Accessibility links

کەسوکاری قوربانیانی بینا سوتاوەکەی سیروان نیگەرانن لە جێبەجێ نەکردنی داواکاریەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە


بە درووشمی شەهیدانی بیناسوتاوەکەی سیروان سیمبولی بێ تاوانی میلەتەکەمانن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەڵەبجە 36مین ساڵیادی قوربانیانی بینا سوتاوەکەی ناحیەی سیروانی ڕاگرت.

بەشێک لە کەسوکاری قوربانیەکان لەبەرامبەر نیگەرانیان لە حکومەت و دروست نەکردنی مۆنۆمێنێک بۆ قوربانیەکانیان بەشداریان نەکرد، بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان دەڵێت وابڕوات لە ساڵانی ئایندەدا کەسوکاری قوربانیەکان لەگەڵمان نایەن بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی قوربانیەکانیان لە کاتێکدا لە ساڵی 2011 بڕیاری درووستکردنی مۆنۆمێنتێک بۆ قوربانیەکانیان دراوە و دروست نەکراوە .

36 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 6ی مانگ هەشتی ساڵی 1986 لە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی گوندەکانی هەورامان، شارەزوور و ناحیەی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان پەنادەبەنە بەر بینایەک کە ئێستا پێی دەوترێت بیناسوتاوەکە، لە ئاکامی بەرکەوتنی چەند تۆپێکدا 200 هاووڵاتی گیان لەدەستدەدەن و نزیکەی 100 هاووڵاتیش برینداردەبن، تا ئێستاش نەتوانراوە مۆنۆمێنتێک بۆ ڕووداوەکە درووست بکرێت و قوربانیەکان بکرێنە قوربانی جینۆساید.

ئەحمەد سیروان شایەتحاڵی بۆردومانی بینا سوتاوەکەی ناحیەی سیروانە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ناوچەی هەورامان ڕاگواسترابوو بۆ ئەم ناوچە لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان هاتنە ناو ئەم بینایە، لە ڕووداوەکەدا 180 کەس لە یەکەم ڕۆژدا گیانیان لەدەستدا و هەموویان هاواریان دەکرد و دەسووتان."

هێمن حەمەحسێن بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "چەند ساڵێکە بڕیاری دروستکردنی مۆنۆمێنت بۆ بینا سوتاوەکە درابوو بەڵام جێبەجێ نەکراوە ، ئەو گەڕەکەی کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە هیچ خزمەتگوزاریەکی نیە، وای لێهاتووە کەسوکاری قوربانیەکان نایەن لەگەڵمان بۆ ساڵیاد کردنەوەکان."

کامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بڕیارە دروست کردنی مۆنۆمێنتەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، سەبارەت بە هەژمارکردنی قوربانیەکانیش بە قوربانی جینۆساید ئەوە پێویستە یاسایەکی تایبەتیان بۆ دەربکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خوێدنەوەی گەورەیی ڕووداوەکە بڕیاربدات."

لەگەڵ بۆردوومانکردنی بیناسوتاوەکەی ناحیەی سیرواندا لە ساڵی 1986، 200 هاووڵاتی کە منداڵ و ژن و پیاویان تێدا بوو دەبنە قوربانی و نزیکەی 100 هاووڵاتی دیکەش بریندار دەبن، کە بەشێکیان ئێستاش بەدەست لێکەوتەکانی تاوانەکەوە دەناڵێنن، ساڵانە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ساڵیادی قوربانیەکان دەکاتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:01 0:00

XS
SM
MD
LG