Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە مەترسیدارترین ساتەوەخت بۆ ئەوروپا ناودەبات


سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند، شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا مەترسیدارترین ساتەوەختە بۆ ئەوروپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە و نابێت ڕێگە بە ڕووسیا بدرێت لەو شەڕەی هەڵیگرساندووە سەرکەوتوو بێت. ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی مۆسکۆ سەرکەوتوو نەبێت، ڕەنگە ناتۆ و وڵاتانی ئەندامی ناچاربن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە داهاتوودا بە چەک و هاوکارییەکانی دیکە بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا .

یەنس ستۆڵتنبێرگ لە وتارێکدا لە نەرویجەوە گوتی" لە بەرژەوەندی ئێمەیە کە نەهێڵێن ئەم جۆرە سیاسەتە شەڕانگێزانەیە سەرکەوتوو نەبێت."

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەشکرد ئەوەی کە مۆسکۆ بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" ناوی دەبات، هێرشێکە بۆ سەر سیستەمی جیهانی ئێستا، گوتیشی هاوپەیمانییەکە ناچارە ڕێگری بکات لە تەشەنەسەندنی شەڕەکە و ئەمە مەترسیدارترین دۆخە لە ئەوروپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە."

ستۆڵتنبێرگ گوتیشی ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن تەنانەت بیر لەوە بکاتەوە کە شتێکی هاوشێوە بەرامبەر وڵاتێکی ناتۆ بکات وەک چۆن بەرامبەر جۆرجیا، مۆڵدۆڤا یان ئۆکرانیا کردوویەتی، ئەوا دەستبەجێ هەموو ناتۆ بەشدار دەبێت.


XS
SM
MD
LG