Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پشتگیری دەکات بۆ چالاکوانانی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان


نوێنەری ئاژانسی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە پاشەکشەێی مافەکانی ژنان لەو وڵاتەدا "زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە" بۆ جیهان کە نیشانی دەدات چۆن دەتوانرێت لە چەند مانگێکدا پێشکەوتنی دەیان ساڵە لەناوببرێت.

ئەڵیسن دیڤیدیان جێگری نوێنەری ئاژانسی کاروباری ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان دەڵێت "لە هەر شوێنێکی جیهان چوونە دەرەوە لە ماڵ شتێکی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە، بەڵام بۆ زۆرێک لە ژنانی ئەفغانستان شتێکی نائاساییە و بەرەنگارییە."

دیڤیدیان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە ڕێگەی چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە کابول قسەی دەکرد.

وتەکانی ناوبراو لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 20 وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان کۆدەبنەوە. تاڵیبان ئامادەکاری دەکات بۆ تێپەڕاندنی ساڵێک بەسەر دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتدا دوای ڕووخانی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی کە لە مانگی 8 ی ساڵی ڕابردووەوە لەو وڵاتە هەڵاتووە.

لە دوای کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتەوە تاڵیبان لەو بەڵێنانەیان پاشگەزبوونەوە کە دابوویان سەبارەت بە سنووردار نەکردنی مافەکانی ژنان، کە تا دێت ڕێوشوێنی توند دەگرنە بەر دژی چۆنیەتی پۆشینی جلوبەرگی ژنان، لەسەر توانای ئەنجامدانی کار لە دەرەوەی ماڵ، مافی خوێندن، ئازادی هاتووچۆکردن یان بەشداریکردن لە بواری سیاسیدا.

دیڤیدیان گوتیشی "ئەم سنووردارکردنانە بەیەکەوە، توانای ژنان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، دەستڕاگەیشتن بە تەندروستی و پەروەردە، ڕزگاربوون لە بارودۆخی توندوتیژی و بەکارهێنانی مافەکانیان سنووردار دەکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو چاویان بە ژنانێکی زۆری ئەفغانی کەوتووە و پێیان گوتووە کە دەستبەرداری مافەکانیان نابن، هەروەها داوای لە وڵاتان کردووە کە پشتیوانی لە کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن و گروپەکانی مافەکانی ژنان لەو وڵاتە بەهێز بکەن.

دیڤیدیان جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری تەواوی ژنان لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا کلیلی یارمەتیدانی ئەو وڵاتەیە بۆ دەرچوون لەو قەیرانی دارایی و ئابوورییەی کە لە ئێستادا تێیکەوتووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە داتاکان پێشبینی دەکەن لە دەستدانی هەلی دامەزراندن لە ناو ژناندا دەتوانێت زیانی ئابووری تا یەک ملیار دۆلار بدات لە وڵاتەکە یان تا لە 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی بێبەش بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە لە کاتێکدا ئەفغانستان تاکە وڵات نییە لە جیهاندا کە پاشەکشێی بە مافی ژنان کردووە، بەڵام دۆخەکە "زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە."

دەشڵێت " ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوودەدات بانگەوازێکی ڕوونە بۆ هەمووان کە شەڕی مافی ژنان لە ئەفغانستان شەڕێکی جیهانییە، شەڕێکە بۆ مافی ژنان لە هەموو شوێنێک. "

دیڤیدیان گوتیشی هیواخوازە دۆخەکە باشتر بێت بەهۆی نەریتی بەهێزی داکۆکیکاران و چالاکوانانی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان بەهۆی پشتیوانی نێودەوڵەتی. ئەو پێی وایە دەتوانن پێشکەوتن لە شەڕکردن لە پێناو مافەکانیاندا بەدەست بهێنن.

XS
SM
MD
LG