشداری لە ڕێکەوتنەکان لەگەڵ یەکێتی و پارتی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەوە کێشەی ناکۆکی سیاسی نێوان یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە و پەیوەندی نیە بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە.

سەبارەت بە وتەکانی عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری کوردستان کە لە وتووێژێکی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو هۆکاری ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروست بووە و بەتایبەتیش دواکەوتنی موچە ڕێکەوتنی سێ قۆڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و گۆڕانە، بەڵێن ئیسماعیل پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێمە و لایەنێکی سیاسیدا نیە بۆ ئەوەی شارێک باجی ئەوە بدات.

" ئەوەی بە لای ئێمەوە سەیرە ئەو لێدوان و تێڕوانینانەیە کە بەشێک لە پەرلەمانتاران سەرۆکی فراکسیۆنەکانی هێزە ئیسلامیەکان بەتایبەتی برادەرانی یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری دژی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوی دەکەنەوە، گوایە ئەو ڕیکەوتنانە ڕیکەوتنی سێ قۆڵیە، بێگومان هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێمە و هیچ لایەنێکی سیاسیدا نیە بۆ ئەوەی خەڵکێک، شارێک یان پارێزگایەک باجی ئەم ناکۆکیە سیاسیانە بدات، بە پێچەوانەوە ئێمە هەڵوێستەکانمان و ڕێوشوێنەکانمان لەناو وەزارەتەکاندا لەسەر ئاستی سیاسی بۆ ئەوە بووە،کە ئەم دو ئیدارەییە، ئەم ناکۆکیە سیاسیە لە نێوان دو سوڵتەی سیاسی لە هەرێـم کاڵ کەینەوە بۆ ئەوەی خەڵک باجەکەی نەدات."

سەبارەت بە پرسی لێبڕینی مووچە بەڵێن ئیسماعیل دەڵێت ئەوە لە کابینەی هەشتدا کراوە نەک لەم کابینەیەدا، کە ئێمە ئەوکات لەناو کابینەکەدا بەشدار نەبوین.

" پاشەکەوتی موچە داهێنانێک بووە لە کابینەی هەشتدا کراوە، لە کاتێکدا کراوە کە ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان، لە ناو کابینەکە نەبوین، بەڵام هێزە ئیسلامیەکان بە تایبەت یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە کابینەکەدا بوون وە لەسەر دەستی ئەوان وەک ئەوەی باسدەکرێت لەسەر پێشنیاری یەکێک لە لایەنە ئیسلامیەکان پاشەکەوتی مووچە کراوە، مەبەستم ئەوەیە ئەم لێبڕینی مووچەیە، ئەم سزادانی فەرمانبەران هی ئەم کابینەیە نیە، لەسەر دەستی ئێمە و ڕێکەوتنی سێ قۆڵی نیە، لە کاتێکدا ئێمە تاوانبار دەکەن بە ڕێکەوتنێکی سێ قۆڵی، کە هۆکاری ئەم ڕێکەوتنەیە خەڵکی سلێمانی باجەکەی دەدات.

دەشڵێت ئەوان دەزانن لەسەر دەستی وەزیر و کاربەدەستەکانی ئێمە، ئیجرائات کراوە، بۆ نمونە سێ مودیری بانک لە سلێمانی، ڕەوانەی لیژنەی لێکۆڵینەوە کراون، وە کۆمەڵی دادگەریش لەسەر ویستی خۆیان نەبوون بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو باوەڕیەکی قوڵیان بەوە هەبوو کە بەشداری کابینەی نۆیەم ببن، وە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازی نەبوو ئەوان بەشداری بکەن لە حکومەتدا تەنانەت چەندین جار لای بزوتنەوەی گۆڕان شيفاعەتیان کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان قسەیان بۆ بکەین بۆ ئەوەی بەشداری حکومەت بکەن بەڵام پارتی ڕازی نەبوو."

لە پرسیاری ئەو گلەییانەی هاوڵاتیان کە ڕووبەڕووی بزوتنەوەکەی دەکەنەوە لەوەی نەیانتوانی ئەوەی بانگەشەیان بۆ دەکرد جێ بەجێی بکەن وە ئەگەر پێیان وایە حکومەت کەمتەرخەمە بۆ لە حکومەت ناکشێنەوە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: ڕەنگە منیش ڕەزامەند نەبم بە مانەوەمان لە حکومەتدا، بەڵام من بڕیار بەدەست نیم لەو بارەیەوە.

" من وەکو خۆم دەیان جار و سەدان جار ئەمەم وتووە کە بەشداری گۆڕان لە حکومەت، یان کشانەوەی ڕەنگە من زۆر پەیوەندیدار نەبم، واتە یەکێک نەبم لە بڕیار بەدەستەکانی ئەو قەرارەی کە بەشداری حکومەتمان کردووە، یان کەی دەکشێینەوە لە حکومەت، بەڵام لەبیرمان نەچێت لە کاتی لێبڕینی مووچە، یەکێک لە کاریگەریەکانی ئێمە کە لە مەحزەڕی حکومەتدا ماوە، ئەوە بوو، ئێمە %34 بڕینی مووچە کەمکرایەوە بۆ %21 وە دژی %21 کەش بوین، وەک فراکسیۆن لە پەرلەمان و پێمان وابووە مافێکی یاسایی موچە خۆران پێشیل دەکرێت."

لێدوانە دژ بەیەکەکانی لایەنەکان و تۆمەتەکانیان دژی یەکتر لە کاتێکدایە، دۆخی ئابوری هاوڵاتیان لە ئێستادا لە خراپترین ئاستدایە و ماوەی ساڵێک زیاترە لە شاری سلێمانی چەند کێشەیەکی تریش سەریان هەڵداوە، لەوانە خەرج نەکردنی پارەی چەندین پرۆژە و دواکەوتنی مووچەی هاوڵاتیان لە دیارترینیانن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:01 0:00
XS
SM
MD
LG