Accessibility links

ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و بەربەستە سیاسی و یاسایی و ئیدارییەکانی بەردەمی


لە کاتێکدا موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکات، بەڵام دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن لە عێراق بەربەستی یاسایی گەورەی لەبەردەمدایە، بەو پێیەی ئەنجامدانەوەی پرۆسەکە، پێویستی بە کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ یە، کە سەدر ڕێگری لێدەکات.

ڕۆژی چوارشەممە، موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر وێڕای ڕەتکردنەوەی دانوستان و گفتووگۆ، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی کرد، هەریەک لە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح و حەیدەر عەبادی پشتگیری داواکارییەکەی سەدریان کرد، بەڵام بەشێکی تر لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ نەرمی نواندن دا نین بۆ سەدر.

ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن پێویستی بە کۆبوونەوەی پەرلەمان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەیە، لە کاتێکدا لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بینای پەرلەمانی عێراقییان کۆنترۆڵکردووە، ئەمە یەکێکە لەو بەربەرستە یاساییانەی لەبەردەم ئەنجامدانەوەی پرۆسەکەدا هەیە.

سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی پێیوایە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە عێراق ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە، وەکئەو دەڵێت"هیچ میکانیزێک لەبەردەست نیە بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، دەبێت پەرلەمان کۆببێتەوە و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، لەکاتێکدا سەدر نایەوێت پەرلەمان دابنیشێت."

جەختیشیکردەوە"بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن بکرێت، هەر پەرلەمان دەتوانێت ئەمە بکات، بۆیە ئەوەی سەدر داوایدەکات بەربەرستی سیاسی و یاسایی و ئیداری زۆری لە پێشە، ڕوون نیە سەدر خۆی دەیەوێت بەربەست دروست بکات و یاری بکات بۆ دانوستان، یاخود بەرچاوی ڕوون نیە."

خواستی سەدر بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە، ڕەوتەکەی خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بوو، بەڵام دوای شکستهێنانی لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، تەواوی پەرلەمانتارەکانی لە پەرلەمانی عێراق کێشایەوە و پەنای بردە بەر جوڵاندنی شەقام و ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

زۆربەی چاودێران پێیانوایە، ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی قوتار ناکات، بەو پێیەی هەرلایەک بە دۆڕاوی لە پرۆسەکە دەربچێت، ئەنجامەکەی قەبوڵ ناکات، یاخود ڕەنگە ئەنجامەکان نزیک بن لە ئەنجامی ئێستاوە و جارێکی تر عێراق دووچاری چەقبەستوویی ببێتەوە.

کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە عێراق ئاسان نییە، چونکە تازە هەڵبژاردن کراوە و قورسە خەڵک بگەرێتەوە سەر سندوقی دەنگدان، هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت ڕەنگە هەمان ئەنجامی هەبێت، ئینجا هەڵبژاردن پێویستی بە پەرلەمان هەیە، تا گۆڕانکاری لەیاساکان بکرێت، پێویستی بە حکومەت هەیە تا بودجەی بۆ تەرخان بکات."

بەکشانەوەی لە پەرلەمانی عێراق، سەدر گۆڕەپانەکەی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی جێهێشت کە لە لایەنە شیعەکانی ڕکابەری پێکهاتوون، بەڵام کاتێک ئەوان محەمەد شەیاع سودانییان کاندید کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەدر لە ڕێگەی جوڵاندنی شەقامەوە یارییەکەی لێ تێکدان.

کەریم شکور گوتی"چوارچێوەی هەماهەنگی کێ پێشنیاردەکات بۆ سەرۆکی حکومەت، سەدر ڕەتیدەکاتەوە، بۆیە دوور نیە دۆخەکە جارێکی تر لەبەرژەوەندی کازمی بێت."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، داواکاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەلایەن سەدرەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەمە وەفدێکی ئێرانی سەردانیانکردووە، هەر دوای سەردانی وەفدە ئێرانییەکە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیش کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێک کە لەلایەن بارەگای بارزانییەوە بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی کراوە، جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکانیش کراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"کۆبوونەوە کوت و پڕەکەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی دوای هاتنی وەفدە ئێرانییەکە، ڕەنگە گۆڕانکاری لە ئارادا بێت."

سەرچاوەکە گوتیشی"بۆچوونێک دروستبووە لە نێو شیعەکان دا، بێ ڕەزامەندی سەدر حکومەت پێکبهێنرێت، ئەمە گەر ڕووبدات، جارێکی تر دۆخی عێراق ئاڵۆز دەبێتەوە."


XS
SM
MD
LG