Accessibility links

تورکیا کۆگایەک و پردێک بۆ بازرگانیکردن بە کانزاکان پێشکەش بە ڕووسیا دەکات


سەرۆکی گروپێکی پیشەسازی دەڵێت؛ سزاکانی ڕۆژئاوا دەرفەتی بە کەرتی کانزاکانی تورکیا داوە کە وەک "کۆگا و پرد" کاربکەن، بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ئارەزووی کۆمپانیا ڕووسییەکان و کۆمپانیاکانی یەکێتی ئەوروپا کە دەیانەوێت لە ڕێگەی تورکیاوە کڕین و فرۆشتن لەگەڵ ڕووسیادا بکەن.

ڕۆژئاوا بە بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاشەوە سزایان سەپاندووە بەسەر دەستەبژێری سەرمایەداران، بانکەکان و پیشەسازییە ستراتیژییەکانی ڕووسیادا، لەو کاتەوەی ڕووسیا لە 24 ی مانگی دووەوە هێرشە داگیرکارییەکای دەستپیکردووە بۆ سەر ئۆکرانیا کە ڕووسیا بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" لە ئۆکرانیا ناوی دەبات.

سه‌تین ته‌كده‌لی ئۆغڵو سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌نارده‌كارانی كانزای ئاسن و کانزا نائاسنییه‌كانی ئه‌سته‌نبوڵ (IDDMIB) ڕایگه‌یاند كه‌ خواستی ڕووسیا له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ توركییه‌كان زیادی كردووه‌ كه‌ چیتر ناتوانێت له‌ كۆمپانیا ئه‌وروپییه‌كان وه‌ربگرێت و كۆمپانیا توركییه‌كانیش بەرپرسیاریان له‌ بازرگانه‌ ئه‌وروپیه‌كان وه‌رگرتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ دابینكردنی هاموشۆی کەلوپەل و بەرهەمەکان لەگەڵ ڕووسیا له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ .

ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند "ئەوەی ڕووسیا ناتوانن لە ئەڵمانیا، ئیتالیا و فەرەنسا بیكڕن، ئەوان لە ئێمەی دەكڕن. بەجیا، زۆرێك لە كۆمپانیاكانی یەكێتی ئەوروپا بە نیازن بەرهەمەكانیان لە ڕێگەی توركیاوە بە ڕووسیا بفرۆشن".

گوتیشی؛ ئەوان دەیانەوێت توركیا وەك كۆگا و پرد بەكاربهێنن، لە كاتێكدا ڕووسیا خوازیاری دابینكردنە لە توركیا، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوە "دەرفەتێكی مێژوویی" بووە بۆ كۆمپانیا توركییەكان.

ناوبراو ناوی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی نەهێناوە، هەروەها ئاماژەی بەوە نەکردووە کە چەندیان بەشداردەبن لەو پڕۆژەیەدا، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، مس و ئەلەمنیۆم و کەلوپەلی چێشتخانە و ئامێرەکانیان بەرهەمهێناوە.

بەپێی ئامارەکانی IDDMIB، هەناردەی ئاسنی و نائاسنی تورکیا لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا 8.9 ملیار لیرە بووە کە دەکاتە 495.58 ملیۆن دۆلار، کە بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر بەڕێژەی 33% زیادیکردووە. ئەوان 6.2%ی هەناردەی تورکیایان پێکهێناوە.

هەروەها داتاکان دەریدەخەن کە هەناردەی کانزای ئاسنی و نائاسنی تورکیا بۆ ڕووسیا بەڕێژەی 26% لە چاو ساڵی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە و تا 8ی مانگی هەشت گەیشتووەتە 170 ملیۆن دۆلار.

ناکۆکی نێوان مۆسکۆ و ڕۆژئاوا بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نیگەرانی لە ئەگەری بڕینی غازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا لێکەوتەوە، کە ڕەنگە بەشێک لە بەرهەمە پیشەسازییەکانی ئەوروپا ناچار بکات.

تەکدەلی ئۆغڵو گوتی کە دەکرێت دەرفەتێکی دیکە بۆ هەناردەکارانی بەرهەمی کانزایی تورکیا بڕەخسێنێت.

تورکیا ڕەخنەی لە لەشکرکێشی ڕووسیا گرت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکداری ڕەوانەی ئۆکرانیا کرد و هەوڵی ئاسانکاری بۆ دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان لایەنەکان داوە. بەڵام پشتگیری لە سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ نەکردووە و هەوڵدەدات پەیوەندییە نزیکەکانی بازرگانی و وزە و گەشتیاری بپارێزێت.

هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و چین تێکچووە دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەردانی تایوانی کرد، کە تەکدەلی ئۆغڵو گوتی دەرفەتێکی دیکەیە بۆ تورکیا ئەگەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی پێشوو تەگەرەی تێبکەوێت.

تورکیا بە ئاشکرا هیچ لێدوانێکی لەبارەی سەردانەکەی پێلۆسی نەداوە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بڕێک زمانی خۆی هێور کردۆتەوە لەسەر موسڵمانانی ئویغۆر کە کەمینەیەکی بەرچاو لە تورکیا پێکدەهێنن.

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا ساڵی ڕابردوو بە شی ژینگ پینگ هاوتا چینیەكەی گوتبوو كە بۆ توركیا گرنگە موسڵمانانی ئویغور وەك "هاوڵاتی یەكسان لە چین" لە ئاشتیدا بژین، بەڵام ڕایگەیاند كە توركیا رێز لە سەروەری نیشتمانی چین دەگرێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG