Accessibility links

مەحمود عوسمان: هەڵەی گەورە لە عێراقدا ئەوەبوو ڕێگە نەدرا سەدڕیەکان حکومەت پێکبهێنن


د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

لە دوای چاوەڕوانیەکی زۆر بۆ پێکهێنانی حکومەت، لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیانی عێراق پێیان وابوو حکومەت پێد دێت و عێراق بەرەو هەنگاوی ئارامی و خاو بونەوەی گرژی نێوان لایەنە سیاسیەکان هەنگاو دەنێت، بەڵام هەڵکوتانە سەر بینای پەرلەمان و دەست پێکردنەوەی لایەنگرانی سەدڕ هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە، عێراق لە ئێستادا بە قۆناغی ململانێیەکی سەختی ناوخۆییدا تێدەپەڕێت بە جۆرێک ئەگەری پێکدادان و شەڕی ناوخۆیی یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان لەبەردەم لایەنە شیعەکاندا.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی پێی وایە بۆ ڕێگە گرتن لەم دۆخەی ئێستا عێراق پیایدا تێپەڕ دەبێت دەبوو لە سەرەتاوە ڕێگە بە سەدر و هاوپەیمانەکانی بدەن حکومەت پێکبهێنن.

دەڵێت " هەڵەی ئەساسی ئەوەیە پاش هەڵبژاردن، دەبوو ڕێگە بدەن سەدڕیەکان لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە لەگەڵیان ڕێک بوون حکومەت دروستبکەن، چونکە سەدڕیەکان کوتلەی گەورە بوون خاوەنی ٧٣ کورسی پەرلەمان بوون، هیچ وەختێک نەبووە، نەبوون بە سەرۆک وەزیر و پۆستیان نەبووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر ڕێگەی نەدا، ئێرانیش پشتگیری لایەنی بەرامبەری سەدڕیەکانی کرد، بۆیە لە پەرلەمان کشایەوە، کشانەوەکەش بۆ ئەوە نەبوو لایەنەکانی تر بەبێ سەدڕ حکومەت پێکبهێنن، بەڵکو بۆ دژ وەستانەوەی لایەنەکانی تر بوو."

"ئەگەر مەرجەعیەتی شیعەکان تەدەخوول نەکەن ڕەنگە پێکدادن دروست ببێت"

دکتۆر مەحمود پێی وایە ئەوەی ئێستا هەیە لە جیاوازی و خیلاف چۆتە دەرەوە بەڵکو گۆڕاوە بۆ دوژمنایەتی نێوان شیعەکان.

" ئەگەر کەس تەدەخول نەکات و بەمشێوەیە بمێنێتەوە ڕەنگە پێکدادنی تێدا ببێت، چونکە زۆر دوژمنی یەکن و بوونەتە دوژمنی یەک، ناتوانی بڵێی خیلافات هەیە بەڵکو دوژمنایەتی هەیە، ناتوانیت بڵێی ڕایان جیاوازە، یەکتر تاوانبار ئەکەن بە گەندەڵی، وەزعی عێراق لە ئێستادا زۆر خراپە، ململانێکان سیمای سیاسی بوونیان پێوە دیار نیە."

سەبارەت بە گۆڕانی دۆخی عیراق لە ململانێ و خۆپیشاندانەوە بۆ دۆخی شەڕ و پێکدادان دکتۆر محمود دەڵێت: پێدەچێت پێکدادان دروست ببێت بەڵام شەڕی گەورە دروست نابێت، چونکە شیعەکان نایانەوێت دەسەڵاتیان لەدەست بچێت.

" مومکینە هەندێک پێکدادن دروست ببێت بەڵام نابێتە شەڕی گەورە، هەموان مەترسیەکە هەست پێدەکەن، شیعەکان نایانەوێ حوکمی عێراقیان لەدەست بچێ، چونکە ماوەیەکی زۆرە کە عیراق دروستبووە حوکمیان بەدەستەوە نەبووە، ئێستا کە حوکمیان بەدەستە، لەدەستی خۆیانی نادەن، بۆیە لە ئەنجامدا زۆربەیان دژی پێکدادن و شەڕن، ڕەنگە شتی بچوک ڕوبدات."

ئەو پێی وایە بێ ئەزمونی سیاسیەکانی عێراق و نەزانیان هۆکارە بۆ دروستبوونی ناکۆکی قوڵ لە عیراقدا، ئەگەر لایەنە سیاسیەکان لە ناو خۆیاندا کۆک بن، وڵاتانی دەرەکی و ناوچەیی ناتوانن دەست تێوەردان بکەن.

" هیچ شەڕی دەرەوە نیە سیاسیەکان خۆیان بێکەڵکن، نە شارەزاو نەزانن کەڵکی ئیدارەی وڵاتیان نیە، هیچ پەیوەندی بە لایەنی دەرەکی نیە، ئەگەر بڵێین پەیوەندی بەدەرەوە هەیە، واتە سیاسیەکانی عێراق خەتایان نیە، بەڵام خەتاکە هەمووی هی خۆیانە، وەک کورد، کە لایەنەکان دژی یەکن، لە کاتێکا کورد دژی یەکن چ پەیوەندی بەدەرەوە هەیە، ئەگەر بیانەوێ ڕێکەون کەس ڕێگر نیە لەبەردەمیان، هیچ کەس ڕێگر نیە لە ڕێکەوتنیان، بەڵام کە ئەوان لە ناوخۆدا دژی یەکتر دەوەستنەوە وڵاتانی دەرەوەش، بە پێی بەرژەوەندی خۆیان سوود لەو ناکۆکیە دەبینن."

دکتۆر مەحمود پێی وایە عێراق لە دوای ڕژێمی سەدام بە هۆی ناکۆکیانەوە نەیانتوانیوە بینای دەوڵەت بکات ئەوەی هەیە لە عێراقدا، نە دەوڵەت و نە دامەزراوەکان بوونی نیە بێجگە لە دەسەڵات کە بەدورن لە بینای دەوڵەت.

" بەڵی بێگومان دەوڵەت ووجودی نیە تا ئێستا لە عێراقدا، دەوڵەت دانەمەزراوە، دەزگاکان هیچ نین، هەر حسابیشیان بۆ ناکەن، ئەوە بینیتان ئەوە پەرلەمانە، وەزعی چۆنە ڕەئیسی ویزەراو ئەوان هیچ نین، هیچ دەورێکیان نیە و هێزەکان هیچ نین، تەسەوڕ ناکەی لە عیراق حکومەتێک یان دەوڵەتێک هەیە، لەبەر ئەوە ئەو هەموو گۆڕانکاریە ڕودەدات نە سەرۆک پەرلەمان و نە هیچ کەسێک دەوریان نیە، لە دوای ڕژێمی سەدامەوە چونکە هێزەکان ناکۆک بوون بۆیە نەیانتوانیوە بینای دەوڵەت بکەن."

ئاڵۆزی دۆخی عێراق هەموو ئەگەرەکان بە کراوەیی دەهێڵیتەوە، چاودێران پێیان وایە پێک هێنانی حکومەت ئەگەرێکی قورسە وچارەسەریش لە دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنێکی تردا دەبیننەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:42 0:00

XS
SM
MD
LG