Accessibility links

بەهۆی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکان لە ئیسرائیل بارگرژییەکان زیاتر تاودەسەنن


ئیسرائیل لە کەرتی غەزە هێرشی کرد و فەلەستینییەکانیش ڕۆژی شەممە موشەکیان ئاڕاستەی شارەکانی ئیسرائیل کرد، دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلی بۆ سەر گرووپە چەکدارە جیهادیە ئیسلامیەکە کۆتایی بە زیاتر لە ساڵێک تا ڕادەیەک ئارامی هێنا بە درێژایی سنوورەکانی ئەو وڵاتە.

ئیسرائیل ڕۆژی هەینی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی گروپەکەی کوشت لە هێرشێکی ئاسمانی کتوپڕدا بۆ سەر باڵەخانەیەکی بەرز لە شاری غەزە لە وەڵامی ئەوەی لەو باڵەخانەیەوە هێرشی موشەکی کراوە.

ڕۆژی شه‌ممه‌ ئیسرائیل ڕایگه‌یاند چه‌کدارانی جیهادی ئیسلامی ئاماده‌کاریان بۆ هه‌ڵدانی موشه‌ک و نمایشی چالاکی چه‌کدارانیان کردووه‌. شایەتحاڵەکان دەڵێن؛ بۆردومانەکانی دیکە پێنج خانوویان لە کەرتی غەزە کردۆتە ئامانج و دوکەڵێکی گەورە بەرزبۆتەوە و داروپەردووی وێرانبووی ئەو شوینە بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە.

چەكدارانی فەلەستینی لانیکەم 160 مووشەکیان لەو سنوورە وەشاندووە و زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشە ئاسمانییەکانیان لێدراوە و خەڵکەکە تا دەگاتە شاری مودیعینی ناوەڕاستی ئیسرائیل، لە نێوان تەلئەبیب و قودس دا ناچاربوون بە ڕاکردن ڕووبکەنە پەناگەکان بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە بۆردومانەکە.

بزوتنەوە جیهادیە ئیسلامیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەروازەی سەرەکی نێودەوڵەتی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج کە فڕۆکەخانەی بن گوریۆنە، بەڵام موشەکەکە لە نزیک مودیعین کەوتۆتە خوارەوە کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر دوورە لەوێوە. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئاماژەی بەوەشکردووە فڕۆکەخانەکە وەک هەمیشە کاردەکات و ڕێڕەوی گەشتەکانیش ڕێکدەخرێت.

بەپێی راگەیێندراوی دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل بەشی زۆری مووشەکەکان ڕێگرییان لێکراوە و هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی گەورە بڵاونەکراوەتەوە.

هەوڵەکانی میسر، نەتەوە یەکگرتووەکان و قەتەر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لە ئارادا بووە. تاوسەندنی بارگرژی زیاتر تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بەوەوە کە ئایا حەماس کە گروپێکی چەکداری ئیسلامییە و کۆنترۆڵی غەزە دەکات بەشداری شەڕەکە دەکات یان نا.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌له‌ستین ڕایگه‌یاند؛ له‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیلدا 14 فه‌له‌ستینی كوژراون كه‌ لانیكه‌م چوار چه‌كداری دیكه‌ی جیهادی ئیسلامی و منداڵێكیشیان تێدایە‌ و لانیكه‌م 110 كه‌س بریندار بوون‌.

گروپە جیهادیە ئیسلامیەکە وردەکاری وردی لەبارەی کوژرانی چەند ئەندامێکی نەخستووەتەڕوو و ئاماژەی بە ئاگربەستی دەستبەجێ نەکردووە. بەرپرسێکی گروپەکە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە؛ ئێستا کاتی بەرگرییە نەک ئاگربەست.

هەر لەو شەوەدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ لە هەڵکوتانە سەر کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراوی ئیسرائیل، 19 چەکداری جیهادی ئیسلامییان دەستگیرکردووە، لە کاتێکدا شوێنەکانی بەرهەمهێنانی موشەک و سەکۆی وەشاندنی موشەکەکانی گروپەکەیان لە غەززە کردۆتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG