Accessibility links

ئەردۆغان و پوتن بۆ دووەمجار لە ماوەی مانگێکدا لە هاوینەهەواری سووچی کۆدەبنەوە


بڕیارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە هاوینەهەواری سووچی سەر دەریای ڕەش چاوی بە ڤلادیمێر پوتن هاوتا ڕووسییەکەی بکەوێت. ڕێککەوتنێک کە تازە ئەنجامدراوە سەبارەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی ڕووسیا بۆ هێرشی نوێی تورکیا لە دژی هێزە کوردییەکانی سوریا لە بەرنامەی کاردا دەبێت.

كۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن هاوتا ڕووسییەكەی لە هاوینەهەواری سووچی لە دەریای ڕەش، کۆبوونەوەی دووەمجاری هەردوو سەرۆک دەبێت لە ماوەی مانگێكدا.

کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە یەکەم کەشتی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، دەریای ڕەشی بەجێهێشت بەپێی گرێبەستێکی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ کە لەلایەن تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدرا.

شرۆڤەکار ئیلهان ئوزگێل لە پۆرتاڵی هەواڵی دوڤار ڕایگەیاند، سەرکەوتنی ئەردۆغان لە نێوەندگیری ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوەی سووچی پەیامێکی بەهێز دەنێرێت بۆ هاوپەیمانەکان ڕۆژئاوای تورکیا سەبارەت بە ڕێبەری تورکیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی وێنەی کێشە سازیەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا. کە تا ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدایە نیشانی بدات کە دەتوانێت لەگەڵ پوتن مامەڵە بکات، ئەمەش بە ئەمەریکا و بەڕێوەبەرایەتی بایدن نیشان دەدات کە پوتن هاوپەیمانێکی نزیک و دۆستی ئەردۆغانە. دەتوانێت مانگانە دووجار چاوی بە پوتن بکەوێت."

زاور گاسیمۆڤ، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی بۆن و پسپۆڕی پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا ڕایگەیاند، لەگەڵ پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی هاوسەنگی ئەنقەرە بۆ ململانێی ئۆکرانیا، ڕێککەوتنی دانەوێڵە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا زیاتر قووڵتر دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد “پەیوەندییەکانی ئێستای ڕووسیا و تورکیا پەیوەندییەکی دیاریکراوی لەگەڵ شەڕی ئێستای ئۆکرانیادا هەیە. هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لاپەڕەیەکی نوێیە بۆ ناوچەکە و تورکیا وەک ناوەندێک ڕۆڵێکی تاڕادەیەک بەرچاو دەگێڕێت.

شرۆڤەکار ئوزگێل ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەردۆغان هیوادارە کۆبوونەوەی سووچی یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی لەگەڵ پوتن لەسەر سوریا. سەرۆکی تورکیا لە هەوڵی دەستپێکردنی هێرشێکی گەورەیە بۆ سەر هێزە کوردییەکانی سوریا.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێشتر دوو هەفتە لەمەوبەر لە تاران کۆبوونەتەوە. وا دیارە ئەردۆغان نەیتوانیووە ئەوەی ویستبووی لە پوین بەدەستی بهێنێت. مۆڵەتی لەشکرکێشی تورکیا بۆ باکوری سوریا، کە بە ئاشکرا ناوی دوو شوێنی تل رەفعەت و مەنبەجی هێناوە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە دوای ئەگەری ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لەو شێوەیەدا دەگەڕێت بۆ باکوری سوریا."

ئەنقەرە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی پێویستی بە هاوکاریی مۆسکۆ هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕووسیا کۆنترۆڵی ئاسمانی سوریا دەکات.

شرۆڤەکار گاسیمۆڤ گوتی پوتن ئاگادارە لە پەرەسەندنی بوونی سەربازی تورکیا لە سوریا بەڵام دەڵێت ئەو دوو سەرکردە لە بەڕێوەبردنی ناکۆکیەکاندا ئەزموونیان هەیە.

XS
SM
MD
LG