Accessibility links

د. مەحمود عوسمان: تا ناکۆکی نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی پەرە بسێنێت ناکۆکی پارتی و یەکێتی لە کوردستان پەرە دەسێنێت


د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی عێراقی کرد کە بێنە هەولێر بۆ کۆبونەوە و گفتوگۆکانیان بەڵام بە بڕوای د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەتدار و چاودێری سیاسی دەڵێت "ئەگەر گفتوگۆی لایەنە عێراقییەکان لە هەولێر بکرێت سەدر نایەڵێت سەرکەوتوو بێت، هیچ وڵاتێک تائێستا نه‌هاتووه‌ بكه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ خه‌ڵک تاقه‌تی چووه‌ له‌عێراق نه‌ ئه‌مه‌ریكا ته‌نانه‌ت ئێرانیش نایه‌ته‌ نێوانیانه‌وه‌ وه‌كو كۆن ڕێكیانبخه‌نه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ خۆیان ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن دابنیشن و گفتوگۆ بكه‌ن ،دەشڵێت" ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی عێراق به‌مشێوه‌یه‌ بمێنێت دوور نییه‌ پریشكی بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان چونکە ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌غداد ڕووده‌دات ئێستا دوو حیزبه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ یه‌كێكیان مه‌یلی سه‌دره‌ یه‌كێكیشیان مه‌یلی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌ و له‌گه‌ڵیانن، بێگومان ئه‌گه‌ر ناكۆكی ئه‌وان (سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی) په‌ره‌بسێنێت لێره‌ش په‌ره‌ ده‌سێنێت حه‌قبوو هه‌ردووكیان یه‌كگرتووبن و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌به‌غداد مامه‌ڵه‌ بكه‌ن نه‌ک یه‌كێكیان بچێته‌ ئه‌مبه‌ر و یه‌كێكیان بچێته‌ ئه‌وبه‌ر ئه‌وه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا شتێكی هه‌ڵه‌بووه‌، ئومێده‌وارم پێکدادان نه‌بێت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ پێكدادانی شه‌ڕ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م پێكدادانه‌ سیاسیه‌ و ئه‌م ناكۆكیه‌ سیاسیه‌ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌. "

" ته‌نانه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و دوو حیزبه‌ وه‌كو دوژمنی یه‌كترین "
لە سەرەتای قسەکانیدا د. مەحمود عوسمان وتی" عێراق كه‌وتۆته‌ ده‌ست كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێک كه‌ توانای ئیداره‌دانی ئه‌و وڵاته‌یان نییه‌، وه‌ هه‌ر ته‌ركیزێكمان له‌سه‌ر كێشه‌ی حیزبه‌ یان كوتله‌كان یان كه‌سیی ناكۆكیه‌كانیان بووه‌ به‌دوژمنایه‌تی له‌هه‌موو وڵاتێک ناكۆكی سیاسی هه‌یه‌ حیزبه‌كان جیاوازن هه‌یه‌ له‌حكومه‌تدایه‌ و هه‌یه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆندایه،‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ دوژمن له‌گه‌ڵ یه‌كتری ته‌نانه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و دوو حیزبه‌ وه‌كو دوژمنی یه‌كترین له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مانه‌ هی ئه‌وه‌ نین ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن، چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ په‌رێشانه‌ و كه‌سیش نییه‌ بێت ڕزگاریان بكات هه‌رخۆیانن له‌و نێوانه‌دا، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا سه‌در ده‌یكات سه‌در بووه‌ به‌ بگل الساحه‌- پاڵه‌وانی گۆڕه‌پان به‌كه‌یفی خۆی په‌رله‌مان ده‌گرێت، هه‌رچی بێت ته‌نانه‌ت ڕای ئه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێت ئه‌و شێوه‌ كارانه‌ هیچی هی ئه‌وه‌ نین بڵێن یاساییه‌ یان ده‌ستوریه‌ ئه‌وه‌ش كێشه‌یه،‌ كه‌سیش ناوێرێت باسی بكات و ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت به‌ڕاستی ئه‌وه‌ شتێكی سه‌یره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ من ته‌سه‌ور ده‌كه‌م دۆخێكی زۆر زۆر خراپه‌ نازانین ده‌گاته‌ چی ، وه‌ هیچ له‌به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی عێراقی هه‌ژاردا نییه‌ به‌داخه‌وه‌"

" ئه‌وانه‌ی كاربه‌ده‌ستن له‌عێراقدا پیاوی ده‌وڵه‌ت نین "

ئه‌م ململانێیه‌ سیاسیانه‌ی له‌عێراقدایه‌ ئه‌مه‌ عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟
لە وەڵامدا د. مەحمود عوسمان وتی" عێراق به‌ره‌و خراپتر له ‌ئێستای ده‌بات، چونكه‌ عێراق ئێستا كێشه‌ی زۆره‌ هه‌ر له‌گه‌نده‌ڵی و له ‌بوونی میلیشیای به‌ڕه‌ڵا و ئینجا ئێستا مه‌سه‌له‌ی وشكه‌ساڵی و به‌بیابان بوون و ئه‌و شتانه‌شی هاتۆته‌سه‌ر، وه‌ پاره‌ی سیاسی كه‌ دزراوه‌ و نێردراوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌و شتانه‌ی لایه‌نه‌كان باسی ده‌كه‌ن میلله‌تی عێراقی دۆخی زۆر زۆر خراپه‌،‌ خزمه‌تگوزاریی پێویستیان نییه،‌ ئه‌م كوتلانه‌ی كه‌ هه‌ن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ هاوكاربن و ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌به‌رن و خزمه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بوونه‌ته‌ دوژمن و دوژمنایه‌تی یه‌كتری ده‌كه‌ن، وه‌ هیچ حیسابێک بۆ هاوڵاتی ناكه‌ن ئه‌وه‌ نزیكه‌ی 10 مانگه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه،‌ هه‌تا ئێستا هیچ شتێک نییه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خراپتر بووه‌، له‌وڵاتانی دنیا به‌ دوو بۆ سێ ڕۆژ وه‌زاره‌ت داده‌نرێت ئێمه‌ش حاڵه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بینرێت له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌وانه‌ی كاربه‌ده‌ستن له‌عێراقدا پیاوی ده‌وڵه‌ت نین و ئه‌وه‌نین كه‌ بتوانن ئه‌و وڵاته‌ ببه‌ن به‌ڕێوه‌ ئیتر وڵات و میلله‌ته‌كه‌ به‌گشتی زه‌لاله‌تیه‌تی به‌ده‌ستیانه‌وه‌. "

" خه‌ڵک تاقه‌تی چووه‌ له‌عێراق نه‌ ئه‌مه‌ریكا ته‌نانه‌ت ئێرانیش نایه‌ته‌ نێوانیانه‌وه‌ "
دەوترێت له ‌دیوی پشته‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوانه‌ دابه‌شبوونی ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ ده‌بینرێت جه‌مسه‌ری مالیكی و جه‌مسه‌ری سه‌در به‌بڕوای چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌ سه‌در له‌به‌ره‌ی وڵاته‌ سونییه‌كان یاخود ئیمارات و وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان و هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ره‌ی مالیكیش جه‌مسه‌ری ئێرانه‌ به‌ڕای به‌ڕێزتان دواجار ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م وڵاتانه‌ ده‌بێت به‌چی له‌م گرژیانه‌ی له‌ئێستادا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌؟

لە وەڵامدا د. مەحمود عوسمان وتی" نازانم به‌ڵام كێشه‌كه‌ هی ناوخۆیه‌ كێشه‌ی وڵاتان نییه،‌ به‌ڵام بێگومان كه‌ ناكۆكیان به‌مشێوه‌یه‌ بێت وڵاتانیش بۆخۆیان سوود له‌و ناكۆكیانه‌ ده‌بینن، وه‌ ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ریش هیچ وڵاتێک تائێستا نه‌هاتووه‌ بكه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ خه‌ڵک تاقه‌تی چووه‌ له‌عێراق نه‌ ئه‌مه‌ریكا ته‌نانه‌ت ئێرانیش نایه‌ته‌ نێوانیانه‌وه‌ وه‌كو كۆن ڕێكیانبخه‌نه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ خۆیان ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن دابنیشن و گفتوگۆ بكه‌ن له‌نێوان خۆیاندا و بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێک به‌پێی ده‌ستور، به‌ڵام ئه‌و بیرۆكه‌یان نییه‌ هه‌ریه‌كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌ویتر بشكێنێت و له‌ناویبه‌رێت هه‌ریه‌كه‌ به‌یه‌كتری ده‌ڵێن گه‌نده‌ڵ و خراپ ئیشه‌كه‌یان هه‌رئه‌وه‌یه‌ واته‌ زۆر زۆر بوونه‌ته‌ كۆسپ و زیان بۆ میلله‌ته‌كه‌ به‌داخه‌وه‌. "

" خۆ عێراق بووه‌ به‌ كێڵگه‌ی ته‌جروبه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی شتێک تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌موو حیزبه‌كان تاقیكراونه‌ته‌وه‌ "

دواجار سه‌در چی ده‌وێت، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی چی ده‌كات چونكە پێشتر نێچره‌ڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانی كرد بێنه‌ پایته‌ختی دووه‌می عێراق له‌هه‌ولێر و ده‌ستبكه‌ن به‌گفتۆگۆكانیان پێتوایه‌ ئه‌مه‌ به‌رهه‌می ده‌بێت، وه‌ ئایا سه‌در ڕازی ده‌بێت به‌مه‌؟

وەڵامەکەی د. مەحمود عوسمان بەمجۆرە بوو" ده‌بووایه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌رفه‌ت بده‌ن سه‌در ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌درن حكومه‌ت دروست بكه‌ن با سه‌درییه‌كانیش ته‌جروبه‌ بكه‌ین، چونكه‌ خۆ عێراق بووه‌ به‌ كێڵگه‌ی ته‌جروبه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی شتێک تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌موو حیزبه‌كان تاقیكراونه‌ته‌وه‌ با ده‌رفه‌تی سه‌دریشیان بدایه‌ مافی خۆشی بوو به‌پێی ده‌ستور له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ نه‌یانهێشت ئه‌و ئیتر بوو به‌دوژمنیان و ده‌رچوو له‌په‌رله‌مان ئیتر به‌ویستی خۆی ئێستا شه‌قام به‌كارده‌هێنێت و هێز به‌كارده‌هێنێت لایه‌نگرانی خۆی هه‌رشتێک بڵێت پشتگیری ده‌كه‌ن به‌كاری ده‌هێنێت بۆئه‌وه‌ی تێكیبدات چونكه‌ خۆی تیانه‌ماو مافیان نه‌دایه‌ حكومه‌ت دروست بكات ئیتر ناهێڵێت كه‌سی تر حكومه‌ت دروست بكات ئه‌وه‌ ده‌بینرێت هه‌ڵسوكه‌وته‌كان دیاره‌ به‌رای من ئه‌ویش(سه‌در) لێیان تێكده‌دات به‌هه‌موو. "

" ئەگەر گفتوگۆی لایەنە عێراقییەکان لە هەولێر بکرێت سەدر نایەڵێت سەرکەوتوو بێت "

به‌رای تۆ سه‌در ده‌هێڵێت ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی هه‌ولێر سه‌ركه‌وتوو بێت و حكومه‌تله‌هه‌ولێره‌وه‌ پێكبهێنرێت ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان به‌ده‌م داواكه‌ی به‌ڕێز نێچیره‌ڤان بارزانیه‌وه‌ بێن؟
لە وەڵامدا د. مەحمود عوسمان وتی" نه‌خێر ناهێڵێت، وه‌ گفتوگۆش ناكات، چونكه‌ ئه‌وانی تر داوای گفتوگۆ ده‌كه‌ن سه‌در ڕازی نییه‌، بێگومان كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ (مالیكی) یه‌، مالیكی زۆربه‌ی ده‌نگی هه‌یه‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی 40 كورسی هه‌یه‌ له‌هه‌موویان به‌هێزتره‌ سه‌در دژی مالیكی یه‌ چونكه‌ كاتی خۆی مالیكی په‌لاماری ئه‌وانیدا و خه‌ڵكی زۆری له‌سه‌درییه‌كان كوشت هه‌ندێكی لێگرتن ئه‌مه‌ دوژمنایه‌تیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ حیزبی ده‌عوه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ مالیكی و ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌ر بڵێت گفتوگۆ ده‌كه‌م له‌وانه‌یه‌ بڵێت نابێت مالیكی بێت بڕواناكه‌م وائاسان بێت وه‌كو 2010 كه‌ كورد داوای گفتوگۆی كرد و ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌گه‌ڵ بوون له‌هه‌ولێر كرا ئێستا سه‌در له‌گه‌ڵ گفتوگۆ نییه،‌ چونكه‌ ده‌ڵێت ئه‌مانه‌ هه‌مووی گه‌نده‌ڵن ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌ڵێن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی وه‌ ئاماده‌ نییه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بكات هه‌تا ئێستا هه‌ڵوێستی به‌مجۆره‌یه‌. "

" كاریگه‌ری ئه‌م ڕووداوانه‌ی به‌غداد كاریگه‌رییەکی خراپه "

د. مەحمود عوسمان دەشڵێت" كاریگه‌ری ئه‌م ڕووداوانه‌ی به‌غداد كاریگه‌رییەکی خراپه،‌ بێگومان هه‌رێمی كوردستان به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه‌ حكومه‌تێک له‌به‌غداد هه‌بێت و سه‌قامگیریه‌ک هه‌بێت كوردیش بتوانێت مافه‌كانی خۆی له‌وانه‌ مادده‌ی 140، پێشمه‌رگه‌یه‌، نه‌وت و غازه‌ چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزێته‌وه‌ بێگومان ئه‌وه‌ی ئێستا له‌به‌غداد ده‌بێت زیانی تێدایه‌ بۆ كورد چونكه‌ نه‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌ و نه‌ حكومه‌ت هه‌یه‌، كازمی هه‌یه‌ ئه‌ویش هیچی به‌ده‌ست نییه‌ ناتوانێت هیچ بكات چونكه‌ ده‌رفه‌تی ناده‌ن له‌هه‌مانكاتیشدا دووه‌م شت ئه‌وه‌یه‌ كورد یه‌كگرتوو نییه‌ له‌نێوان خۆیان هه‌ر حیزبێک بۆخۆی ئیش ده‌كات ئه‌وه‌ش زۆر لاوازی كردوون له‌سه‌ر هیچ شتێک ڕێک نین هه‌تا پۆستی سه‌رۆک كۆمار كه‌ ده‌سه‌ڵاتیشی نییه‌ناتوانن ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ری له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشیان هۆكارن بۆئه‌وه‌ی دۆخیان خراپ بێت، چونكه‌ یه‌كگرتوو نین و هاوكاری یه‌كتر نین و هه‌ریه‌كه‌ به‌جیا له‌به‌غداد بۆخۆی ئیش ده‌كات ئه‌وه‌ش زۆر لاوازی كردوون. "

" ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی عێراق به‌مشێوه‌یه‌ بمێنێت دوور نییه‌ پریشكی بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان "

د. مەحمود عوسمان ئەوەشی وت" به ‌بڕوای من ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی عێراق به‌مشێوه‌یه‌ بمێنێت دوور نییه‌ پریشكی بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌و دۆخه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ خراپتر بێت، چونكه‌ كێشه‌كانمان له‌به‌غداده‌ له‌ڕووی مووچه‌ و بودجه‌وه‌ له‌ڕووی نه‌وت و غازه‌، پێشمه‌رگه‌، مادده‌ی 140 كه‌ دۆخی به‌غداد وابێت و هیچی چاره‌سه‌ر نه‌بێت دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش خراپتر ده‌بێت. "

" ئه‌م پێكدادانه‌ سیاسیه‌ و ئه‌م ناكۆكیه‌ سیاسیه‌ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌ "

پریشكه‌كه‌ چی ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان؟
لە وەڵامدا د. مەحمود عوسمان وتی" یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌غداد ڕووده‌دات ئێستا دوو حیزبه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ یه‌كێكیان مه‌یلی سه‌دره‌ یه‌كێكیشیان مه‌یلی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌ و له‌گه‌ڵیانن بێگومان ئه‌گه‌ر ناكۆكی ئه‌وان په‌ره‌بسێنێت لێره‌ش په‌ره‌ ده‌سێنێت حه‌قبوو هه‌ردووكیان یه‌كگرتووبن و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌به‌غداد مامه‌ڵه‌ بكه‌ن نه‌ک یه‌كێكیان بچێته‌ ئه‌مبه‌ر و یه‌كێكیان بچێته‌ ئه‌وبه‌ر ئه‌وه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا شتێكی هه‌ڵه‌بووه‌، ئومێده‌وارم پێکدادان نه‌بێت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ پێكدادانی شه‌ڕ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م پێكدادانه‌ سیاسیه‌ و ئه‌م ناكۆكیه‌ سیاسیه‌ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌ . "

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:04 0:00

XS
SM
MD
LG