Accessibility links

نزیکەی 700 کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕزگاردەکرێن و 5 کۆچبەریش بە مردووی دەدۆزرێنەوە


لە بەیاننامەیەکی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا راگەیاندراوە کە نزیکەی 700 کۆچبەر لە کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا رزگارکراون، لە کاتێکدا تا دێت ژمارەی کۆچبەران لە زیاد بووندایە کە لە دەریای ناوەڕاستەوە سەرباری بارودۆخی نالەباری دەریاکە بۆ ئەوروپا دەپەڕنەوە.

زۆربەی ئەو 674 کۆچبەرە لەسەر بەلەمێکی ماسیگرتن دۆزراونەتەوە لە دووری 124 میل لە کەناراوەکانی کالابریای ئیتاڵیاوە. بەشێکی دیکەشیان لەناو ئاوەکەدا رزگارکراون.

هەڵمەتی گەڕان و رزگارکردن لەلایەن کەشتییەکی بازرگانی و پۆلیسی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتالیا ئەنجامدراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە کۆچبەران بۆ شارە کەناراوییەکانی سیسیلیا و کالابریا گوازتراونەتەوە. ئەو پێنج کەسەی کە گیانیان لەدەستداوە لە نەخۆشخانەی شاری مێسینا لە سیسیلیا هێنراونەتە مەیتخانەی نەخۆشخانەی شاری سیسیلیا.

داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا دەریدەخەن کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 34 هەزار پەنابەر و کۆچبەر گەیشتونەتە ئیتاڵیا، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 25 هەزار و 500 کەس بوون.

وڵاتانی دەریای ناوەڕاست لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی کۆچبەران بۆ ئەوروپا پێشبینی دەکەن ئەمساڵ زیاتر لە 150 هەزار کۆچبەر بگاتە ئەورووپا، چونکە کەمیی خۆراک بەهۆی ململانێی ئۆکرانیا هەڕەشە لە شەپۆلێکی نوێی کۆچکردن دەکات لە ئافریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە کەشتی ئۆشن ڤایکینگ کە ئاڵای نەرویجی لەسەرە، بەلەمێکی لاستیکیی زۆر قەرەباڵغی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی کەناراوەکانی لیبیا بینیوە، و 87 کەسی رزگارکردووە کە 57 کەسیان منداڵ و نەوجەوان بوون و هاکات بێ یاوەر بوون.

بەجیا ڕۆژی شەممە کەشتی گەڕان و ڕزگارکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ئەڵمانی Sea-Watch زیاتر لە 400 کۆچبەریان ڕزگار کردووە کە چەند منداڵێکی بچووک و دوو ژنی دووگیان بوون، کە بە چوار بەلەمی قەرەباڵغ گەشتیان دەکرد. بەپێی ئاماری Sea-Watch یەختەکان و کەمی باو باهۆزی دەریا یارمەتیدەر بوون بۆ هاتنی کۆچبەران بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا.

لە شاری لامپێدوسا لە شەوی ڕابردووەوە زیاتر لە 400 کۆچبەر گەینراونەتە ئەوێ، دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە 350 کەسی دیکە لە کەشتییەکەدا هاتنە خوارەوە، ئەمەش ئاڵنگاریی دروستکردووە بۆ ناوەندی پێشوازی کۆچبەران لە دوورگەکەدا کە ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار کۆچبەر بۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG