Accessibility links

ئۆکرانیا : بە هۆی هێرشێکی ڕووسیا خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی هەناردەکردنی دانەوێڵە کوژرا


فەرمانڕەوایەکی خۆجێی ئۆکرانیا رایگەیاند؛ هێرشە قورسەکانی رووسیا لە شەو و بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەدا شارە کەناراوییەکەی میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیای گرتۆتەوە و خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئەو وڵاتە کوژرا.

ڤیتالی کیم پارێزگاری میکۆلایڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام رایگەیاندووە، ئۆلێکسی ڤاداتورسکی، دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای نیبولۆن Nibulon و هاوسەرەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژراون.

بارەگا سەرەکییەکەی کۆمپانیای نیبولۆن لە میکۆلایڤە، کە شارێکی گرنگی ستراتیژییە و هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەی خێرسۆن کە لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە، کۆمپانیاکە پسپۆڕە لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گەنم و جۆ و گەنمەشامی، هەروەها خاوەنی بەلەم و کارگەی کەشتیوانی تایبەتی خۆیەتی.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی مردنی ڤاداتورسکی بە "زیانێکی گەورە بۆ هەموو ئۆکرانیا" وەسف کرد. لە بەیاننامەیەکدا ڕایەگەیاند بازرگانەکە لە پرۆسەی بنیاتنانی بازاڕێکی مۆدێرن بووە بۆ دانەوێڵە کە تۆڕێکی ویستگەکان و گواستنەوەی دانەوێڵە و بارکردنی تیادا بوو.

ئۆلیکساندر سێنکێڤیچ، سەرۆکی شارەوانی شارەکە بە تەلەفزیۆنی ئۆکرانیای راگەیاندووە؛ لە هێرشەکانی سەر میکۆلایڤ، سێ کەسیش برینداربوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، 12 مووشەک بەر ماڵ و دامەزراوە پەروەردەییەکان کەوتووە. پێشتر هێرشی موشەکی کراوەتە سەر ئەو شارە بەڵام ئەو ئەو هێرشەی وا ناودێر کرد کە پێدەچێت بەهێزترین هێرشی موشەکی بۆ سەر شارەکە بووبێت لە تەواوی شەڕی ئەم 5 مانگەدا.

ڤالێنتین رێزنیچێنکۆ، پارێزگاری دنیپرۆپترۆڤسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام نووسیویەتی" بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە تا 50 موشەکی گراد ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە شارێکی دیکەی باشوور بەناوی نیکۆپۆل کەوتونەتە خوارەوە و کەسێک بریندار بووە."

میخائیل ڕەزڤۆژایێڤ، پارێزگاری شاری کەناراوی کریمیا بە میدیاکانی ڕووسیای ڕاگەیاندووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی ئۆکرانیا بارەگای کەشتیەکانی دەریای ڕەشی ڕووسیایان لە سیڤاستۆپۆلی ژێردەستی ڕووسیا بۆردومان کردووە و وتیشی لە هێرشەکەدا پێنج کارمەند بریندار بوون. لەکاتێکدا ئەوەی گریمانە دەکرا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆردومانی ئەو بارەگایە کرا بێت.

پوتین لە 24ی مانگی دووی ئەمساڵدا دەیان هەزار سەربازی ڕەوانەی سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا کرد، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانێک کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و بارگرژییەکی سەخت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا.

هەروەها بۆتەهۆی گەورەترین قەیران لە ئەوروپادا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کە قەیرانی وزە و خۆراکی وروژاندووە کە ئابووری جیهانی هێناوەتە لەرزە. لەکاتێکدا ئۆکرانیا و ڕووسیا پێشەنگی دابینکردنی گەنم و دانەوێڵەن بۆ جیهان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG