Accessibility links

وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی لەسێدارەدانی چالاکوانانی میانمار دەکەن


حکومەتی سەربازیی میانمار ڕۆژی دووشەممە لە سێدارەدانی پەرلەمانتارێکی پێشووی میانمار و سێ زیندانی سیاسی دیکەی پشتڕاست کردەوە.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە داوای ڕاگرتنی توندوتیژی و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی دیکەی کرد و هەروەها بەڵێنیدا لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی کار بۆ لێپرسینەوە لە فەرمانڕەوا سەربازییەکانی میانمار بکات.

لە سێدراەدراوان لە مانگی یەک و مانگی چواردا لە دادگاییکردنێکی نهێنیدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو. ئەوان تۆمەتبارکرابوون بە یارمەتیدانی بزووتنەوەی خۆڕاگری مەدەنی کە لە دوای کودەتاکەی ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتە و سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان، لەگەڵ حکومەتی سەربازی میانمار لەشەڕدا بوون.

حکومەتی یەکێتی نیشتمانی (NUG) کە سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ بەرنگاربوونەوەی حوکمڕانی سەربازی لە میانماردا، رایگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی جیهان بێ دەنگ نەبن و کاردانەوەیان هەبێت.

میشێڵ باچێلێت، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسێدارەدانەکانی بە "هەنگاوێکی دڕندانە و دواکەوتووانە" ناوبرد.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی لەسێدارەدانەکانی شەرمەزار کرد و دووبارە داوای ئازادکردنی هەموو ئەو زیندانیانەی کرد کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکیانە دەستبەسەر کراون، لەنێویاندا داوای ئازادکردنی ئون سان سو چی کرد کە لە دوای کودتا سەربازییەکەی ساڵی ٢٠٢١ی میانمار لەلایەن ھێزە کودەتاچییەکانەوە دەستگیر کراوە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، یەکێتی ئەوروپا، ئوسترالیا، کەنەدا، ژاپۆن، نیوزلەندا، نەرویج، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەمەریکا لە سیدارەدانەکانیان وەک کردەوەیەکی توندوتیژانەی قیزەوەن ناودێر کرد.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە هەموو لایەنەکانی میانمار کرد کە ناکۆکییەکانیان بە پشت بەستن بە دەستووری ئەو وڵاتە چارەسەر بکەن.

لە ماوەی پەنجاە ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەم جارە لە میانمار سزای لە سێدارەدان سەرەڕای ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییە بەرفراوانەکان ئەنجامدراوە.

فیو زیا تاو، پەرلەمانتاری پارتی یەکێتی نیشتمانی بۆ دیموکراسی بە رێبەرایەتی ئون سان سو چی یەکێک لەو کەسانەیە کە لەسێدارە دراوە. ناوبراو لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بە تۆمەتی هەڵگرتنی تەقەمەنی و بۆمب و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر لەلایەن دادگای سەربازییەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

هاوسەری تاو بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندووە کە پێویستە سوپای میانمار بەو هۆیەوە بەرپرسیار بکرێت.
کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە سێدارەدانەکان سەرکۆنە کردوە و دەڵێن لەسێدارەدانەکان زیاتر بە مەبەستی سیاسی ئەنجامدراون.

هەر لەم پەیوەندییەدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند هیچ وڵاتێک بە ئەندازەی چین ناتوانێت کاریگەری لەسەر حکومەتی سەربازی میانمار هەبێت و داواشی لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد فرۆشتنی چەک بەو حکومەتە قەدەغە بکەن.

دوای لێدوانەکانی نید پرایس ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئەو پرسیارەی وروژاند کە ئایا لە سێدارەدانەکان لە میانمار لە کۆتاییدا ئوسترالیا ناچار دەکات رێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر یان نا؟

ئەم ئاژانسە هەواڵییە نووسیویەتی کە ئوسترالیا تاکە وڵاتە لە نێو وڵاتانی رۆژئاوادا کە تاکو ئێستا گەماڕۆی نەخستوەتە سەر سەرۆکی سەربازی میانمار.
هەروەها لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک هەواڵی ناردنی چەک لە ئێرانەوە بۆ میانمار بڵاو بووەتەوە.

حکومەتی سەربازی میانمار بە شێوەیەکی سەرەکی چەکەکانی لە چین و ڕووسیا و هیندستانەوە دابین دەکات.

شارەزایانی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشتر لە راپۆرتێكدا بە ئاماژەدان بە دەرکردنی ١١٤ سزای لەسێدارەدان بۆ چالاکوانان لە دوای كودەتا سەربازییەكەی میانمارەوە تاکو ئیستا، هۆشدارییان دابوو كە ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاردانەوەیان نەبێت، رەنگە پرۆسەی لەسێدارەدانەکان لە میانمار پەرە بسێنێت.

XS
SM
MD
LG