Accessibility links

قەیس سعەید نزیکە لە ڕاگەیاندنی پەسەندکردنی دەستوورێک کە سیستمی سەرۆکایەتی لە تونسدا دەچەسپێنێت


سەرۆکی تونس قەیس سعەید ڕایگەیاند کە تونس پێی ناوەتە "قۆناغێکی نوێ"ەوە دوای پەسەندکردنی نزیکەی دڵنیایی دەستوور کە ڕۆژی دووشەممە لە ڕیفراندۆمێکدا پێشنیازی کرد، بە پێ دەستوورەکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک زیاتر دەبن، بەڵام نیگەرانی لە ئارادایە سەبارەت بە سیستەمی دیموکراسی.

لە وتارێکدا کە شەوانە لە ناوەندی تونس پێشکەشی لایەنگرانی کرد، سعەید گوتی "ئەوەی خەڵک کردیان وانەیەک بوو، تونسییەکان سەرکەوتوو بوون لە ئاڕاستەکردنی بەرەو جیهان." هەروەها گوتیشی "ئەمڕۆ ئەم قۆناغەمان بەرەو قۆناغێکی دیکە تێپەڕاند، لە قۆناغی نائومێدییەوە بەرەو قۆناغی هیوا و کارکردن، ئێمە بە پشتیوانی خەڵک و ئەو یاسایەی کە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ خزمەتکردنیان جێبەجێی دەکەین."

تونس کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری بۆتەوە بەهۆی کۆڤید-19 و بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاشەوە زیاتر تاویسەندووە، کە بۆ هاوردەکردنی گەنم پشتی پێ دەبەستێت، لە دوای ئەوەی سعەید لە ساڵی 2019 دا بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردرا، لە 25 ی مانگی 7 ی ساڵی 2021 دا دەستی بەسەر تەواوی دەسەڵاتدا گرت و جەمسەرگیرییەکی بەهێزی سازکرد.

لە كاتێكدا وا چاوەڕوان دەكرێت ئەنجامە بەراییەكان بەشێوەیەکی فەرمی لە سێشەممەی داهاتوودا ڕابگەیەنرێت، حەسەن ئەلزەركونی، بەڕێوەبەری پەیمانگای سیگما كۆنسیل بۆ ڕاپرسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "لە نێوان 92 بۆ 93%"ی دەنگدەران دەستوورە نوێکەی سەرۆكی تونس قەیس سعەیدیان پەسەند كردووە. بە پشتبەستن بە ڕای دەنگدەران کاتێک سندوقەکانی دەنگدانیان بەجێهێشتووە.

لەناو بایکۆتی لایەنە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەستوور کە ترسی ئەوە هەیە وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی تاکڕەو هاوشێوەی ئەو دەسەڵاتەی پێش ساڵی 2011 لە ئارادابوو، دیارترین ئاڵنگاری ڕێژەی بەشداریکردن بوو کە لە کۆی 9.3 ملیۆن کەس بە لایەنی کەمەوە گەیشتە 27.54% دەنگدەرانی تۆمارکراو. بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی سەربەخۆ لە دوایین هەڵبژاردنی یاسادانان کە لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، لە سەدا 32 ی دەنگدەران بەشدارییان کردبوو.

نزیکەی کاتژمێر یەک بە کاتی ناوەندی ئەمەریکا، سەرۆک کۆمار لە بەردەم جەماوەرەکەدا دەرکەوت و ئەوان هاواریان دەکرد و ئەویش گوتی "تونس پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە"، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژەی بەشداریکردن "دەکرا زیاتر بووایە ئەگەر پرۆسەی دەنگدانەکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئەنجام درابا."

دەستووری نوێی مشتومڕ لەسەر؛ دەسەڵاتێکی بەرفراوان بە سەرۆکی دەوڵەت دەدات، ئەمەش پێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانییە کە لە ساڵی 2014 ەوە لە ئارادایە.

لە دەستووردا هاتووە کە سەرۆک کۆمار بە هاوکاری سەرۆک وەزیرانێک دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەگرێتە ئەستۆ کە دەیکات و ئەگەر بیەوێت دەتوانێت لە کارەکەی دووری بخاتەوە، بەبێ ئەوەی پەرلەمان ڕۆڵی هەبێت لەم کارەدا.

هەروەها سەرۆك كۆمار كە فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانە، دەسەڵاتی دانانی سیاسەتی گشتی دەوڵەت و دیاریكردنی هەڵبژاردە بنەڕەتییەكانی هەیە و پرۆژە یاساییەكانیشی "ئەولەویەتیان هەیە بۆ ڕەچاوكردن" لەلایەن پەرلەمانتارانەوە.

ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوە ناحكومییەكان ئەو دەقە نوێیەیان سەرکۆنە كرد و ڕایانگەیاند، ئەو دەقە بە بەری سعەید پێوراوە و دەسەڵاتەکان کۆنترۆڵ دەکات و بەپێی ئەو دەستورە ناتوانرێت سەرۆكی وڵاتەکە لەسەر کار لاببرێت. لە بەرامبەردا ئەم دەستورە مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی نیشتمانی دەدات بە سەرۆک.

سەعید بنعەرەبییە بەڕێوەبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا لە کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی یاساناسان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دەستووری نوێ "نزیکەی هەموو دەسەڵاتەکان دەدات بە سەرۆک و هەموو ئەو سیستەم و دامەزراوانە دەسڕێتەوە کە چاودێرییان دەکرد."

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG