Accessibility links

حیزبوڵا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە بە ئامانجگرتنی چەكدارانی فەلەستینی لە لوبنان


سه‌ید حه‌سه‌ن نه‌سروڵا سه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریە به‌هێزەکەی لوبنان ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له ‌باره‌ی هه‌ر هه‌وڵێکی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی به‌ ئامانجگرتنی چه‌کدارانی فه‌له‌ستینی بۆ لوبنان هۆشداری دا.

نەسڕوڵا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی عاشوراوە، کە یادێکی نەریتی موسڵمانانی شیعەمەزهەبە بۆ یادکردنەوەی کوشتنی حوسێن نەوەى پێغەمبەری موسڵمانان محەمەد، ڕایگەیاند "هەر هێرشێک بۆ سەر هەر مرۆڤێک بێ سزا و بێ وەڵام نامێنێتەوە."

ئەم لێدوانە دوای هەڵگیرسانی توندوتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەزە هات، کە بەهۆی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی باڵای جیهادی ئیسلامی لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، بێنی گانتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بە ئەگەری بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی جیهادی ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات کرد، کە بە وتەی خۆی لە "چێشتخانە و هۆتێلەکانی تاران و سوریا و لوبنان" دەبینرێن.

گانتز دەڵێت "ئەوانیش دەبێت باجەکە بدەن."

ڕۆژی دووشەممە، ڕۆژێک دوای ئەوەی ئاگربەستێک بە نێوەندگیری میسر کۆتایی بە توندوتیژییەکانی غەزە هێنا، گوتی ئیسرائیل دەتوانێت "هێرشی پێشوەختە" لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بدات.

گوتیشی "لە داهاتووشدا ئەگەر پێویست بکات هێرشی پێشوەختە دەکەین بە مەبەستی بەرگریکردن لە هاوڵاتییان، سەروەری و ژێرخانی ئیسرائیل، ئەمەش بۆ هەموو بەرەکان دروستە لە تارانەوە تا خان یونس.

حیزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، دژایەتی توندی ئیسرائیل دەکات و لە چەند مانگی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەهۆی سنوورێکی دەریایی ناکۆکەوە لەنێوان لوبنان و ئیسرائیلدا زیاتر تاوی سەندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG