Accessibility links

هەفتە بازاڕێکی گەورەی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی هەمیشەیی بۆ جوتیارانی هەڵەبجە دەکرێتەوە


بڕیارە ڕۆژی شەممە هەفتە بازاڕێکی کشتوکاڵی لەلایەن هەردوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی "کۆچ و ڕێکخراوی جی ئای زێدی ئەڵمانی" بە هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی بۆ جوتیارانی هەڵەبجە بکرێتەوە، کە جوتیاران دەتوانن هەفتانە دوو ڕۆژ بەبێ بەرامبەر و لە چوارچێوەی 100 دوکاندا بەرهەمەکانی خۆیان لە هەفتە بازاڕەکە ساغبکەنەوە.

بە پاڵپشتی دارایی هەریەک لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و ڕێکخراوی جی ئای زێدی ئەڵمانی لە دوای ئامادەکردنی شوێنێک بۆ جوتیاران بە ئامانجی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بە چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و بە دروشمی "هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی دەرفەتێکە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی" بڕیارە ڕۆژی شەممە هەفتە بازاڕێکی گەورەی کشتوکاڵی بکرێتەوە کە هەفتەی دوو ڕۆژ جوتیاران دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیانی تێدا ساغبکەنەوە.

فریاد نەجمەدین بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " پڕۆژەی دروستکردنی هەفتە بازاڕی هەڵەبجە مەبەست لێی ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی جوتیارەکانە بە دوو قۆناغ و بە پشتیوانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دروست کراوە، ڕێکخراوی جی ئای زێد بە گوژمەی 75 ملیۆن دینار بەشەکانی دروستکردوو و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش بە گوژمەی 43 هەزار و 631 دۆلار کەپرێکی گەورەیان بۆ هەفتە بازاڕەکە دروستکرد کە لە هەموو وەزرەکاندا سودی لێ وەردەگیرێت."

سەعدی غەفور لێپسراوی بەشی ڕێنمایی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ڕۆژی شەممە هەفتە بازاڕەکە دەکرێتەوە و ئامانجی لێی گەڕانەوەی بەهایە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و ئێمە دەزانین کە گرفتی گەورەی جوتیاران نەبوونی بازاڕە، لەم ڕێگەیەوە دەتوانین هەفتانە دوو ڕۆژ بێ بەرامبەر 100 دوکان بدەینە جوتیاران تا بەرهەمەکانیان ساغبکەنەوە."

هەفتە بازاڕەکە پێکهاتووە لە 100 دوکان و هەموو خزمەتگوزاریەکانی بۆ دابین کراوە، دەکەوێتەوە دەروازەی هاتنە ناوەوەی هەڵەبجەوە، لە ڕێگەی سێکتەر و کۆمپانیا گەشتیاریەکانیشەوە کار لەسەر هێنانی گەشتیاران بۆ هەفتە بازاڕەکە دەکەن، لەسەر خواستی جوتیاران ڕۆژانی هەینی و شەممە کراوە دەبێت .

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:13 0:00

XS
SM
MD
LG