Accessibility links

23 ڕۆژنامەنوس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیردەکرێن


بەهۆی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ شەمەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، 23 ڕۆژنامەنوس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەرێمەوە دەستگیرکران، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرامبەر ژمارەیەکی تر لە ڕۆژنامەنوسان، کاتێک ویستوویانە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن.

بەپێی قسەی ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، سەرجەم ڕۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکان ئازادکراون، جگە لە عەبدوڵا ئەحمەدی سەرنوسەری سایتی کورد نیوزی نزیک لە نەوەی نوێ، بەڵام پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ دەڵێت: هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و خۆبەخشانی جوڵانەوەکەیان لە زینداندان.

ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ڕۆژی هەینی و شەمە، 75 پێشێلکاری بەرامبەر بە 57 ڕۆژنامەنوس و دەزگای ڕاگەیاندن کراوە، بەشێوەیەک 23 ڕۆژنامەنوس لە سلێمانی و دهۆک و هەولێر و کەلار و ناوچەکانی تر دەستگیرکراون، 23 ڕۆژنامەنوسیش کەل و پەلی ڕۆژنامەوانیان لێسەندراوە، ڕێگری ڕووماڵکردنیش لە چەندین ڕۆژنامەنوس کراوە."

سنور کەریم ی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە سلێمانی، یەکێکبوو لە ڕۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکان، لەکاتی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکان دا و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، دوای چەند کاتژمێرێک هێشتنەوەی لە زیندان و لێسەندنی موبایل و کەل و پەلە ڕۆژنامەوانییەکانی، دواتر ئازاد کرا.

ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، براونەتە زیندانەکانی ئاسایش، وەکخۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن، سوکایەتییان پێکراوە و بەزۆر پاسۆردی موبایلەکانیشیان لێوەرگیراوە و تەماشای موبایلەکانیان کراوە.

رەحمان غەریب وتی"گرنگترین مۆرکی خۆپیشاندانی ئەمجارە، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و لێسەندنی موبایل و پاسۆرد و چوونە نێو موبایلەکانیان بووە، لەکوێی دونیادا هەبووە، بەزۆر پاسۆرد لە رۆژنامەنوس وەربگیرێت و بچنە نێو موبایلەکانیانەوە، ئەمە پێشێلکاری یاسا و دەستور و مافەکانی مرۆڤیشە."

محەمەد مەحمودی پەیامنێری ڕادیۆی دەنگ لە ناوچەی گەرمیان، یەکێکبوو لە ڕۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکان، بەپێی ڕاگەیەنراوی ڕادیۆکە، لێیدراوە و قسەی نەشیاوی پێوتراوە و براوەتە ئاسایش، لەکاتێکدا ئەو رۆژنامەنوسە تەنها رووماڵی ناڕەزایەتییەکانی کردووە.

هەرچەندە بەرپرسانی نەوەی نوێ کە لە پشت ئەنجامدانی خۆپیشاندانەوەکەوەبوون، ئاماژەبەوەدەکەن هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە زینداندان و ئازاد نەکراون، بەڵام هێشتا ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە زینداندان لەبەردەستدا نیە.

رێبوار عەبدولرەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"سەرووی 30 کەس لە ئەندامانی باڵاو ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و خۆبەخشانی نەوەی نوێ هێشتا لە زیندانن، ئەمە جگە لەوەی خۆپیشاندەرێکی زۆریش هێشتا ئازادنەکراون."

ڕێبوار عەبدولرەحمان دەستگیبرکردنی خۆپیشاندەرانی بە کارێکی "ترسنۆکانە" ناوبرد، وتی"ئێمە هەوڵی ئازادکردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ و خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکانیش دەدەین."

سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە کەناڵەکانی سەر بە نەوەی نوێ کاردەکەن و هێشتا لە زیندان هێڵراونەتەوە، ڕێبوار عەبدولرەحمان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر مانەوەی هەندێک لە ڕۆژنامەنوسەکانیان لە زیندان، بەڵام ڕەتیکردەوە ژمارەی دروستی لەبەردەست بێت، لەکاتێکدا رەحمان غەریب ی رێکخەری سەنتەری میترۆ وتی"تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەکەم، تەنها عەبدوڵا ئەحمەدی سەرنوسەری سایتی کوردنیوز لە زینداندا ماوەتەوە."

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاش وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە هەرێم، هیچ پەرلەمانتار و ڕاگەیاندکارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرنەکراون.

XS
SM
MD
LG