Accessibility links

توێژەران: دایناسۆری‌ تی ڕێکس چەند جۆریکی هەبووە


تیرانۆسۆرس ڕێکس، یان تی ڕێکس لە مێژە یەکێکە لە بەناوبانگترین دایناسۆرەکان. ئێستا توێژەران مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا تیرانۆسۆری زەبەلاحی گۆشتخۆر دەبێت وەک یەک جۆر یان 3 جۆری جیاواز لەبەرچاو بگیرێت.

لە ساڵی ١٩٠٥ەوە Tyrannosaurus وەک تاکە جۆری ڕەگەزی T. rex ناسراوە .

ڕەگەز بریتییە لە گروپێکی گەورەتر لە زیندەوەرە پەیوەندیدارەکان لە جۆرێک

بەڵام 3 توێژەر بە سەرۆکایەتی زانای سەربەخۆی بەبەردبوو گریگۆری پاوڵ لە شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی میریلاند لە مانگی 3ی ساڵی ٢٠٢٢دا ئاماژەیان بەوە کرد کە پێویستە T. rex وەک سێ جۆر بناسرێت.

جگە لە جۆری T. rex کە بە واتای "پاشای مارمێلکەی دڕندە" دێت، سەرباری ئەوە 2 جۆری تریان پێشنیار کرد.

T. imperator بە واتای "ئیمپراتۆری مارمێلکەی دڕندە دێت

T. regina بە واتای "شاژنی مارمێلکەی دڕندە.

توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، توێژینەوەکەیان لەسەر بنەمای جیاوازی ئەستووری ئێسکی ڕان و شێوەی ددانی خوارەوەی پێشەوە ئەنجامدراوە. ئەوان ڕوانگەیان لەسەر بنەمای زیاتر لە 30 نمونەی تیرانۆسۆر داناوە. زانایانی دیکەی بواری بەبەردبوو لەگەڵ ئەوەدا نەبوون.

لە مانگی 7دا، گروپێکی دیکە لە زانایانی بواری بەبەردوەکان، ئاماژەیان بەوە کرد کە توێژینەوەکە لە مانگی 3دا بەڵگەی پێویستی پێشکەش نەکردووە نیشان بدات 3 جۆری تیرانۆسۆر هەیە. ئەوان پێشنیاریان کردووە توێژینەوەی پێشوو شێوازی بیرکاری و پێوانەکردنی دروستی بەکارنەهێناوە.

ستیڤ برووساتێ زانای بواری بە بەردبوان لە زانکۆی ئەدینبرگ بەشداری ئەو توێژینەوە نوێیە بوو کە لە مانگی 7دا لە گۆڤاری Evolutionary Biology بڵاوکرایەوە.

برووساتێ وتی "بەڵگەکان پێویستیان بەوەیە پشتراست بکرێنەوە، دابەشکردنێک لەم جۆرە بۆ گیانداری وەک T. rex کە زیاتر لە سەد ساڵە ناسراوە دابەش بکرێت بەسەر جۆرە جیاوازەکاندا پێویستی بە بارگرانییەکی بەرزی سەلماندن هەیە.

ڕاستە جیاوازی لە قەبارە و شێوەی ئێسکەکانی T. rex هەیە بەڵام لە توێژینەوە نوێیەکەماندا دەرمانخستوە ئەم جیاوازیە زۆر کەمە".

تیرانۆسۆرس بەشێک بوو لە گروپێک پێیان دەگوترا ثێرۆپۆد، هەموو دایناسۆرە گۆشتخۆرەکانی دەگرتەوە. سەرێکی گەورەی و گازگرتنی بەهێزی هەبووە. بە دوو قاچی بەهێز ڕۆشتوە و قۆڵی بچووک و تەنها دوو پەنجەی هەبووە.

توێژینەوە نوێکە تەماشای جیاوازی ئەستووری ئێسکی رانی لە 4 دایناسۆری دیکەی گۆشتخۆر و ١١٢ جۆری باڵندەی زیندووی کردووە. بۆیان دەرکەوتوە جیاوازییەکانی تیرانۆسۆر ئاسایین یان سرووشتین.

برووساتێ دەڵێت: "سرووشتیە هەر جۆرێک لە قەبارە و شێوەیدا جیاواز بێت. تەنها تەماشای مەودای باڵا و هێڵی کەمەر و کرانەوەی دەم و دەرکەوتنی دانەکان لە مرۆڤەکانی لەئەمرۆدا بکە کە هەموویان ئەندامی یەک جۆرن".

بەڵام گریگۆری پاوڵ ڕەخنەی لە توێژینەوە نوێکە گرتووە و دەڵێت "توێژینەوەیەکی زانستی دروست نییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، شتێک هەیە لەبارەی T. rex کە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان نیگەران بن یان تائاستێک گوومانیان هەبێت کە لەگەڵ زیندەوەرە کۆنەکانی تردا نەبینراوە.

پۆڵ زیاتر ووتی"ئەگەر توێژینەوەکەمان دەربارەی جۆرەکانی، بڵێین، زەبەلاحی ئەرجەنتینی تێرۆپۆدیGiganotosaurus بووایە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەوەندە جەنجاڵی و بێزاری نەدەبوو".

برووساتێ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە بیرکراوەین، ئەگەری هەیە چەندین جۆری تیرانۆسۆر هەبێت". "تەنها پێویستمان بە بەردبووی زیاتر و باشترە. ژمارەی بەردبووەکان لە کۆمەڵە داتاکانیاندا ئەوەندە کەمن کە سەختە هیچ ڕێگەیەکی بەردەوام بدۆزینەوە بۆ دابەشکردنی تیرانۆسۆر بەسەر چەندین جۆردا لەسەر بنەمای جیاوازی ڕوون و ئاسان بۆ پێناسەکردن و بەردەوامبوون".

تیرانۆسۆر لە ڕۆژئاوای ئەمریکای باکوور لە سەردەمی کریتاسیۆسدا ژیاوە – کاتێک کە نزیک بوو لە کۆتایی سەردەمی دایناسۆرەکان. ڕەنگە گەورەترین جۆری ناسراوی تیرانۆسۆر یەکێک بێت بە ناوی سو لە مۆزەخانەی فیڵد لە شیکاگۆ. درێژی ئێسکەپەیکەری سو ١٢.٣ مەتر دەبێت.

ناسا دوو هێلیکۆپتەری دیکە بۆ هەسارای بارام دەنێرێت

ناسا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی بەرد و نمونەی خاکی هەسارەی بارام (مەریخ) بۆ سەر زەوی، دوو هێلیکۆپتەری بچووکی دیکە دەنێرێتە سەر ئەو هەسارەیە.

بەپێی ئەو پلانەی لە کۆتایی مانگی 7دا ڕاگەیەندرا، ڕۆڤەری پێرسڤێرانسی ناسا نموونەی خاک دەگوازێتەوە بۆ موشەکێک. پاشان موشەکەکە لە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵی داهاتوودا ئەو بەردو خاکەی لەسەر ئەو هەسارە سووری کۆکراوەتەوە بۆ زەوی دێنێتەوە.

ئەو دوو هێلیکۆپتەرەی دروست دەکرێن یارمەتی ڕۆڤەری پێرسڤێرانسی ناسا دەدەن کە لە ئێستادا لەسەر بارامە. هێلیکۆپتەرەکان نموونە لەسەر موشەکی گەڕانەوە بار دەکەن ئەگەر ڕۆڤەری پێرسڤێرانسی ناسا تێکبچێت.

پێرسڤێرانس لە ئێستاوە 11 نمونەی کۆکردۆتەوە و پلانی‌هەیە بەردی زیاتر کۆکاتەوە. میناکشی وادوا سەرۆکی زاناکان بۆ هەوڵەکانی گەڕانەوە لە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا وتی "نوێترین نمونە کە بەردێکی ناوچەیەکی نشێوە، زۆرترین چانسی هەیە بۆ ئەوەی بەڵگەی ژیانی کۆن لە بارام لەخۆبگرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "جۆری جیاوازی خاک لە ئێستادا لەناو جانتاکەدا هەیە"، دەشڵێت توێژەران زۆر بە پەرۆشن بۆ هێنانەوەی نموونەکان بۆ سەر زەوی.

کۆپتەرەکان لە مۆدێلی کۆمپانیایIngeniuity (ئینجینیوتی) سەرکەوتووی ناسا دروستدەکرین.

لەوەتای لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە لەگەڵ پێرسڤێرانس گەیشتووەتە سەر بارام، هەلیکۆپتەرەکە 29 گەشتی ئەنجامداوە. کێشی کۆپتەرەکە تەنها ١.٨ کیلۆگرامە. جۆرە نوێیەکان ویل و باڵیان دەبێت.

بەرپرسانی ناسا رایانگەیاند، کارکردنی بەتوانای پێرسڤێرانس لەسەر بارام وایکردووە پلانەکەیان بگۆڕن بۆ ناردنی ئۆتۆمبێلێکی جیاواز.

جێف گراملینگ، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەڕانەوەی نمونەی خاکی بارام لە ناسا وتی "ڕێگای نوێ بۆ پێشەوە ئاسانترە. هەر کۆپتەرێک بە شێوەیەک دیزاین دەکرێت کە لە یەک کاتدا یەک تیوبی نمونە بەرز بکاتەوە و چەندین گەشتی ڕۆشتن و هاتنەوە ئەنجام بدات.

گراملینگ وتی: "ئێمە متمانەمان هەیە کە دەتوانین پشت بە بۆ پەرسێڤێرانس ببەستین بۆ هێنانەوەی نموونەکان و ئێمە کۆپتەرەکانمان زیاد کردووە وەک ئامرازێکی یەدەک".

ناسا لەگەڵ ئاژانسی والایی ئەوروپا کاردەکات لەسەر ئەرکی گەڕانەوە. ئەگەر هەموو شتێک بەو شێوەیە بێت کە پلانی بۆ دانراوە، ئەوا لە ساڵی ٢٠٣١دا ٣٠ نمونەکان لە بارامەوە هەڵدەدرێن و لە ساڵی ٢٠٣٣ دەگەنەوە سەر زەوی.

دواتر زانایان لە تاقیگەکاندا لێکۆڵینەوە لە نمونەکان دەکەن. ئەوان بەدوای نیشانەکانی ژیانی میکرۆبیدا دەگەڕێن کە ڕەنگە ملیارەها ساڵ لەمەوبەر لەسەر بارام بوونی هەبووبێت کاتێک ئاو لەسەر هەسارەکە هەبوە.

زانایان لێکۆڵینەوە لە گوێی ناوەوە دەکەن بۆ دیاریکردنی سەرەتای شیردەرەکان

شیردەرەکان دەتوانن گەرمی جەستەی خۆیان بەرهەم بهێنن و پلەی گەرمی لەشیان ڕابگرن. ئەم پرۆسەیە بە endothermy یان خوێن گەرمی ناسراوە.

زانایان پێیان وایە ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی شیردەرەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە توانیان بەسەر نزیکەی هەموو سیستەمێکی ژینگەدا هەبێت. شیردەرەکانی خوێن گەرم چالاکترن لە ئاژەڵە خوێن ساردەکان. دەتوانن لە ژینگەی جیاوازدا بژین، لە جەمسەری باکووری بەستەڵەکەوە تا بیابانە زۆر گەرمەکان و خێراتر زاوزێ دەکەن.

ئەو ڕیشاڵە نەرمانەی کە زانیاری سەبارەت بە گەرمی یان ساردی خوێنی دەدەن بە دەگمەن لە بەردبووەکاندا دەپارێزرێن. بۆیە زانایان و پسپۆڕانی بواری بەبەردەبوەکان، کە لێکۆڵینەوە دەکەن بە تەواوی نازانن شیردەرەکان کەی گەشەیان کردووە و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە بۆ بوونەوەری خوێن گەرم.

لە توێژینەوەیەکدا کە لەم دواییانەدا لە گۆڤاری Nature دا بڵاوکرایەوە، کۆمەڵێک زانا هەوڵیاندا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە.

ریکاردۆ ئەراوهۆ زانای بواری بەبەردبوەکان لە زانکۆی لیسبۆن و کۆمەڵێک توێژەر پێشنیاریان کرد کە دەتوانرێت لە شێوە و قەبارەی پێکهاتەکانی ناوەوەی گوێ کە پێیان دەوترێت کەناڵەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە پلەی گەرمی جەستە بەکاربهێنرێت.

جوڵەی شلە لە ڕێگەی کەناڵەکانی گوێوە یارمەتی جەستە دەدات بۆ پاراستنی هاوسەنگی و جوڵە. ئەم شلەیە لە ئاژەڵە خوێن ساردەکاندا فێنکتر و ئەستوورترە، واتە کەناڵی فراوانتری پێویستە. ئاژەڵە خوێن گەرمەکان شلەی گوێیان کەمترە و کەناڵەکانیان بچووکترە.

تیمی توێژینەوەکە پێشنیاریان کردووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و چالاکبوونی ئاژەڵەکان، شێوە و قەبارەی کەناڵەکانی گوێ دەگۆڕێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی و جوڵە.

توێژەران بەراوردیان کردووە لە نێوان کەناڵەکانی گوێ لە ٣٤١ ئاژەڵدا. ئەوان دەڵێن کەناڵەکانی گوێ دەریخستووە خوێن گەرمی یان گەرمی ناوەوە نزیکەی ٢٣٣ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتووە، کە ملیۆنان ساڵ دواترە لە هەندێک خەمڵاندنی پێشتر دانرابوو.

ئەراوهۆ وتی، "گەرمی ناوەوە تایبەتمەندییەکە بۆ شیردەرەکان، لەنێویاندا ئێمەی مرۆڤ. هەبوونی پلەی گەرمی بەرزی جەستە هەموو کردار و ڕەفتارەکانمان ڕێکدەخات".

بەڵام یەکەم بوونەوەرەکان کە خوێن گەرمیان تێدا دەرکەوت، بە فەرمی بە شیردەر نازانرێن. ئەم ئاژەڵە کۆنانەی کە بە سیناپسیدی شیردەرەکان ناسراون خەسڵەتی پەیوەندیداریان بە شیردەرەکانەوە هەبوو. توێژەران دەڵێن یەکەم شیردەرەکانی ڕاستەقینە نزیکەی ٣٠ ملیۆن ساڵ دواتر دەرکەوتوون.

گرنگی خوێن گەرم بوون

کێن ئەنجیلچیک لە مۆزەخانەی فیڵد لە شیکاگۆ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە وتی "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گەرمیەی ناوەجەستە چەندە ناوەندییە بۆ زۆر لایەنی پلانی جەستە و فیزیۆلۆژی و شێوازی ژیانی شیردەرەکانی مۆدێرن، کاتێک لە باوباپیرانی کۆنماندا پەرەی سەندووە بەڕاستی پرسیارێکی گرنگە وەڵام نەدراوەتەوە".

گەرمی ناوەوە لە کاتێکدا پەرەی سەند کە توخمە گرنگەکانی پلانی جەستەی شیردەرەکان گوونجاندنی بەسەرداهاتوە، لەوانە گۆڕانکاری لە بڕبڕەی پشت و سیستەمی هەناسەدان و سیستەمی بیستن.

هەروەها هەبوونی خوێن گەرمی یارمەتی شیردەرەکانی‌داوە لە ساتێکی گرنگی پەرەسەندندا کە دایناسۆر و پەلەوەرە فڕیوەکان بۆ یەکەمجار لەسەر زەوی دەرکەوتن و شیردەرەکان دوای ڕووداوی لەناوچوونی بەکۆمەڵی دایناسۆرەکان ٦٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بوون بە زۆرینە. لە نێو ئاژەڵەکانی ئەمڕۆدا شیردەر و باڵندەکان خوێن گەرمن.

ئەراوهۆ دەڵێت: "ڕەنگە زۆر دوور بێت، بەڵام سەرنجڕاکێشە، بیر لەوە بکەینەوە سەرەتای گەرمی ناوەوە لە باوباپیرانماندا ڕەنگە لە کۆتاییدا لە ئاستی مێشکدا بووەتە هۆی دروستکردنی هەرەمەکانی جیزە یان پەرەپێدانی مۆبایلی زیرەک".

"ئەگەر باوباپیرانمان سەربەخۆ و جیا نەبوایە لە پلەی گەرمی ژینگە، ڕەنگە ئەم دەستکەوتانەی مرۆڤایەتی بەدەست نەهاتنایە".

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:06 0:00

XS
SM
MD
LG